قوتابیانی 12ـی ئامادەیی ڕێنماییەكانی "بەخشینی نمرە" دەیانگرێتەوە

هەولێر-KDP.info- هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیێنن، ئەو قوتابی و خوێندكارانەی پۆلی (دوانزە)ـی ئامادەیی لقەكانی (زانستی و وێژەیی) كە وەك یەكەم ساڵ بەشداریی تاقیكردنەوەكانی ساڵی خوێندنی (2013 ـ 2014)ـی زایینییان كردبوو و، دەرنەچووبوون و ئەمساڵی پاش بەشداریكردنەوە دەرچوون، بۆ ئەمساڵ ڕێنماییەكانی (بەخشینی نمرە) دەیانگرێتەوە.
هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ناردووە، ئاماژەیان داوە كە، ئەو قوتابی و خوێندكارانەی پۆلی (دوانزە)ـی ئامادەیی لقەكانی (زانستی و وێژەیی) كە وەك یەكەم ساڵ بەشداریی تاقیكردنەوەكانی ساڵی خوێندنی (2013 ـ 2014)ـی زایینییان كردبوو و دەرنەچووبوون و ئەمساڵی پاش بەشداریكردنەوە دەرچوون، لە ڕۆشنایی بڕیاری هەردوو (وەزارەتی پەروەردە) و (وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) كە ساڵی خوێندنی (2013، 2014) بە ساڵی نەكەوتن (عدم رسوب) هەژمار كراوە، بۆیە بەپێی خاڵی (سێیەم)ـی رێبەری قوتابی/ خوێندكارانی ساڵی (2014 ـ، 2015)، دەرچووانی هەردوو لقەكە بۆ ئەمساڵ ڕێنماییەكانی (بەخشینی نمرە) دەیانگرێتەوە.
ئومێد بابان




