٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ داوای له‌ عه‌بادییه‌ روونكردنه‌وه‌ بدات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد لیژنەكەیان بڕیاری داوە لە ڕێگای سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دانیشتنێك پێك بهێندرێت بۆ لیژنەی نەوت‌ووزە و حەیدەر عەبادی.

ئەندامی لیژنەی نەوت‌وگاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. تاریق گەردی) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو لێدوانانەی گوێمان لێ دەبێت بە ناوی لیژنەی نەوت‌ووزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە گوایە لە دووای جەژن وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان یان وەزیری نەوتی عێراق بانگهێشتی لیژنەكە دەكرێت بۆ لێكۆڵینەوە دوورن لە ڕاستییەوە. لە لیژنەكەماندا بڕیارمان داوە لە ڕێگای (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دانیشتنێك پێك بهێندرێت بۆ لیژنەی نەوت‌ووزە و حەیدەر عەبادی بۆ ئەوەی بزانین ڕێكەوتنەکەی نێوان هەوڵێر و بەغدا؛ لەبەر چی پەکی کەوتووە."
( گەردی) ئاشكرایشی كرد: "ڕێكەوتنە نەوتییەكە ماوە و تائێستا هەڵنەوەشاوەتە و لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە شێوەیەكی جوزئی نەوت ڕەوانە دەكرێت، هەرێم ڕۆژانە لە ڕێگای كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە 150هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانە دەكرات كە ئەمەش بەشێكە لە ڕێكەوتنەكە و لە ماوەی پازدە ڕۆژی ڕابردووشدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمەوە ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كراوە، ئەم هەنگاوانە ئەوە دەگەیێنێت كە ڕێكەوتنەكە هەڵنەوەشاوەتەوە، ئەوەندە نەبێ داوای ڕوونكردنەوە لە عەبادی دەكەین كە بۆچی پابەندی ڕێكەوتنەكە نابن و مووچە و پشكی هەرێم نانێرن."
ڕوونیشی كردەوە: "سیاسەتەكانی حكوومەت هەرێمی كوردستان لە بواری هەناردەكردنی نەوتدا زۆر زۆر سەركەوتوو بووە، تەنانەت هەرێم توانیویەتی ڕێژەی هەناردەكەی لە ئاستێكی كەمەوە بگەیەنێتە ئاستێكی زۆر باش . ئومێد دەكەین كە ئەمسیاسەتەی هەرێم درێژەی پێ بدرێت و بتواندرێت بۆ كۆتایی ساڵ سەرجەم پێداویستییە داراییەكانی هەرێم پڕ بكرێتەوە. دەتوانین نەوتی خۆمان بۆ خۆمان هەناردەی بازاڕەكانی بكەین با بەغدایش ئاگاداری ڕێژەكەی بێت و دواتر دەتوانن بەراوردی بكەن و پشكی سەدا17 بۆ خۆمان بێت و ئەوەی تر بۆ ئەوان بێـت كە ئەمەش شتێكی ئاساییە و نە یاسای بەزاندووە، نە دەستوور.
سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار