٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەشتیارێكی زۆر روویان لە سۆران كردووە.. كەشێكی ئارامیان بۆ ڕەخساوە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- لایەنە پەیوەندیدارەكانی سۆران دەڵێن، بۆ جەژنی رەمەزانی پیرۆز پلانێكی زۆر توكمە دانراوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆرانیش ئاماژە دەدات، پێش هاتنی جەژنی رەمەزان شوێنە گەشتوگوزارییەكانی سۆران پڕ بوون لە گەشتیار.

(بارزان محەممەد) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا هەر وەك جەژنەكانی دیكە، لە ئامادەكاریی تەواوداین، لە ڕێگەی لیژنەكانمانەوە كە بەسەر شوێنە گەشتوگوزارییەكاندا دابەش كراون، بەردەوام بەدواداچوون بۆ شوێنە گەشتوگوزارییەكان دەكەین".

( بارزان) گوتیشی: "بەپێی پێشبینییەكانی ئێمە، ژمارەی گەشتیاران بۆ دەڤەری سۆران روو لە زیادبوون دەكات، چونكە هەر ئێستا گەشتیارێكی زۆر هاتووە و رۆژانەیش ئەو ژمارەیە روو لە بەرزبوونەوەیە، ئەمەیش جێگەی خۆشحاڵییە كە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە گەشتیاران روویان لە هاوینەهەوارەكانی دەڤەری سۆران كردووە".

ئەو زیاتر دەڵێ، هەماهەنگییەكی زۆر باش لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەڤەری سۆران هەیە، رۆژانە هەموویان ئەركی سەرشانیان ئەنجام دەدەن بۆ دابینكردنی كەشێكی ئارام بۆ گەشتیاران.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ئاماژەیشی دا، دەڤەری سۆران لە یەك شەودا توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 3 هەزار گەشتیاری هەیە، بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆرتر گەشتیار بێنە ناوچەكە، لە رۆژانی جەژندا نانەواخانەكان و گۆشتفرۆشەكان كراوە دەبن و لە خزمەتی گەشتیاراندا دەبن.


لە لایەكی دیكەوە (عەقید عوسمان محەممەد) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پلان و بەرنامەیەكی توكمەمان بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز داناوە، لە هەموو ناوچە گەشتیارییەكان پۆلیسی هاتوچۆی لێ دەبێت و كار ئاسانی بۆ گەشتیاران دەكرێت، هەروەها بەرنامەیەكی زۆر ڕێكوپێكیش بۆ ناو بازاڕی سۆران، چۆمان و رواندز و هەموو شوێنەكانی دیكە كە پێویستیان بە پۆلیسی هاتوچۆ هەیە دانراوە، لەگەڵ ئەوەی مەفرەزەكان و كارمەندانی ئێمە بۆ هەر رووداوێكی نەخوازراو تەواو ئامادەن".

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار