دەمیرتاش: "پێویستە پەكەكە چەك دابنێت"

ئیستانبووڵ-KDP.info- هاوسەرۆكی هەدەپە دەڵێت، ئەگەر چەكدانانی پەكەكە بەند بێت بە بانگەوازیی ئهوانهوه بۆ چەكدانان، ئەوا لە سبەینێەوە تا ئێوارە داوای چەكدانان دەكەن، بەڵام دهیشڵێت، ئەمە كارێك نییە كە بە ئاراستەكردنی بانگەوازی ئەنجام بدرێت.
هاوسەرۆكی هەدەپە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی خەبەرتوركدا وەڵامی چەند پرسیارێكی لەبارەی رۆژەڤی سیاسییەوە دایەوە و گوتی: "ئەگەر پرسی دانانی چەك لە لایەن پەكەكەوە لە چاوەڕوانیی بانگەوازی ئێمەدا بێت، ئەوا لە سبەینێیەوە تا ئێوارە هاوار دەكەین، بەڵام ئەم پرسە پرسێك نییە كە بە بانگەوازیی ئێمە چارەسەر بكرێت، لێرەدا هاوار دەكەم و دەڵێم پێویستە پەكەكە لە دژی توركیا چەك دابنێت بەڵام بانگەوازییەكەی من چارەسەر نییە".
(دەمیرتاش) لەبارەی رەوشی باكووری سووریا و رۆژئاوایشهوە گوتی: "لە جیاتی ئەوەی سوپای توركیا بچێتە باكووری سووریا، با سیاسەتمەدارەكان بچن، پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان لە سایەی هەبوونی پەیەدەدا ئاسانتر دەبێت، بەڵام پێویستە پەیەدەیش ئەوە بزانێت كە بەبێ توركیا نابێت و پێویستە چارەسەری توركیا و پەیەدە خزمەتی سووریایەكی نوێ بكات".
(دەمیرتاش) گوتیشی: "بەرنامەی كورد دابەشكردن و جیابوونەوە نییە، بەڵكو كورد دەیەوێت كۆتایی بە ناحەقییەكان بهێنرێت، ناڵێن با دەوڵەتێكی جیاواز دابمەزرێنین، بەڵكو دەڵین با پێكەوە بژین، بەڵام بازنەی ئازادییەكان زیاتر بكەین، بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا بە شێوەیەكی كورت و گشتی، ئەمە بنەمای چارەسەری ئێمەیە".
لەبارەی دانانی چەك لە لایەن پەكەكەوە (دەمیرتاش) گوتی: "تاقە رێگا بۆ ئەوەی چی دیكە پەكەكە نەبێتە هەڕەشە دانوستانە، ئەگەر لەسەر بانگەوازی ئێمە مابێت ئەوا لە سبەینێیەوە تا ئێوارە هاوار دەكەین، بەڵام ئەم پرسە بە بانگەوازی ئێمە چارەسەر ناكرێت".
له لایهكی دیكهوه ئهمڕۆ چوارشهممه، لە چوارچێوەی پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی بۆ حکوومەتی نوێی تورکیا، سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، (ئەحمەد داوودئۆغڵو) لەگەڵ ھەردوو ھاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە، (سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ) کۆ بووەوە.
کۆبوونەوەکە كه لە ناوەندی گشتیی ھەدەپە ساز درا، ههر به گهیشتنی (داوودئۆغڵو) بۆ بارەگای ھەدەپە، لە لایەن ھەردوو سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو پارتە، (ئیدریس باڵوکان و پەروین بوڵدان) ھەروەھا پەرلەمانتاری ئانكارا لەسەر لیستی ھەدەپە (سری سورەیا ئۆندەر) پێشوازی لێ کرا.
کۆبوونەوەکەی ھەردوو لایەن سەعاتی ١١ی ئەمڕۆ دوور لە چاوی کامێراکان دەستی پێکرد و كۆتاییشی هات.
ئانادۆڵو




