"پێویستە ھەڤاڵ ئەبوبەکر ڕوونکردنەوە بدات"

سلێمانی-KDP.info-ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: ئەگەر (ھەڤاڵ ئەبوبەکر) وەک سەرۆکی ئەنجومەن داوای کردبێت سلێمانی بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ، پێویستە ڕوونکرنەوە بۆ ئەندامان بدات لەبەر ئەوەی ئەو گوتەبێژ نیە تا بەناوی ئەنجومەن قسە بکات.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (مینا سامی) لهبارهی لێدوانهكانی سهرۆكی ئهنجوومهنی پارێزگای سلێمانی (د.ههڤاڵ ئهبوبهكر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کاری چاودێریکردنە و پەیامێکی سیاسی بەم شێوەیە کە باس لەپارچە پارچەبوونی ھەرێمی کوردستان بکات دوورە لەھەموو بنەما و یاسا و رێساکانی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەو قسەی کە کردوویەتی ئایدۆلۆژیهتێكی زۆر ترسناکە و مەبەست لێی لەتکردنی کوردستان و تێکدانی یەکڕیزی و دژی داخوازی حیزبە سیاسییەکانە؛ ئەگەر ئەمە داواکاری ئایدۆلۆژیای حیزبێکی سیاسی بێت جێگای نابێتەوە لەھەرێمی کوردستان، چونکە ھیچ لایەنێک خۆی ناخاتە پاڵ ئەو دەنگە نەشازەوە.
(مینا سامی) گوتیشی، کە باس لەوەدەکرێت جیاوازی لەنێوان پارێزگاکان دەکرێت و بودجە نانێردرێت، ئەوە بەگوێرهی رێژەی دانیشتوانی پارێزگاکانە و خەڵکی ئەزانێت چۆن دابەشدەکرێت و لەھەرێمی کوردستان حکوومەتی بنکە فراوان ھەیە و ھەموولایەنەکان تێدا بەشدارن؛ کە باسیشی كردووه بەشی ئەوان نادرێت ئاخر وەزارەتی دارایی لەدەست ئەواندایە.
ئەوەیشی خستەڕوو، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە قەیران دروست دەکات، جگە لەو قەیرانانەی لەھەرێمی کوردستان ھەیە .
(مینا سامی) ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر وەک ئەندامێکی ئەنجومەن قسەی کردووە ئەوە رای خۆیهتی، بەڵام ئەگەر وەک سەرۆکی ئەنجومەن قسەی کردووە داوای لێدەکەم لەو مینبەرەوە بێت ڕوونکردنەوە بدات بۆ ئەندامانی ئەنجومەن، چونکە ئەمەر رای ئەنجومەن نیە و ئەویش گوتەبێژی ئەنجومەن نیە تابێ بەناوی ئەنجومەنەوە قسە بکات.
جیی ئاماژهیه، شەوی رابردوو ١١-٧-٢٠١٥، (د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر)، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تەلەڤزیۆنی روودا رایگەیاند، حکوومەت جیاوازی لەنێوان پارێزگاکاندا دەکات، بەنزین لە ھەولێر ھەیە لەسلێمانی نییە، کارەبای ھەولێریان باشکردووە لە سلێمانی نییە، ھیوادارم ئەمە وای لێنەیێت جارێکی دیکە وامان لێبکات داوای ھەرێمێکی سەربەخۆ بۆ سلێمانی بکەین.
بڵند ئیبراھیم




