لە چوار فڕۆكەوانەكەی جۆری "ئێف شازدە"ـی عێراق، یەكێكیان كوردە

دهۆك -KDP.info- حكوومەتی عێراق چوار فڕۆكەی جۆری ئێف شازدەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كڕی، سوپاساری پێشووی عێراق (بابەكر زێباری)ـیش دەڵێت، گەییشتنی ئەو چوار فڕۆكەیە بۆ عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و لەناوبردنیانە، لەو چوار فڕۆكەوانەیش یەكێكیان كوردە و دانیشتووی هەرێمی كوردستانە.
حكوومەتی عێراق چوار فڕۆكەی جۆری ئێف شازدەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كڕی و لە ئێستایشدا گەییشتوونەتە عێراق. بەغدایش وێڕای پشتڕاستكردنەوەی گەییشتنی ئەو چوار فڕۆكەیە ڕایگەیاند، لە پێناو بەهێزكردنی توانای سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، حكوومەت هەموو هەوڵێك بۆ پڕچەككردنی سوپا دەدات.
(بابهكر زێباری) سوپاساری پێشووی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گەییشتنی ئەو چوار فڕۆكەیە لە جۆری ئێف شازدە، بۆ بەهێزكردنی توانای سوپای عێراق بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی تیرۆریستانە.
(زێباری) گوتیشی: "هێنانی ئەو فڕۆكانە بۆ عێراق، بە گوێرەی گرێبەستێكی نێوان حكوومەتی عێراق و ئەمەریكایە كە پێشتر واژۆیان كردووە و لەو چوار فڕۆكەوانەیش یەكێكیان كوردە و دانیشتووی هەرێمی كوردستانە".
حەكیم حكمەت




