٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پارسەنگی سیاسی و سوپایی دەوروبەرمان.. کوردستان لە کام پێگەدایە؟

سەرچاوە: KDP.info

سەرۆ قادر

  ئەگەر من لێکدانەوەکەم بەم پرسیارە دەستپێبکەم: بۆچی و چۆن زۆرینەی سادە، لە پەرلەمانی کوردستان، دژی سەرۆک بارزانی بەکار هێندرا؟ ئەگەر بمانەوێت تێبگەین، بۆ لەم کاتە ئاستەمەدا پەرلەمان لە دژی سەرۆک جووڵێندرا کە لە هەموو لایەکەوە کوردستان لەژێر هەڕەشەی سوپاییدایە. هەر درزێکی سوپایی و ئەمنی ڕوو بدات، ئەو کارەساتە شارە گەورەکانمان دەگرێتەوە کە لەم دواییەدا بەسەر کۆبانێدا هات؟ بۆچی پڕۆژەی دەستووری کوردستان، لەسەر دەستی هەمان حزباندا پەکی خرا؟
  بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە، دیققەت و زانیاری و لێکدانەوەی بارودۆخی واقیعی پێویستە، نەک لێکدانەوەی حزبیانە. دەمێکە کوردستان کەوتووەتە ناو چەقی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. کێشەکان دەرهاویشتەی ئەو شەڕە هەمەگیرەن کە سەرانسەری ناوچەکەی گرتووەتەوە. شەڕ لە باکووری ئەفەریقاوە تا دەگاتە سنوورەکانی یۆنان بەردەوامە. هەموو ڕۆژهەڵات لەو جەنگەدا دەرگیرە. گشت کێشە داخراوەکان کە بە درێژایی سەدەی بیستەم کپ کرابوو، هەڵیانداوەتەوە. هیچ کێشەیەک بەبێ لایەنی ناگاتە چارەسەرێک.
  لە سەرەتای ئەم سەدەیە، جەنگ لە ئەفغانستان دەستی پێکرد. سەرەتا وا دەهاتە بەرچاو کە جەنگی نێوان توندڕۆیی سوننە و ڕۆژاوا بێت، کەچی بە خێرایی بووە جەنگی نێوان شیعە و سوننە. چەند جەنگ فراوانتر دەبێت، هێزەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمەریکا، کەمتر دەبێتەوە. ئێران بەخێرایی بووە تەڕەفێکی جەنگ. ئەم جەنگە زۆر ئاڵۆزە. دیققەتێکی زۆری دەوێت تا کۆکی و دژیی هێزەکان لێکدی جیا دەکرێنەوە. جەنگی ئەمەریکا لەگەڵ توندڕۆیی سوننە، وەک جاران ماوە. کەچی لە هەندێک وڵات(سووریا- بەرەی نوسرە و هاوشێوەکانی)، هاوکاریی رێکخراوە توندڕۆکان دەکات. ئەمەریکا و ئەورووپا، بە گشتی هاوکاریی بەرەی سوننە دەکەن لە دژی ئێران. عەرەبستانی سعوودیا، سەرکردایەتیی سوننە و عەرەبەکان دەکات. ئەو دەوڵەتە، ئێران بە دوژمنی سەرەکیی خۆی دەزانێت. لەو دوژمنایەتییەدا، هەموو دەوڵەتانی عەرەبی، دەوڵەتانی موسوڵمانی غەیرەعەرەب، لە بەرەی سعوودیادان. تورکیا هەر لە بەرەی سوننەدایە. دەوڵەتە سوننەکان(وەک تورکیا، کەنداو) هاوکاریی توندڕۆیی سوننە دەکەن(داعش، نوسرە). تورکیا بە شل و خاوی لە بەرەی سوننەدایە، بەڵام جۆرێک لە پێوەندی لەگەڵ ئێران هێشتووەتەوە.
  دەوڵەتی ئیسڕائیل، وردە وردە بە قەبارەیەکی زۆرەوە دێتە ناو جەنگەکە. سعوودیا، ئوردن، مەغرب، میسر، کەنداو لەگەڵ ئیسڕائیل ئاشتەوایییان کردووە و لە یەک بەرەدان دژی ئێران. لە ڕاستیدا، ئیسڕائیل و سعوودیا سەرکردایەتیی سوپایی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووەتە دەستیان. تورکیا و میسر بە هەنگاوی شل بەرەو دواوەن، ڕۆڵیان لە کەمبوونەوەدایە. ئەمەریکا و ئەورووپا زیاتر پشتیوانیی ئیسرائیل- سعوودیا دەکەن.
  وەک لە هاوپەیمانییەکان دەخوێنینەوە، دوژمنایەتییەکە، لەنێوان ئەمەریکا، عەرەبی سوننە، ئیسڕائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئێران وەک دیارە، چوار دەوڵەتی عەرەبی خستووەتە فەلەکی خۆی. ئەوانیش سووریا، عیراق، یەمەن و لوبنانن. لەو چوار وڵاتە عەرەبییەدا، پێکهاتەی شیعە و عەلەوی بەهێزن. دوژمنایەتیی ئەلقاعیدە و داعش، لە پلەی یەکەمدا نییە. ئەو دووانەی ئەخیر لە یەمەن هاوپەیمانی سعوودیان. وێدەچێ داعش و ئەلقاعیدە، خاوەنی خۆیان هەبێت و لەگەڵ یەکلاکردنەوەی جەنگ دژی ئێران، ئەوانیش بە لایەکدا بخرێن. وەک دیارە پێوەندییەکان ئاڵۆزن. هەڵبەت دوو ستراتیژی بەرامبەر یەکدی شەڕ دەکەن؛ ئێران لەلایەک، سعوودیا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەن. ستراتیژی ئێران لەگەڵ مانەوەی سنووری سیاسیی دەوڵەتە کۆنەکاندایە. هەڵبەت بە زاڵکردنی پێکهاتەی شیعە یان حزبە هاوپەیمانەکانی. بە پێچەوانەی ئێران، ئیسرائیل و سعوودیا لەگەڵ دەستکاریکردنی سنووری سیاسیی دەوڵەتەکاندان. هەروەها باسی بەزاندنی ئێران و دابەشکردنی دەکەن. ڕۆژئاوا بە گشتی هاوپەیمانی بەرەی دووەمە.
  بەرەی ئیسڕائیل- عەرەب ڕۆڵێکی مامناوەندییان بۆ تورکیا داناوە. ئەویش بریتییە لە شەریککردنی ئەو وڵاتە لە دابەشکردنی ئابووریی دوای شەڕ. هەروەها تورکیا وەک دەوڵەتێکی فیدڕاڵی، دەتوانێت یەکپارچەیی خۆی بپارێزێت. فیدراڵییەتی تورکیا لە چارەکردنی دۆزی کوردستانی باکوورەوە دێت. بۆیە وا داندراوە پ ک ک و تورکیا لە ئاشتی بەردەوام بن. ئەو حزبە پێویستە لە ئێران دوور بکەوێتەوە. هەر کام لە تورکیا یان پ ک ک لە ئەرکی خۆی دوور بکەوێتەوە، دەکەوێتە بن گوشار. هەڵبەت تورکیا جیا لە پەیوەندی لەگەڵ سێ پارچەی کوردستان، دەستی بە هیچ وڵاتێکی دیکە ڕاناگات. لە ڕاستیدا پەڕوباڵی تورکیا کراوە. ئەو دەوڵەتە کەوتووەتە دانوستاندن لەگەڵ پ ک ک. لەلایەکی دیکەوە هەڵوێستێکی دژانەی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژاڤا هەیە. تورکیا دەزانێت چیی ڕوو دەدات. بۆیە هەمیشە ئاگایەکی لە بزووتنەوەکانی کوردە تا نەتوانن ببنە دەوڵەت. لەو سیاسەتەیدا دەستی کراوە نییە و زوو زوو هۆشداریی ئەمەریکا و ئەورووپا و سعوودیا و ئیسڕائیلی پێدەگات. بۆیە ناتوانێت هیچ کردەوەیەکی سوپایی دژی پارچەکانی کوردستان بکات. تورکیا لەم دۆخەیدایە بۆیە هاودەستیی داعش دەکات تا لە هەر پارچەیەک بتوانێت، زەبر لە کوردستان بوەشێنێت.
بەرەی دژی ئێران بە هەموو بەشەکانیەوە، کورد بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن، پێشنیازی دروستکردنی دەوڵەتێکی گەورە بۆ ئەم میللەتە دەکەن. هەندێکیان باسی پێکهێنانی دەوڵەتێک لە باشووری کوردستان و ڕۆژاڤا دەکەن، هەندێکی دیکە پێشنیازی لێکدانی سێ پارچەی کوردستان دەکەن. هەڵبەت سعوودیا لەگەڵ دەوڵەتێکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان. ئەم ڕوانگایەی سعوودیا، وەک شمشێری دامکڵێس لەسەر ملی تورکیا، بە تاڵە مویەک بەستراوەتەوە. هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و هەرێمی ڕۆژاڤا، بووتە سیاسەتێکی ڕاگەیەندراوی بەرەی دژی ئێران. باشووری کوردستان وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سەرکردایەتیی ئەو پرۆسەیە بەرەو سەربەخۆیی دەکات. بەرێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی باوەڕپێکراو و دەستەئەندەرکاری رووداوەکانە. سەرەڕای قارەمانێتیی پێشمەرگە و شەڕڤانان، پشتیوانیی لۆجستیکی، سیاسی، ئاسمانیی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، ڕۆڵی کاریگەر و یەکلاییکەرەوە لە سەرکەوتنەکان بەسەر داعشدا دەگێڕن، کوردستان لە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ دەپارێزن. وەک دیارە کورد بە هاوکاریی ئەمەریکا، بە خێرایی بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست دەخشێت.
  داعش، ئەلقاعیدە و بەرەی نووسرە، ڕۆڵی پەرەپێدانی پشێویی دەگێڕن و هیچ ستراتیژێکی دیاریکراویان نییە. وەک ڕاگەیەندراوە، جیا لە دەوڵەتی کوردستان، دەوڵەتێکی دیکەی عەرەبی سوننە، لە سوننە عەرەبەکانی عێراق و سووریا دروست دەکرێت و تەواوکاری ئەو ڕۆڵە دەبێت کە دەوڵەتی کوردستان لە دوای جەنگ دەیگێڕێت. ئەو دوو دەوڵەتە نوێیە، بەربەستێکی گەورە لەنێوان پاشماوەی ئێران و تورکیا، لەگەڵ جیهانی عەرەب- ئیسڕائیل دروست دەکەن. هەروەها دابینی گەیاندنی نەوت و ئاوی کەنداو- دەریای سپی ناوەڕاست(مێدیتەرانە) بە یەکتری دەکەن. لەوە زیاتر ئیسڕائیل داوای پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ دەوڵەتی کوردستان دەکات. وەک دیارە سعوودیا وا ڕادەگەیێنێت کە دوژمنایەتیی عەرەب و ئیسڕائیل دەبێ کۆتایی پێبێت. ئەوە بنەمای داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ سەدەی بیستویەک.
  ئەو سیناریۆیانە، هێزێکی سیاسی و سوپایی گەورەی جیهانییان لە پشتە. کوردستان لەناو چەقی ئەو سیناریۆیانەدایە، بۆیە کاردانەوەیان لەسەر دۆخی ناوخۆیی کوردستان دەبێت. ئێران دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە، پێوەندییەکی چاوسوورکردنەوەی لەگەڵ حزبەکانی کوردستاندا هەیە. ئەو دەوڵەتە هیچ پڕۆگرامێکی بۆ پاشەڕۆژی کوردستان نییە. ئەو، سیاسەتی خۆسەپاندن و بندەستکردن پەیڕەو دەکات. هەڵبەت ئەویش وەک تورکیا، ناتوانێت، ئەگینا بە سوپا پەلاماری کوردستانی دەدا. باشووری کوردستان و رۆژاڤا لەژێر پاراستنی نێودەوڵەتیدان، بۆیە هوشیاری و ئاستی باڵای ئاگاییی سیاسیی سەرکردەی حزبەکان، دەبێتە هۆکارێکی بەوەج بۆ بەهێزترکردنی پێگەی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا کوردستان پێویستی بە قۆزتنەوەی هەلەکان هەیە، نەک ملدان بە سیاسەتی تاریک و نانەوەی پشێوی. جا ئەوە لەژێر هەر ناونیشانێک بێت، یەک دەرەنجامی دەبێت؛ کورد زیان دەکات. لە کۆنەوە کاریگەریی ئێران، بەسەر دۆخی سیاسیی پارێزگای سلێمانی هەیە. لەم بارودۆخە ئاستەمەدا، ئەو کاریگەرییە لەژێر ناوی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەستەڵات، لە دژی ڕۆڵی کورد لەو گۆڕانکارییانە بەکار دێت. مەسعوود بارزانی سەرۆکێکە دەستی لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکاندا درێژە، بۆیە لە بەرژەوەندیی کورد و پێکهاتەکانی دیکەیە کە هاوکاری بکەن و بە کێشەی لابەلا سەرقاڵی نەکەن. پێویستە بە بیر خۆمانی بهێنینەوە، لە کۆتایی یەکەم جەنگی جیهانیدا، ئۆزدەمیر(تورکیا) چەند کەڵکی بۆ چارەنووسی کورد هەبوو، قاسم سولەیمانییش(ئێران) هەر ئەوەندە!
 

هەواڵی پەیوەندیدار