بەریتانیا پارەی زیاتر بۆ دابینكردنی فڕۆكەی "دڕۆن" بۆ شەڕی داعش تەرخان دەكات

لەندەن-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "ئایبیتایمز"، بەریتانیا دەیەوێت بوودجەیەكی زیاتر بۆ دابینكردنی فڕۆكەی "دڕۆن" بۆ چاودێریكردنی داعش تەرخان بكات.
لەو بارەیەوە (دەیڤد كامیرۆن) سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، بە "فاینانشیاڵتایمز"ـی ڕاگەیاندووە كە، داوای لە گەورەبەرپرسانی سەربازی و سوپا كردووە تاوەكو بیر لە زیادكردنی پارە و بودجەی تایبەت بە هێزەكانی ئاساییشی وڵات و دژەتیرۆر بكەنەوە، كەوا بڕیارە لە پاییزی دادێت ئەو یاسایە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و، زیاتر یارمەتییەكانی خزمەتگوزاریی سەربازی و هەواڵگری لە خۆ بگرێت.
(كامیرۆن) گوتی، "پەلە بكەن لە زیادكردنی فڕۆكەكانی هەواڵگری و "دڕۆنەكان" بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی پێویست لەسەر داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە".
چاودێران پێیان وایە، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا تەركیزی خستووەتە سەر ڕێگا و پێوەرێكی نوێ بۆ پووچەڵكردنەوەی هەڕەشەكانی تیرۆریزم و، شەڕە ئەلكترۆنییەكان و مەترسییەكانی ڕووسیا، ئەویش پەرەپێدانی زیاتری هەواڵگرییە.
شیاوی باسكردنە، بەریتانیا لە پێناو دابینكردنی ئاساییش و ئۆقرەییدا بۆ وڵات تاوەكو ساڵی (٢٠٢٠)، ٢%ـی كۆی سەروەتی نیشتمانی بۆ بەرگری تەرخان دەكات.
بەریتانیا بە هێزەكانی ئاسمانی شاهانە و "دڕۆن"ـی تایبەت، شاڵاوەكانی بۆ سەر داعش ئەنجام دەدات، لە ئێستایشدا "دڕۆن"ـەكان چەندێكیان دیاری كراون، بەڵام لە پێناو بەهیزكردنی هەواڵگری و چاودێریكردنی داعش، لەندەن دەیەوێت ژمارەی "دڕۆن"ـەكانی زیاد بكات.
و: خالید ئەحمەد




