٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسینگەی ئێمینکی: چەک بۆ سەرۆکی پەرلەمان و جێگر و سکرتێریش کڕاوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە وەڵامی پەرلەمانتاری گۆڕان عەلی حەمەساڵحدا ئاشکرای دەکات، ئەو بڕەچەکەی کە باسی لێ دەکرێ تەنیا بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەبووە، بەڵکە بۆ سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بووە؛ ڕوونیشی دەکاتەوە، لە کاتی سەردانە مەیدانییەکانی بۆ بەرەکانی شەڕ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان چەکەکانی خۆی بەو هێزە خۆبەخشانەی پێشمەرگەی کوردستان بەخشیوە کە وەک ئەرکێکی نیشتمانی لە بەرەکانی بەرگریکردندا بوو.


دەقی ڕوونکردنەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان "بۆ پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە":

لە لێدوانێکی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و لەلایەن هەندێ دەزگای راگەیاندن وەک مانشێت بڵاو کراوەتەوە هاتووە (جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەقەد هەر ٣٨ پەرلەمانتارەکەی پارتی چەکی بۆ کڕاوە لە پارەی پەرلەمان) ئەگەرچی ئەو بابەتە لەگەڵ بابەتی دابینکردنی چەک بۆ ئەندامانی پەرلەمان  دوو شتی جیا و لە دوو زەمەنی جیاوازن، پێمان سەیرە ئەو بەرێزە بەپێی چ پێوەرێک ئەو دوو بابەتەی بەیەکەوە لکاندووە، بەڵام بۆ رای گشتی روونی دەکەینەوە کەوا پرسی کڕینی چەک و دابینکردنی پێداویستییەکانی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئەو کاتە سەری هەڵدا کە مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش گەیشتە ئەوەی راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر خاکی کوردستان و هەوڵ بدەن بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی ترسناک ببەن و خاکی کوردستان داگیر بکەن.
هەر بۆیە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاری کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان وەرگرت و، هەر بەپێی ئەو بڕیارەش چەک و پێداویستییەکان هاتنە کڕین بۆ ئەو دەستەیە.
ئەو بڕەی کە لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە وەرگیرا لە کاتی سەردانە مەیدانییەکانی بۆ بەرەکانی شەڕ کە هەندێ جاریش بە سەرۆکایەتیی شاندی پەرلەمان سەردانی میحوەرەکانی شەڕی کردووە و، ئەو چەکانە لە بەردەست بووە دواتر پێشکەش بەو هێزە خۆبەخشانەی پێشمەرگەی کوردستان کراوە کە وەک ئەرکێکی نیشتمانی لە بەرەکانی بەرگریکردن لە پرۆسەی دیموکراسی و کەرامەت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بوون و هەموو لاش باش دەزانن کە بۆ ئەو کات دابینکردنی هەر جۆرە چەکێک بۆ هێزی پێشمەرگە لە سەرەتای هێرشەکانی داعش بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری چەندە پێویست و کارێکی چەندە پیرۆز بوو.

نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
 
            ١٥/٧/٢٠١٥

 

هەواڵی پەیوەندیدار