ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێك كەوتن

ڤیەننا-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بیبیسی"، دیپلۆماتەكانی بەشدار لە گفتوگۆكانی ڤیەننا سەبارەت بە سنوورداركردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و هەڵگرتنی سزاكان، سازاون.
"ئەسۆشیەیتد پرێس" لە دیپلۆماتەكانەوە زانیویەتی كە ڕێككەوتنەكە بەڵێنی ئەوەی تێدا هاتووە كە ئێران دەبێت ڕێگە بە پشكنەرەكان بدات چاودێریی بەرنامە ناوەكییەكەی بكەن، هەروەها ڕێگایش بە پشكنەرەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بدات تاوەكو چاودێریی بەشە سەربازییەكانیان بكەن، بەڵام دیپلۆماتكارە ئێرانییەكان گوتوویانە ئێران دەشێت بەربەرەكانیی داواكارییەكان بۆ ڕێگەپێدان و پشكنین بكات. هەروەها ئێران ڕازی بووە كە سزاكانی لە (٦٥ ڕۆژدا) بۆ سەر بگێڕنەوە ئەگەر دژی ڕێككەوتنەكە بوەستێتەوە.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەیشی داوە، ئابڵووقەكانی چەك لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە لەسەر ئێران بۆ (پێنج ساڵ)ـی دیكە دەمێننەوە و، سزاكانی سەر (موشەك)ـیش تاوەكو هەشت ساڵی دیكە لاناچن.
ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانیش گوتوویەتی، نەخشەڕێگای داهاتووی ڕێككەوتنەكەیان واژۆ كردووە و، لەو بارەیەوە (یوكیا ئەمانۆ) سەرۆكی ئاژانسەكە بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە، هەنگاوی گەورەیان ناوە و،ئەو ڕێككەوتنە ڕێگا بە ڕێكخراوەكەیان دەدات كە هەڵسەنگاندن بۆ پرسەكانی پێوەست بە بوارە سەربازییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە كۆتایی (٢٠١٥)ـدا، بكەن.
بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی دیكەی ڕێككەوتنەكە و دەرەنجامی گفتۆگۆكان بڵاو بكرێنەوە.
ئێران و وڵاتانی (پێنج كۆ یەك) كە بریتین لە ئەمەریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمانیا، ساڵانێكە لە دانیشتن و كۆبوونەوەدان لەمەڕ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و ترسیان لەوە هەیە كە چەكی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، تا دواجار ئەمڕۆ گەییشتنە ڕێككەوتن.
و: خالید ئەحمەد




