٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

وەڵامی مالیكی پێچەوانەی گوتەی شایەتحاڵەكانە و كورد و سوننە تۆمەتبار دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ دەڵێت، وەڵامەكانی (نووری مالیكی) بۆ لیژنەكەیان هەمووی تۆمەتباركردنی كورد و سوننەیە و بە هاوكاری تیرۆر تۆمەتباری كردوون، گوتەكانیشی پێچەوانەی گوتەی ئەو شایەتحاڵانەن كە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەش كەس دیاری كراون بۆ ئەوەی راپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ بنووسەنەوە و ئامادەی بكەن، تاوەكو دوای جەژنی رەمەزان راپۆرتەكە كۆتایی دێت و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەن بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت".

(شاخەوان) گوتیشی: "وەڵامەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پرسیارەكان، لەگەڵ گوتەی شایەتحاڵەكان كە پێشتر لە لێكۆڵینەوەدا گوتەیان لێ وەرگیراوە، زۆر لە یەكەوە نزیكن، تەنیا وەڵامی (نووری مالیكی) نەبێت".

جێگری سەرۆكی لیژنەی كەوتنی مووسڵ ڕوونیشی كردەوە، وەڵامەكانی (نووری مالیكی) هەمووی تۆمەتباركردنی سوننە و كوردە و بە هاوكاری تیرۆر وەسفی كردوون، هەمان بیركردنەوەی پێشوویشی هەیە كە لە دەستەڵاتدا بوو و هیچ وەڵامێكی لەگەڵ گوتەی شایەتحاڵەكان یەك ناگرێتەوە و پێچەوانەیە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار