٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمەریكا 36 ملیۆن دۆلاری لە مەشقپێكردنی 60 چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سووریادا خەرج كردووە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریكا-KDP.info-  بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "لۆس‌ئەنجلس"، (باراك ئۆباما) سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر داوای لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی كرد كە بڕی (500) ملیۆن دۆلار بۆ ڕاهێنان و مەشقپێكردنی نزیكەی (15) هەزار چەكدار لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ شكستپێهێنانی داعش لە ناوچەكەدا، تەرخان بكەن.

(ئۆباما) ئەوكات بەڵێنی دا كە سەربازانی وڵاتەكەی لەسەر خاكی وڵاتانی دیكەدا لە شەڕەوە نەگلێنێت و لەبری ئەوە گوتی، "پێویستە ئۆپۆزسیۆن وەكو باشترین هێز بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش و گروپە توندڕۆكانی دیكە لە سووریادا بەهێز بكەین".

لەبارەی ڕاهێنانەكانی هێزە سووریاییەكانەوە، حەفتەی ڕابردوو (ئاشتن كارتەر) وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ڕایگەیاند، پڕۆگرامی ڕاهێنانەكان لە ئیشدان و كار دەكەن، هەروەها نزیكەی (7 هەزار) سووریایی فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە و داوای بەشداریكردنیان كردوە، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنیا (٦٠) كەسیان ڕاهێنراون و مەشقیان پێ كراوە.
هەروەها لەو بارەیەوە لە ڕاپۆرتێكدا بەرپرسانی "پنتاگۆن" دەڵێن، تاوەكو ئێستا لەو بڕە پارەیە تەنیا (36) ملیۆن دۆلاریان خەرج كردووە و ئامانجیانە كە مەشق بە (15) هەزار كەسەكە بكەن ئەگەر دەستیان بكەون.
شیاوی باسكردنە، ڕەخنەگرانی سیاسیی ئەمەریكا و بەشێك لە سیناتۆرەكان پێیان وایە، پرۆسەكە هێواشە و بەكارەكانیان ڕاناگەن، بەڵام پنتاگۆن دەڵێت ئەوان دەیانەوێت دڵنیا بن كە ئیسلامییە توندڕۆكان تێكەڵی ڕاهێنانەكان نەكرێن، هەر بۆیەیش فلتەری زۆر و پڕۆسێسی ئاڵۆزیان لە وەرگرتنی سووریاییەكان بۆ ڕاهێنان و مەشقپێكردن داناوە.
(كارتەر) لەو بارەیەوە گوتی، تەنیا (هەزار و 700) كەس لەو (7 هەزار) كەسە لەو فلتەرە تێپەڕیون و بۆ ڕاهێنان وەرگیراون.


و: خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار