چاودێرێكی سیاسی: ڕێککەوتنەکەی ئەمەریکا و ئێران تاڕادهیهك ڕۆژهەڵاتی ناوین سهقامگیر دهكات

ههولێر -KDP.info- وڵاتانی ٥+١ و شاندی دانوستانکەری ئێران بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڤیەننا گەیشتنە ڕێکەوتنێکی مێژوویی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران؛ چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، ئەو ڕێککەوتنە کار دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تاڕادهیهك سهقامگیری دهكات.
چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ دکتۆر (ساڵح مەلا عومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان ئەمەریکا و ئێران کراوە لە دوای ٣٥ ساڵە کە بووەتە هۆی ئەوەی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو لا دروست بێت و، دیارە کار دەکاتە سەر سیاسەتی هەردوو لا، بە تایبەت بۆ بەرنگاربوونەوەی داعش.
دکتۆر (ساڵح مەلا عومەر عیسا) گوتیشی، ئەمەریکا ڕازی بووە ئەرکێکی نوێ بسپێرێتە ئێران و بە شێوەیەکی دیفاکتۆ دانی بە ڕۆڵی دەوڵەتی ئێراندا ناوە ببێتە زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشکەم بتوانێ سەقام بخاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و تاڕادهیهكیش سهقامگیری دهكات.
دەیشڵێت، ئەو ڕێککەوتنە کار دەکاتە ئابووریی ئێرانیش؛ ئێران دەتوانێ نەوتوغازی خۆی، بە تایبەت غازەکەی لە ڕێگەی تورکیاوە بنێرێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا؛ دیارە کە ئەوروپا بەهۆی ئەو ململانێیەی لەگەڵ دەوڵەتی سۆفیەتدا هەیانە کە تەنها لەو ڕێگەیە غازیان بۆ دەهات ئێران دەبێتە دووەم بەرهەمهێنەری غاز، کە بتوانێ غازی خۆی بۆ وڵاتانی ئەورپا بنێریت، بۆیە ئێران هەوڵ دەدات سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست ببێت بۆ ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەریکا باش ببێت.
ئەو چاودێره سیاسییه ڕوونیشی کردەوە، ئەو ڕێککەوتنە کار دەکاتە سەر ئەو عێراقە شڵەژاوەیش؛ خۆی پڕۆژەیەکی ئەمەریکایی هەیە دەیەوێت عێراق بکرێتە سێ هەرێم، بۆ ئەوەی سەقام بگرێت، بەڵام ئێران دەیەوێت کێشەی عێراق بە شێوەیەکی فیدراڵی پارێزگایی چارەسەر بکات، هەرچەندە ئەمەریکا و ئێران هاوبەشن لەوەی عێراق دابەش نەبێت و، دەیشزانن دیکتاتۆری ناتوانێ عێراق سەقامگیر بکات.
ئەوەشی خستە ڕوو، ڕاستە ئێران دەیەوێت کێشەی عێراق بە شێوەیەکی فیدراڵی پارێزگای چارە بکات، بەڵام زەحمەتە سوننەی پێ ڕازی بکرێت؛ پێیشی بکرێت بڕوا ناکەم ئەو سیاسەتە لە عێراقدا سەر بگرێت و، تەنانەت ئەمەریکایش پشتی بگرێت، ئاقیبەتی عێراق هەر دابەشبوونە.
بڵند ئیبراهیم




