ڕۆژنامه جیهانییه‌كان: هه‌رێم به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆییی ئابووری هه‌نگاو ده‌نێ

هه‌ولێر-KDP.info- ڕۆژنامه هەرە گرینگەکانی جیهان ئاماژەیان بە بابه‌تی نه‌وتی هه‌رێم داوە و دەڵێن، ئەو كۆمپانیانه‌ی نه‌وت كه لە هه‌رێمدا کار دەکەن، تا دێ نه‌وتی زیاتر بەرهەم دەهێنن؛ دەیشڵێن بەوەڕا دیارە كه هەرێمی کوردستان بەرەو سه‌ربه‌خۆییی ئابووری هەنگاو دەنێت.
تا دێ چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردی ڕەوایی (شه‌رعیه‌ت) و بایه‌خ و گرینگییەکی زیاتر له دنیا وه‌رده‌گرێ؛ له‌م ڕاپۆرته‌دا به كورتی سه‌ردێڕی چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌كی جیهانی ده‌خه‌ینه ڕوو:
رۆژنامه‌ی تورکیاییەکەی ده‌یلی‌سه‌باح له هه‌واڵێكدا بایه‌خی به هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان داوه و نووسیویه‌تی 'كورد سه‌ربه‌خۆ نه‌وت ده‌فرۆشێ کە هه‌نگاوێکی گرینگه بۆ سه‌ربه‌خۆییی ئابووری؛ به تایبه‌ت كه هیچ به‌رپرس و ده‌ستەڵاتدارێكی توركیش ڕێیان لە کورد نەگرتووە.'
ماڵپەڕی UK.news باسی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی نه‌وتی كردووه وا له هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن؛ كه دوو هێندەی پار نه‌وت بەرهەم دەهێنن؛ كۆمپانیای 'گه‌نەل ئێنرژی'ـی بە نموونە هێناوەتەوە و، دەڵێ هەتا ئاخری ئه‌مساڵ، خۆی بە تەنیا ڕۆژانە 100هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له نەوتەڵانەکانی هه‌رێم ده‌ردەهێنێت و، ئه‌م کارەیش بۆ سه‌ربه‌خۆییی ئابووریی هەرێم زۆر گرینگە.
به گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی FT نه‌وتی كوردەواری بووه‌ته جێگه‌ی بایه‌خی جیهان؛ ئەو كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوت لە نەوتەڵانەکانی كوردستاندا کار دەکەن، تا دێ نه‌وتی زیاتر دێننە دەر؛ ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌یشی كردووه كه به هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ره‌و به‌نده‌ره‌كانی جیهان، هه‌رێم بەرەبەرە به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆییی ئابووری هەنگاو ده‌نێ.
چیاكۆ




