٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەیات پەرخی: ئەو چەكانەی پەرلەمان داوای كردوون، بۆ پڕچەككردنی پێشمەرگە پێویستترن

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  (حەیات پەرخی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی زەرد دەڵێت، رەتكردنەوەی ئەم چەكانە لە م كاتەدا موزایەدە نییە، بەڵكە هەستكردنە بە بەرپڕسیارەتی. ئاماژەیش دەدات، لە جیاتی ئەوەی ئەم چەكانە بۆ پەرلەمان دابین بكرێن، پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستانی پێ پڕچەك بكرێت.

(حەیات مەجید پەرخی) ئەندامی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ KDP.info دەڵێت، "مەترسیی ئەمنی لەسەر ئاستی ناوخۆیی نییە، بەڵكە لەسەر ئاستی سنوورەكانە، پێشمەرگەی كوردستانیش ئازایانە و بەرپرسیارانە ئەو ئەركەیان لە ئەستۆ گرتووە و هەموو لایەكمان دەپارێزن".

(پەرخی) گوتیشی، "ئەگەر هەر مەترسییەك لەسەر ئاستی ناوخۆ یان كەسی هەبێت، ئەركی هێزەكانی ئاساییش و ناوخۆیە دڵنیاییمان بدەنێ، نەوەك دەمانچە و كڵاشینكۆف، ئەم دوو هێزەیش شارەزایانە بەرپرسیارەتییەكەیان جێبەجێ كردووە".

(حەیات مەجید) دەشڵێت، "پێویستە پاسەوانی پەرلەمانتاران چەك و فیشەك و هۆكارەكانی پاسەوانییان هەبێت، بەڵام حاڵی حازر دابینكردنی ئەم پێویستیانە بۆ پێشمەرگە گرینگتر و لەپێشترە".

ئەو ئەندامەی فڕاكسیۆنی زەرد باسی لەوەیش كرد، رەتكردنەوەی ئەم چەكانە لە م كاتەدا موزایەدە نییە، بەڵكە هەستكردنە بە بەرپرسیارەتی و لەجیاتی ئەوەی ئەم چەكانە بۆ پەرلەمان دابین بكرێن، پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستانی پێ پڕچەك بكرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار