٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

رزگاركردنی مووسڵ دوا دەكەوێت.. بە هۆی بڕیارێكی حكوومەتی عێراقەوەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، بە هۆی بڕیارێكی حكوومەتی عێراقەوە، پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ دوا دەكەوێت و 4 هەزار و500 پۆلیسیش واز دێنن كە لە سنووری ناحیەی باشیك مەشق و راهێنانیان پێ دەكرێت.

(نوورەدین قەبلان) جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو لە ماوەیەكی كەمدا پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ دەست پێ بكات، بەڵام بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ گواستنەوەی پۆلیسەكانی سەربازگەی دوبەردان بۆ بەغدا، وای كرد كە بێهیوا بین لە دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ و پرۆسەكەیش دوا دەخات".

(نوورەدین) گوتیشی، پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ زۆر دوا كەوت، بەڵام پێویستە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵبگرێت، چونكە تاوەكو ئێستا ئامادە نەبووە پێداویستی بۆ هێزی وشكانیی رزگاركردنی مووسڵ دابین بكات.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕوونیشی كردەوە، خەڵكی پارێزگای مووسڵ ڕووبەڕووی زۆر ناخۆشی بوونەتەوە بە هۆی ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا دەژین، بە تایبەتی لە مانگی رەمەزان و وەرزەی هاویندا.

گوتیشی، بیانووی حكوومەتی عێراق بۆ گواستنەوەی پۆلیسی رزگاركردنی مووسڵ لە جێی خۆیدا نییە، چونكە وەك خۆیان دەڵێن بۆ ئەوەیە كە هەندێك لە پۆلیسەكان ناتوانن بگەنە ئەو شوێنە بۆ دەوامكردن، كە ئەمەیش وا نییە.

زیاتر گوتی، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت، لە كۆی شەش هەزار پۆلیس ئەستەمە هەزارو ٥٠٠ پۆلیس بچنە بەغدا و ئەوانەی دیكە واز دەهێنن كە ئەمەیش زیانی زۆری دەبێت بۆ پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ.

(قەبلان) ئەوەیشی خستە ڕوو، تاوەكو ئێستا وادەی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ دیاری نەكراوە كە ئەمەیش سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزارەتە ئەمنییەكان لێی بەرپرسیارن، چونكە ئەوان ئەو ئەركەیان پێ سپێردراوە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار