٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: بەسیاسیكردنی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ دەستكەوتی حزبی شتێكی هەڵەیە.. دۆخی كوردستان بەرگەی تەنگژەی دیكە‌ ناگرێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە دیمانەیەكی بەرنامەی " دیداری رۆژ"ـی "كوردستان تیڤی"ـدا ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە خەڵك لە بیریەتی كە كێ خزمەتی كردووە و كێ ئامادە بووە ڕووبەڕووی داعش بوەستێتەوە، كێ ئامادە بووە بەرانبەر پیلانی دەرەوە بوەستێتەوە، كێ ئامادە بووە زیاتر لە هەموو كەسێك داكۆكی لە یەكڕیزیی ماڵی كورد بكات و توانیویەتی پێگەی كورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەو ئاستە بگەیەنێ و ئێستا كورد وەكو بەشێكی سەرەكی لە هاوكێشەی نێودەوڵەتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە لە ناوچەكەیش جێگە و پێگەی خۆی هەبێ. دەشڵێت: "ئێمە وەكو پارتی پێمانوایە باشترین كاندید بۆ ئەم سەردەمە كێیە، دەبێ ئەو سەركردایەتیی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بكات".

ئەمەیش دەقی دیمانەكەیە:

* (كاك مەسروور) سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی.
(مەسروور بارزانی): زۆر سوپاس، ئێوەیش بەخێر بێن.
* بەڕێزتان وەك راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، دواڕەوشی ناوچەكە و پێگەی كورد لەو ناوچەیەدا، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
(مەسروور بارزانی): ئێوە ئاگادارن، كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی و هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی تایبەتی لە بارودۆخێكی زۆر هەستیاردایە. ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر ناوچەكەدا هاتوون، بێگومان كاریگەرییان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت. ئێستا ئەو بابەتەی كە زیاتر جێی باسە، مەترسیی داعشە لەسەر هەرێمی كوردستان، كە ئەمە ئەولەوییەتی ئیشی ئێمەیە و دەبێ هەموو لایەك پێكەوە هەوڵی ئەوە بدەین، چۆن ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببینەوە.
لە خوا بەزیاد بێت، تاكو ئێستا پێشمەرگە سەركەوتنی زۆر گەورەی بە دەست هێناوە، زۆربەی ئەو شوێنانەی، كە پێشتر داعش توانیبووی بیانگرێ، پێشمەرگە توانیویەتی رزگاریان بكات. هەرچەندە كۆمەڵێك شەهیدمان داوە. لێرەیشەوە دیسان سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدەكانمان و بنەماڵە سەربەرزەكانیان دادەنەوێنین و داوای چاكبوونەوەیش بۆ بریندارەكان دەكەین. ئەمە بابەتێكە هەموو هەرێمی كوردستان پێوەی سەرقاڵە و دەبێ هەموویشمان پێكەوە خەریك بین و هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ ئەوەی چیتر مەترسیی دوژمن لەسەر كوردستان نەمێنێ. من پێموایە ئەم دۆخە درێژە دەخایەنێ، مەترسیی داعش كۆتایی نەهاتووە و لە توانای داعشدا هەیە خۆی رێك بخاتەوە، ئەوەیشمان بینیوە، كە چەندین جار توانیویانە لە ناوچە جیاجیاكاندا هێرش بكەنەوە سەر هەرێمی كوردستان. بۆیە من پێموایە دەبێ هەموو لایەك هەوڵی ئەوە بدەین و هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم تەحەددیانە ببینەوە.
لە لایەكی دیكەوە دۆخی ئابووریی كوردستانە، كە بەداخەوە وەكو پێویست ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا هەبوو بەڕێوە نەچوو. ئەمەیش گوشارێكی دیكەی خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان، كە بێگومان جێگەی بایەخی خەڵكی كوردستانە، هیوادارم ئەمەیش بە رێگەی ئاشتیانە و بە رێگەی گفتوگۆ هەولێر بتوانێ لەگەڵ بەغدا چارەی ئەم بابەتە بكات و بەغدایش بەپیر داواكارییەكانی كوردستانەوە بێت، كە  مافێكی سرووشتیی خەڵكی كوردستانە و ناكرێ مەسەلەی بوودجە وەكو كارتێكی سیاسی لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێ. هەروەها دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، وەك‌ دەبینین، بە داخەوە پێویست نەبوو تەنگژەیەكی دیكەیش لە دۆخی ناوخۆ دروست ببێ، كە هیوادارم ئەمەیش چارە بكرێ.
* هەوڵ دەدەین بێینە سەر ئەو بابەتەش، بەڵام با جارێ زیاتر باس لە جەنگی دژی تیرۆر بكەین، كە كورد پشكی شێری ئەم شەڕەی بەركەوتووە، بەڕێزتان وەكو راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە ئەمنییەكانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییش، قورساییەكی زیاتری لەم شەڕە بەركەوتووە. ئێوە چۆن توانیوتانە هەرێمی كوردستان لەو شەپۆلەی تیرۆر بپارێزن، كە لە ناوچەكەدا بەڕێوە دەچێ؟
(مەسروور بارزانی): جەنابتان دەزانن، وەختی خۆی كە هێرش كرایە سەر هەرێمی كوردستان، بەداخەوە داعش توانی هەندێ شوێن بگرێ، بەڵام پابەندبوونی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بڕوابەخۆبوونی گەلەكەمان بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانانەكان توانییان ببنە بەربەست لە بەردەم ئەم هێرشە دڕندانەیەی دوژمن و دوای ئەو هاوكارییەی كە هاوپەیمانان كردیان بە تایبەتی لە ڕووی دابینكردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دوژمن، كە كاریگەرییەكی زۆری هەبوو بۆ ئەوەی بتوانین هێرشی دوژمن رابگرین. لە هەموویشی گرینگتر ئەوەیە، كە ئێمە تا چەند بڕوامان بە دۆزی خۆمانە و تا چەند سوورین لەسەر ئەوەی گیانی خۆمان بۆ پاراستنی گیان و ماڵ و خاكی هەرێمی كوردستان بەخت بكەین. ئەوەی لە هەموو چەكێك زیاتر توانیویەتی یارمەتیی ئێمە بدات، مەسەلەی بڕوابەخۆبوونە. هەرچەندە وەكوتریش، كە دەڵێن شەڕ پێویستی بە چەكە، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستایش ئەو چەكە وەكو پێویست نییە، بەوەی هەبوو توانرا ئەم هێرشانە رابگیرێن.
هەموو لایەك خەریك بوون بۆ ئەوەی هاوكاریی یەكتر بكەن، هەموو دامودەستگاكان بە تایبەتی لە ئەنجوومەنی ئاساییش، ئێمە ئەوەی توانیومانە هاوكاریی برا پێشمەرگەكانمان و وەزارەتی پێشمەرگەمان كردووە بە دابینكردنی زانیاری و ناردنی ئەفسەرانی پسپۆڕ بۆ هێڵەكانی پێشەوەی بەرەی شەڕ تا یارمەتیی پێشمەرگەكان بدەن و هەماهەنگییەكی پێویست لە نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیماناندا بكرێ. ئەمەیش هەر لەو رێگەیەوە كراوە، سوپاس بۆ خوا وابزانم ئەنجامەكەی دیارە و بەدەركەوتووە و سەركەوتنی گەورەیش بەدەست هاتووە.
* باسی هاوكاریی هێزە هاوپەیمانانەكانت كرد، هەروەها لە جەنگی پێشمەرگە دژی تیرۆر ناوی پێشمەرگە لەم نێوەندەدا هاوتەریب ‌دێت. تا چەند توانراوە هاوكاری و پاڵپشتیی سەربازیی هێزی پێشمەرگە بكرێ، لەوەی  ئێوە داوای دەكەن و خواستی ئێوەیە بگاتە دەستی پێشمەرگە؟
* (مەسروور بارزانی): هەندێ هاوكاری هاتووە، بەڵام بەداخەوە لەو ئاستەدا نەبووە، كە ئێمە داوامان كردووە. بەداخەوە داعش توانی چەكێكی زۆر بە دەست بخات،‌ دوای ئەوەی لە چەندین شوێندا چەكی سوپای سووریا و عێراقی دەست كەوت، كە چەكی پێشكەوتوو بوون، هەر بەو چەكانەش پەلاماری كوردستانی دا و پێشمەرگەیش هەر چەكی كۆنی بەدەستەوە بوو، هەتا ئێستایش ئەو چەكە مۆدێرنانەی ئێمە داوامان كردوون بە دەستمان نەگەییشتوون. بێگومان ئەگەر ئەو چەكانە بەدەست پێشمەرگەوە بن، دەتوانێ سەركەوتنی زیاتریش بەدەست بهێنێ و هاوكاریش دەبێ بۆ ئەوەی قوربانیی پێشمەرگە كەمتر بكرێتەوە. ئێمە لە خستنەڕووی ئەو داواكاریانەی كە پێشمەرگە هەیەتی بەردەوامین بۆ ئەوەی بیگەیەنینە شوێنی پێویست، بەردەوام لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان قسە دەكەین. لە راستیدا ئێمە رازی نین لە ئاست ئەو هاوكاریانەی كە وەكو چەك و تەقەمەنی‌ تاكو ئێستا بۆ پێشمەرگە نێردراون.
* نزیكەی ساڵیك بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر كوردستاندا تێدەپەڕێ، بەڕێزتان لە نزیكەوە سەردانی بەرەكانی شەڕتان كردووە و رۆڵتان بینیوە لە تێكشكاندنی داعش بۆ سەر بەرەكانی پێشمەرگە. دەكرێ پێمان بڵێن ئێستا ئەم جەنگە لە كوێ گیرساوەتەوە؟
(مەسروور بارزانی): من زۆر جار لەگەڵ جەنابی (سەرۆك بارزانی)ـدا سەردانی بەرەكانی جەنگمان كردووە و لە نزیكەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان قسەمان كردووە، ئەوەمان بنییوە كە پێشمەرگە چەندە ورەی بەرزە و خۆڕاگرە. هەروەك باسم كرد ئەمەیش كلیلی سەركەوتنی پێشمەرگەیە، ئەم دۆخەی ئێستا، كە دەیبینی زیاتر لە 95%ـی ی ئەو شوێنانەی داعش توانیبووی داگیریان بكات، رزگار كراون، كە شوێنی زۆر ستراتیژی و گرینگن، ئێستا لە دەست پێشمەرگەدان و هێڵی بەرگریی باش دروست كراوە. دەتوانم بڵێم ئەمەیش بە چەند قۆناخێكدا تێپەڕیوە، قۆناخی یەكەم، ئەوە بوو هێرشی دوژمن بوەستێندرێ، ئینجا پەلاماری هێزەكانی دوژمن بدەین بۆ رزگاركردنی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی ئەواندا بوون، ئێستایش پلان هەیە‌ بۆ رزگاركردنی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستیاندا ماو‌ن و پاراستنی ئەو شوێنانەی لە دەست پێشمەرگەدان. ئەمەیش پێویستی بە هاوكاریی هەموو لایەك هەیە. ئێستا هێزی پێشمەرگە بە تەنیا وەكو شەڕكەر لە بەرەكانی شەڕدایە، بۆیە نابێ ئەم ئەركە قورسە بە تەنیا لەسەر شانی پێشمەرگە ‌بێت، دەبێ هەموو دامودەستگاكانی دیكەیش هاوكار بن.

 

"نەدەبوو لە پشتەوەڕا لە غیابی جەنابی سەرۆك، كە خەریكی ئەم ئەركە پیرۆزە بوو، بەرنامەڕێژی بۆ پڕۆژە یا پەراوێزخستنی مەسەلەی دەستوور بكرێ"
* دەچینە سەر بابەتێكی دیكەی جیاواز لە شەڕی تیرۆر، ئەویش پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دەستوورە. ئێستا بە ئەندازەی گەرمیی بەرەكانی جەنگ شەقامی سیاسی قسە لەسەر ئەم بابەتە دەكەن، بە بیانووی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەستوور شەقامی سیاسی گەرم كراوە، بەڵام هێندەی باس لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێ، هێندە باس لە دەستوور ناكرێ. وەك (مەسروور بارزانی) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دید و بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
(مەسروور بارزانی): بابەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بابەتێكی گرینگە و بابەتی هەموو خەڵكی كوردستانە و هیی تەنیا كەسێك و لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵام لەم بارودۆخەی كوردستاندا، ئەو هەموو هێرشەی كراونەتە سەر كوردستان، من پێموایە دەكرا بە شێوەیەكی زۆر گونجاوتر ئەم بابەتە چارە بكرایە، بەسیاسیكردنی ئەم بابەتە بۆ دەستكەوتی حزبی شتێكی هەڵەیە، بە تایبەتی لەو ماوەیەدا، كە جەنابی سەرۆك بەردەوام لە بەرەكانی شەڕدا بووە و لەگەڵ پێشمەرگەدا سەرقاڵی داڕشتنی پلان بووە بۆ تێكشكاندنی دوژمن و بەرگریكردن لە خاك و كەڕامەتی ئەو خەڵكە، بۆیە نەدەبوو لە پشتەوەڕا لە غیابی جەنابی سەرۆك، كە خەریكی ئەم ئەركە پیرۆزە بوو، بەرنامەڕێژی بۆ پڕۆژە یا پەراوێزخستنی مەسەلەی دەستوور بكرێ، كە بەلای ئێمەوە بابەتێكی گرینگە، چونكە دەیتوانی چارەسەری ئەم كێشەیەیش بكات.‌ واتا دەكرا زیاتر گرینگی بە بابەتی دەستوور بدرێ و پێویستی بەم پڕۆژانە نەدەكرد.
هەرچەندە پرسی سەرۆكی هەرێم پرسێكی گرینگە و دەبێ چارەیەكی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە هەروەك دەزانن لە 20/8 بۆشایی یاسایی لەم بابەتە دروست دەبێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە هاودەنگی و سازانێك بۆ چارەكردنی ئەم بابەتە بگەن، كە پێموایە دۆخی كوردستان بەرگەی تەنگژەی دیكە‌ ناگرێ، وەك  تەنگژە و گرفتەكانی تیرۆر و بوودجە و كێشەی مووچەی پێشمەرگە و ئەو كێشانەی هەمانە، واتا پێویست ناكات كێشەیەكی دیكەیش بۆ ئەوانە زیاد بكەین.
* پێت وا نییە ئەو مشتومڕەی لەسەر بابەتی پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكرێ زیاتر بەشەخسی‌ كراوە، یا ئەگەر بپرسم، پێت وا نییە رێكارە یاساییەكان فەرامۆش كراون و بابەتەكە بەشەخسی كراوە؟
(مەسروور بارزانی): بە داخەوە زۆر جار ئەم باسە دەكرێ. بەڵام لێرەوە من حەز دەكەم روونكردنەوەیەك بدەم. بە ڕاستی ئێمە ئامادە نین (جەنابی سەرۆك) وەكو شەخسی (سەرۆك بارزانی) بخرێتە ئەم هاوكێشەیەوە، چونكە پێگە و ناوی جەنابی سەرۆك زۆر لەوە بەرزترە، كە ئێمە هەڵسەنگاندنی ئەم پێگەیەی جەنابی سەرۆك بكەین، دایكی شەهید دەتوانێ تەقیمی جەنابی سەرۆك بكات، منداڵە شەهید دەتوانێ تەقیمی جەنابی سەرۆك بكات. خزمەت و رابردووی جەنابی سەرۆك، پێشمەرگایەتیی جەنابی سەرۆك، ئەوانە هەمووی كەسایەتیی ئێستای جەنابی سەرۆكیان دروست كردووە، وا‌نییە، كە‌ پێگەی سەرۆكایەتی كەسایەتیی جەنابی سەرۆكی دروست كردبێت. لەبەر ئەوە ئەگەر ئەمە وەكو بابەتێكی یاسایی سەیر بكرێ، دەكرێ باسی پێگەی سەرۆكایەتی بكەین نەك پێگەی (مەسعوود بارزانی)، چونكە ئێمە قبووڵی ناكەین، نەك من، راستە بۆ من باوكە و من شانازیی پێوە دەكەم، بەڵام وەكو سەرۆكێك بە دەیان هەزار كورد هەیە بە تایبەتی ئەو پێشمەرگانەی لە سەنگەرەكاندان لەوانەیە ئەمە قبووڵ نەكەن، كە شەخسی جەنابی سەرۆك بخرێتە هاوكێشەكەوە و بڕیار لەسەر كەسایەتیی جەنابی سەرۆك بدرێ، ئەمە بابەتێكی یاساییە كە باس لە سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێ، ئێمە بۆ چارەكردنی ئەم كێشەیە بۆچوونێكی دیكەمان هەیە.
* وا دەخرێتە ڕوو، كە گوایە هەندی لایەن لەگەڵ سیستمی پەرلەمانین، پارتی بە تەنیا لە بەرەیەكدا لەگەڵ سیستمی سەرۆكایەتییە. دیدی ئێوە لەسەر ئەم بابەتە بە تایبەتی سیستمی حكومڕانی چییە؟
(مەسروور بارزانی): پێم وایە ئەمەیش بە هەڵە باس كراوە، نازانم ئەوە بە دەستی ئەنقەست بووە یان نا. زۆر جار دەگوترێ ئەوەی لە كوردستان هەیە سیستمی سەرۆكایەتییە، بەڵام وانییە، چونكە سیستمی ئێستا، سیستمی سەرۆكایەتی نییە. جارێ لە سیستمی كوردستان سەرۆك كە راستەوخۆ هەڵبژێردراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەستگای جێبەجێكار وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بگرە بۆ هەموو كابینەی وەزاری، ئەمانە هەموویان لە رێگەی پەرلەمانەوە دەنگیان پێ دراوە. كەواتە دەستگای جێبەجێكار بەرانبەر پەرلەمان بەرپرسیارە، كە ئەمە لە سیستمی سەرۆكایەتیدا نییە، بەڵكو سیستمێكی تیكەڵاوە. هەتا سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكیش لە وەرگرتنی چەندین بڕیاردا، كە لە سیستمی سەرۆكایەتیدا دەبووایە لە دەسەڵاتی سەرۆك بێت، بەڵام لە سیستمی ئێمەدا لە دەسەڵاتی سەرۆك نییە. بۆیە من دەتوانم بڵێم ئەوە راست نییە، كە ئەو سیستمەی لە كوردستان هەیە، سیستمی سەرۆكایەتییە‌، بەڵكو سیستمی تێكەڵاوە. من دەمەوێ لەبارەی ئەو سیستمە پەرلەمانییەی باس دەكرێ چەند روونكردنەوەیەك بدەم. بێگومان لە دنیادا چەندین سیستم هەن، وانییە، كە یا سیستمی سەرۆكایەتی یا پەرلەمانی هەبێت. بەپێی پێداویستیی كۆمەڵگە چەندین سیستمی جیاواز هەیە و ئەوەی خۆیان بە گونجاویان زانیوە قبوڵیان كردووە و پێڕۆی دەكەن. لە هەرێمی كوردستاندا، كە وڵاتێكی سەربەخۆ نین و لە قۆناخێكداین بەرەو دروستكردنی كیان و چەسپاندنی پێناسەی خەڵكی كوردستان هەنگاو دەنێین، بۆیە ناكرێ وەكو وڵاتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بكرێ. دەكرێ زۆر جیاوازتر لەوە باسی قۆناخی گواستنەوە بكەین، چونكە ئێمە لە حاڵەتێكداین بەرەو بەكیانكردنی هەرێمی كوردستان دەڕۆین، بۆیی كامە سیستم زیاتر خزمەتی ئەم ئامانجە دەكات پێویستە لەسەری بوەستین، بابەتی سیاسی و حزبی بخەینە لایەكەوە و مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتمانی لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت. لە سیستمی پەرلەمانیدا كە ئەوان باسی دەكەن، دەبێ هەموو شتێك بخرێتە ژێر دەسەڵاتی پەرلەمان، كە من پێم وایە ئەمە لە سیستمەكانی دیموكراتیدا، سیستمێكی زۆر گونجاو نییە.
پێش هەموو شتێك لە پارتیدا، ئێمە بڕوامان بە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و راگرتنی هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەكان هەیە لە بەڕێوەبردنی حوكم لە هەرێمی كوردستاندا. خۆیشتان دەزانن پەرلەمان وەكو سیستمی یاسادانان، دەستگای دادوەری و جێبەجێكار كە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئەمانە سێ پێگەی سەرەكیی حكومڕانین و دەبێ هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەكاندا بكرێ. لە زۆربەی سیستمە پێشكەوتوو و سەركەوتووەكاندا هاوسەنگیی دەسەڵاتەكان بۆ بەڕێوەبردنی حوكم باشترین سیستمە. واتە ناكرێ بڵێی سیستمی سەرۆكایەتیم قبووڵ نییە، بەڵام سیستمی پەرلەمانیم قبووڵە. كەواتە هەموو دەسەڵاتەكان دەبێ بێنە ژێر دەسەڵاتی پەرلەمان و زاڵ بێت بەسەر دەسەڵاتەكانی دیكەیشدا، بۆیە ئەمە خۆی هەڵەیە، چونكە ئەمە دیكتاتۆریی پەرلەمانی دروست دەكات، لەگەڵ رێزمدا بۆ پەرلەمان.
واتە ئەمە وا دەكات هەموو بڕیارەكان بێنەوە ناو پەرلەمان، ئەو پەرلەمانەی نەتوانێ لە كاتی گونجاودا لەسەر بابەتی گرینگ بێتە دەنگ و بڕیاری پێویست بدات، كە لەوانەیە ئەو وەختە ئێمە زەرەریشی تێدا بكەین. بۆیە ئێمە وەكو پارتی زیاتر داكۆكی لەسەر ئەوە دەكەین، كە لەم قۆناخە‌دا كامە سیستم زیاتر خزمەتی گەل و نیشتمانەكەمان دەكات، بەلای ئێمەوە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابینكردنی هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەكانە، ئەم سیستمە بۆ حكومڕانی ئێستای هەرێمی كوردستان باشترین سیستمە.

 

"باشترین شێوازی دیموكراسییش لە دنیادا ئەوەیە،‌ كە ماف بە خەڵك بدەی نوێنەری خۆی هەڵبژێرێ"
* بەڕێز (مەسروور بارزانی) وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆچی ئێوە لەگەڵ ئەوەدان سەرۆكی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە هەڵبژێردرێ؟ ئەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانیش لەلایەن خەڵكەوە هەڵنەبژێردراون؟
(مەسروور بارزانی): ئەمە مافێكی سرووشتیی خەڵكی كوردستانە دەنگ بە كەسێك بدەن نوێنەرایەتیی ئەم خەڵكە بكات. لەم وڵاتەدا هەموو كەسێك هەموو تاكێك مافی هەیە دەنگ بدات، باشترین شێوازی دیموكراسییش لە دنیادا ئەوەیە،‌ كە ماف بە خەڵك بدەی نوێنەری خۆی هەڵبژێرێ.
لێرە ئەگەر دەرفەتم بدەی تۆزێك بە وردتر ئەم مەسەلەیە باس بكەم. لە سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ئەندامی پەرلەمان دەبێ لەجیاتی خەڵك سەرۆكێك هەڵبژێرێ، كە پێموایە ئەمە زۆر نادیموكراسیترە لە‌ شێوازی هەڵبژاردنی راستەوخۆ، بۆ؟
لەوانەیە لەكاتی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، رێژەی تایبەت با بڵێین 70%ـی خەڵكی كوردستان دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان دەدەن، لەوانەیە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆك بكرێ ئەم رێژەیە گۆڕانی بەسەردا بێت و ‌ لە جیاتی 70%، 80%ـی خەڵك بچێتە دەنگدان، كە پێشتر ئەمەمان بینیوە و رووی داوە. كەواتە خەڵك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك زیاتر پەرۆشە بۆ دەنگدان، ئەگەر هەڵبژاردن تەنیا بۆ پەرلەمان بێت لەوانەیە رێژەیەكی بەرچاوی خەڵك دەنگ نەدات، لە بەرانبەر ئەوەدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك رێژەیەكی زیاتر دەنگیان داوە. لێرەوە ناكرێ دەنگی ئەم خەڵكە نادیدە بگیرێ. ئەگەر گریمان 70%ـی خەڵك دەنگیان بۆ پەرلەمان داوە، كە لەوەیشدا هەموو ئەو دەنگانەی بە نوێنەرەكانیان داوە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە پەرلەمان، چۆن؟
خەڵكێك دەنگی‌ بە نوێنەرێك داوە، بەڵام ئەو نوێنەرەكە رێژەی پێویستی نەهێناوە تا بچێ وەكو ئەندام پەرلەمانێك نوێنەرایەتییان بكات. كەواتە ئەو دەنگانە بەسەر چەندین ئەندام پەرلەمانی دیكەدا دابەش دەبن، كە دەنگی زیاتریان هەبووە و ئەوان دەچنە پەرلەمان، بەپێی ئەو ئامار و ژمارانەی پێشتر سەیرمان كردووە نزیكەی 20%ـی خەڵكی كوردستان دەنگەكانیان دەسووتێ. كەواتە ئەو نوێنەرە راستەقینەیەی ئەوان دەنگیان پێ داوە نەیتوانیوە بچێتە پەرلەمان، خەڵكی دیكە لەجیاتی ئەوان و بە دەنگی ئەوان چووەتە پەرلەمان و بووەتە نوێنەری خەڵك. لێرەوە ئەگەر نزیكەی 20%ـی ئەو دەنگانە بچێ، واتە نزیكەی 50%ـی خەڵكی كوردستان نوێنەرەكانی خۆیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمان، ئینجا ئەو بەڕێزانەی كە وەكو ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراون و دەچنە پەرلەمان لەوێ دەنگ بۆ هەڵبژاردنی كەسێك وەكو سەرۆكی هەرێم دەدەن، لەوانەیە هەموویشیان دەنگ بۆ یەك كەس نەدەن، رێژەیەك دەنگ دەدات و رێژەیەكی تر دەنگ نادات، بەڵام لەوێش با بڵێین 70%ـی پەرلەمانتاران دەنگ بە كەسێك دەدەن. كەواتە 30%ـی ئەو 50%ـەی ماوە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێك نادات، واتە رێژەیەكیش لەوێ دەنگی بە سەرۆك نەداوە. كەواتە بە رێژەیەكی زۆر كەم سەرۆكێك هەڵدەبژێردرێ. بۆیە دەتوانم بڵێم نزیكەی 30%ـی دەنگدەری راستەقینەی خەڵكی كوردستان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بە رێگەی پەرلەمانتارەكانەوە سەرۆكێك هەڵدەبژێرێ بەرانبەر بە 80% كە دەتوانن بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە كەسێك بدەن وەك سەرۆك. ئەمەیش بابەتێكە و دەبێ خەڵك ئەم جیاوازییە بزانێ كە چەندە؟
بابەتێكی تر، دەنگدەر كە دەنگ بە نوێنەرێك دەدات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی پەرلەمان، بۆ ئەوەیە ئەو كەسە وەكو یاسادانەرێك لە پەرلەمان نوێنەرایەتیی بكات، واتە مەرج نییە ئەم هاووڵاتییە بۆ ئەوە دەنگی پێی دابێت كە بچێ لەبری ئەو سەرۆكێك هەڵبژێرێ. لەوانەیە ئەم هاووڵاتییە خۆشەویستە دەنگ بە برادەرێك بدات بۆئەوەی ببێ بە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام دەنگ دەداتە كەسێك بۆ سەرۆك، لەوانەیە ئەو ئەندام پەرلەمانە بۆ سەرۆك هەمان دەنگ نەدات و بیداتە یەكێكی تر. كەواتە ئەم 30%ـەی سەرۆكێك هەڵدەبژێرێ، ئەسڵەن نوێنەرایەتیی زۆرینەی خەڵكی كوردستان ناكات. نەك زۆرینەی خەڵكی كوردستان، بەڵكە رێژەیەكی زۆر كەم لە خەڵكی كوردستان، كەواتە ئەمە دەنگی راستەقینەی خەڵك نییە. ئەو وەختە دەكرێ بڵێین ئێمە بە رێگەی پەرلەمانەوە سەرۆكێكمان هەڵبژاردووە. بۆیە دەڵێین ئەو مافە، مافی خەڵكە و دەبێ ئەو مافە بە خەڵكی كوردستان بدرێ، كە راستەوخۆ سەرۆكێك هەڵبژێرێ. ئەم یارییە سیاسییەی كە دەكرێ شێوازی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆك، ئەسڵەن ئەمە بۆ ئەوە نییە كە مافی خەڵك بپارێزێ، ئەمە یارییەكی سیاسییە بۆ سەفەقاتی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەكان‌. بێگومان لەمەیشدا مافی خەڵك پێشێل دەكرێ. بۆیە ئێمە داكۆكی دەكەین و دەڵێین دەبێ مەرجەعی كۆتایی و سەرەكی لەم هاوكێشەیەدا خەڵك بڕیاری خۆی بدات، كە كێ و بە چ شێوەیەكیش سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی بكات.
* ئەو لایەنانەی داوا دەكەن سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێ، دەڵێن لە هەڵبژاردنی راستەوخۆدا ئەگەری ساختەكردن هەیە و جێی متمانە نییە. سەرنجی تۆ لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
(مەسروور بارزانی): ئەی ئەو برادەرانە چۆن هەڵبژێردراون؟ ئەی خەڵك دەنگی پێ نەداون؟ ئەگەر ئەوانە ‌پرسیارەكەیان لەسەر ئەوەیە، كە لە هەڵبژاردنی راستەوخۆدا تەزویر دەكرێ، بەڵام بەداخەوە ئەوە خۆیان دەگرێتەوە و خۆیان بە دەنگی ئەو خەڵكە هاتوون، یانی دەكرێ ئێمە لەسەر قسەی ئەوانە بڵێین ئەوان بە دەنگی تەزویر بوونەتە ئەندام پەرلەمان؟  پێموایە ئەگەر تۆزێك بیر بكەنەوە ئەسڵەن بەم شێوەیە نییە، چونكە ئەگەر خەڵك راستەوخۆ هەڵبژاردن بكات بە تایبەتی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی رێكوپێك بە داوەتكردنی خەڵكی بێلایەن بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، دەكرێ ئەم بابەتە چارە بكرێ، بەڵام مادام خەڵك دەنگی داوە بۆ پەرلەمان دەكرێ بە هەمان شێوەیش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك بدات.
من لەو باوەڕەدا نیم، كە ئەمە تەزویری زیاتری تێدا بێت. بە پێچەوانەوە لە پەرلەمان دەكرێ سەفەقاتی سیاسی بكرێ، بەڵام لە هەڵبژاردنی راستەوخۆدا بواری سەفەقاتی سیاسی تێدا نییە، چونكە خەڵك راستەوخۆ دەتوانێ بڕیاری خۆی بدات.

 

"ئەگەر لایەنێك ئامادە نەبێت كەسێك بە سەرۆكی خۆی قبووڵ بكات، كەواتە با كەسی یەكەمی حزبەكەی خۆی وەك بەربژێری سەرۆكایەتیی پێشكەش بكات بۆ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا بەشداری پێ بكات"
* زۆر جار كە باسی بەدیل و جێگرەوە دەكرێ، پارتی بەڕێز (مەسعوود بارزانی) بە تاكە كاندیدی خۆی داناوە و پێیشی وایە كە لەم قۆناخەدا (سەرۆك بارزانی) بمێنێتەوە، بەڵام لایەنەكانی دیكە كاندیدی خۆیان نییە، ئەوان بۆچی تا ئێستا لەو بابەتە بێدەنگن؟
(مەسروور بارزانی): پێش هەموو شتێك ئێمە وەكو گرینگترین بابەتی ئەمڕۆی كوردستان سەیری ئەو بابەتە دەكەین، كە كوردستان پێویستی بە سەركردایەتییەكی كارایە و شارەزا بێت و ئامادەیش بێت خۆی لە پێناو دەسكەوتەكانی خەڵكی كوردستان بەخت بكات. هەروەها پێگە و رێزی خۆیشی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هەبێت. ئێمە وەكو پارتی پێمانوایە باشترین كاندید بۆ ئەم سەردەمە كێیە، دەبێ ئەو سەركردایەتیی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بكات. ئەو برادەرانەی مشتومڕی ئەوە دەكەن، كە دەبێ فڵانە كەس بێت یا كەسێكی دیكە بێت. لێرە من پرسیارێك دەكەم. ئێمە وەكو پارتی باشترین كاندیدی ئێمە كێیە، كە وەكو سەرۆكی خۆمان قبووڵمانە و بەلای ئێمەوە‌‌ باشترین كەسە، كە دەبێ سەركردایەتی ئەمڕۆی كوردستان بكات. ئەگەر لایەنەكانی دیكە ئەم بۆچوونەیان نییە، من ئەو پرسیارە ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان دەكەم و حەز دەكەم خەڵكی كوردستان بێ ئەوەی بكەونە ژێر كاریگەریی سیاسیی حزبەكان، ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن: ئەگەر لایەنێك ئامادە نەبێت كەسێك بە سەرۆكی خۆی قبووڵ بكات، كەواتە با كەسی یەكەمی حزبەكەی خۆی وەك بەربژێری سەرۆكایەتیی پێشكەش بكات بۆ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا بەشداری پێ بكات. باشە، چۆن خەڵك متمانە بەو‌ حزبە یا ئەو لایەنە دەكات، كە ئەو كەسەی دەبێ سەرۆكایەتیی هەرێمەكەی بكات. واتە ئەگەر ئەمانە كەسی باشیان هەیە،‌ پێویستە پێش هەموو شتێك قبووڵیان بێ سەرۆكایەتیی حزبەكەیان بكات‌ بۆئەوەی خەڵكیش بڕوایان پێ بكات و بڵێ راستە ئێوە باشترین كەستان هەبووە و پێشكەشتان كردووە، ئینجا خەڵك ئەوە قبووڵ دەكات یا نا ئەوە بابەتێكی دیكەیە، بەڵام حزبێك ئامادە نەبێ كەسێك وەك سەرۆكی خۆی قبووڵ بكات ئینجا بە خەڵك بڵی با ببێ بە سەرۆكی تۆ. چۆن ئەمە دەكرێ؟ بۆیە لەم بارودۆخەدا لەبەر زۆر هۆكار باشترین كەس بەلای ئێمەوە جەنابی سەرۆكە، لەوەی بەردەوام لە سەنگەری پێشمەرگەدا بووە،‌ گەورەترین شانازی بۆ جەنابی سەرۆك ئەوە بووە كە دەڵێ من پێشمەرگەم، قەت خۆی وەكو سەرۆكێك نەبینیوە. جەنابی سەرۆك بە كورسیی سەرۆكایەتی دروست نەبووە، بەڵكە بە خوێن و فرمێسك و زەحمەتی چەندەها ساڵ و قوربانیدان دروست بووە، خەڵكێك جەنابی سەرۆكی بە سەرۆكی خۆی قبووڵە بەو دەنگانەی كە خەڵك پێیان داوە. ئێستایش دەبێ هەر خەڵك ئەم بڕیارە بدات، كە كێ باشە و كێ باش نییە؟ لەبەر ئەوە پێمان وایە هەموو لایەنەكان ئەگەر بڕوایان وایە دەتوانن كەسی باشتر بدۆزنەوە، كە سەرۆكایەتیی ئەم قۆناخەی هەرێمی كوردستان بكات، با بزانین و با خەڵك بەرواردیان بكات، بە دڵنیاییشەوە خەڵك لە بیریەتی، كە كێ خزمەتی كردووە و كێ ئامادە بووە ڕووبەڕووی داعش بوەستێتەوە، كێ ئامادە بووە بەرانبەر پیلانی دەرەوە بوەستێتەوە، كێ ئامادە بووە زیاتر لە هەموو كەسێك داكۆكی لە یەكڕیزیی ماڵی كورد بكات و توانیویەتی پێگەی كورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەو ئاستە بگەیەنێ، كە ئێستا كورد وەكو بەشێكی سەرەكی لە هاوكێشەی نێودەوڵەتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە لە ناوچەكەیش جێگە و پێگەی خۆی هەبێ.  ئەمانە هەمووی لە سەردەمی جەنابی سەرۆك ئەنجام دراون، خەڵك هەموو ئەو شتانە دەبینێ و ناكرێ لە روانگەیەكی تەسكی حزبایەتییەوە سەیری ئەم بابەتە بكرێ و بە دڵنیاییەوە دەبێ بڕیارەكە بۆ خەڵك بەجێ بهێڵدرێ.

 

"بیرمان لەوە كردووەتەوە، كە نیشتمانی ئێمە ئێستا پێویستی بە چییە"
* بەڕێز (مەسروور بارزانی) ئێستا وشەی سازان لە میدیای كوردیدا زۆرترین قسە و باسی لەبارەوە دەكرێ، لە شەقامیش ئەو وشەیە بەر گوێ دەكەوێ. ئایا پێتان وایە سازان ئەلتەرناتیڤە بۆ هەموو فاكتە دیموكراتی و یاساییەكان؟
(مەسروور بارزانی): پێش هەموو شتێك، كە دەڵێن سازانی نیشتمانی، پێموایە سازانی نیشتمانی ئەوەیە، كە هەموو خەڵك لە وەرگرتنی بڕیاری سیاسیدا بەشدار بێت نەك تەنیا حزبەكان. ئەوەی‌ ئێستا دەكرێ، ئەمە سازانی حزبییە و سازانی لایەنە سیاسییەكانە لە نێوان ئەو حزبانەی كە پێكەوە دادەنیشن. پەنا بە خوا دەگەنە ئەنجام، ئەمە سازانی سیاسیی حزبە سیاسییەكانە و سازانی نیشتمانی نییە. سازانی نیشتمانی ئەوەیە، كە هەموو خەڵك مافی هەبێ بچێ دەنگ بدات. ئەمە سازانی نیشتمانییە. سەرەڕای ئەمە ئێمە پێمان وایە ئێستای هەرێمی كوردستان ئەوە دەخوازێ، كە هێزە سیاسییەكان پێكەوە بە گفتوگۆ ئەو بڕیارانەی دەیدەن لە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و نیشتماندا‌ بێت و ئەم دەستكەوتە حزبیانە بخەنە لایەكەوە، بارودۆخی ئێستا دۆخێكی دیكەیە  بە تایبەتی ئێمە وەكو پارتی بیرمان نەكردووەتەوە كە چ بۆ پارتی باشە، بەڵكە بیرمان لەوە كردووەتەوە، كە نیشتمانی ئێمە ئێستا پێویستی بە چییە؟ هەروەكو لە سەرەتاوە باسم كرد، گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكەدا روویان داوە و روو دەدەن، دەبێ ئێمە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین و ئامادە بین وەكو نەتەوە، وەكو نیشتمانێك چۆن دەستكەوتی زیاتر بۆ گەل و نیشتمانەكەمان بەدەست بهێنین. بۆیە ئەو سازانەی ‌باس دەكرێ گرینگە و نابێ بیر لە كەمینە و زۆرینە بكرێتەوە، چونكە ئەگەر بچیتە سەر ئەو بابەتە دیسان قسەی زۆر لەسەر ئەو بابەتە هەیە، ئەگەر بە قوڵی باس بكرێ.
* بەڕێزتان وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پێشتر لەگەڵ هاوپەیمانەكەتان لە پەرلەمانی كوردستان بۆچی ئەو بابەتانەی كە ئێستا بوونەتە كێشە لە پەرلەماندا، كارتان بە زۆرینە و كەمینە نەكرد؟
(مەسروور بارزانی): رێك ئەوەیە، كە ئێستا باسی دەكەم. ئێمە لە پارتی بە تایبەتی جەنابی سەرۆك هەمیشە داكۆكی لەوە كردووەتەوە، كە دەبێ یەكڕیزیی ماڵی كورد بپارێزرێ، هەتا ئەگەر لایەنێك لە رووی ژمارەیشەوە كەمینە بێت، بەڵام دەبێ حساب بۆ رای ئەم لایەنە بكرێ. بۆ نموونە: من پێتان دەڵێم، كاتێك رەشنووسی دەستوور بە دەنگی 96 ئەندام پەرلەمان پەسند كرا و بوو بە مافی خەڵك، دەبووایە خەڵك بڕیار لەسەر قبووڵكردن یا رەتكردنەوەی‌ ئەو رەشنووسە بدات، ئەو وەختە كە ئۆپۆزیسیۆن هەبوو، ئۆپۆزیسیۆن دژی ئەمە وەستا خەڵك ئەم رایە بدات، گوتیان دەبێ ئێمە لەجیاتی خەڵك بڕیار بدەین، ئێمە بەمە رازی نین، جارێكی دیكە ئەو مافە لە خەڵك سەندرایەوە، تەنیا هۆكارێك كە ئێمە رازی بووین ئەو رەشنووسە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی زیاتری لەسەر بكرێ بۆ ئەوە بوو هاودەنگیی لەسەر دروست ببێت. ئەو سازانەی كە ئێستا باسی دەكەن ئەو وەختە خۆیان داوایان دەكرد، ئەگەرنا ئەو وەختە 96 دەنگ، زۆرینەی رەها بوو، دەتوانرا بە زۆرینە ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە، هەروەها زۆر بابەتی تریش هەبوو. ئەگەر پارتی بیویستبووایە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن شت تێپەڕێنێ، دەیتوانی بیكات، بەڵام پەرۆشیی پارتی بۆ یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد و بۆ بەشداریكردنی هەموو لایەنەكان بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، ددانی بە خۆدا گرت و ویستی هەموو لایەك پێكەوە كۆ بكاتەوە بە تایبەتی لەسەر ئەو پرسە گرینگانەی كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێكەوە بڕیار بدەین‌، چونكە ئێمە هەمیشە لەو بڕوایەدا بووین، كە یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد گەرەنتیی سەركەوتنی ئێمەیە و بەرەو ئەو ئامانجەمان دەبات، كە ئامانجی هەموو میللەتی كوردە.  

 

"ناكرێ بێیت و بڵێی چونكە من ئەم پۆستەم هەیە پرەنسیپی زۆرینە و كەمینە جێبەجێ دەكەم"
* دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێكهێنانی حكوومەت ماوەیەكی زۆری خایاند، لەبەر ئەوەی تا بە سازان هەموو دەسەڵاتەكان دابەش بكرێ، واتە هەموو پۆستەكانی هەرێمی كوردستان بە پەرلەمانیشەوە بە سازان و رێككەوتنی سیاسی دابەش كراوە. ئایا دەرچوون لەم سازانە چ كاریگەرییەكی بەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان و حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا دەبێت؟
(مەسروور بارزانی): من لەوە تێناگەم ئێستا ئێمە چ پێویستمان بەوەیە بێین یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد تێك بدەین. ئەگەر بە زۆرینە و كەمینەیە دەبووایە لە سەرەتاوە لەسەر ئەم پرەنسیپە بڕۆیشتباین. ئێمەی پارتی سازانمان قبووڵ كرد و زۆر لەو دەسكەوتانە لەو پێگە حكوومی و پەرلەمانیەدا بە لایەنەكانی دیكە دراوە لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن نەبوو، پارتی ئامادە بوو واز لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی بێنی وەك لایەنی زۆرینە. راستە ئێمە زۆرینەی رەهامان نەهێناوە، بەڵام لە هەموو لایەنەكانی دیكە زیاتر كورسیمان هێناوە، هەم لە پەرلەمانی عێراق هەم لە پەرلەمانی كوردستاندا، كەچی سەرەڕای ئەوەیش بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكە بێنە ناو حكوومەتێكی بنكەفراوان و بەشدار بن لە پرۆسەی سیاسی، قبووڵمان كرد هەندێ لەو دەسكەوتانەی، كە هیی پارتییش بوون بدرێ بە لایەنەكانی دیكە، بۆ نموونە سەرۆكی هاوپەیمانی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر پارتی داكۆكی كردبا، بەوەی من زۆرینەی دەنگم هەیە دەبێ بۆ خۆم بێت، هەتا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش، كە پارتی 38 كورسیی هەیە، واتە لە لایەنەكانی دیكە زیاتر كورسیی هەیە لەبەر ئەوە دەیتوانی داكۆكی لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستەیش بكات، هەتا سكرتێری پەرلەمانیش. كەواتە ئێستا ئەم شتانەی كە دروست بوون پارتی وەختی خۆی بۆ ئەوەی ئەم سازانە دروست بێت، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان بەشدار بن و پێكەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی وڵات و خەڵكی خۆمان بدەین، قبووڵمان كرد پێكەوە ئیش بكەین و پێكەوە بڕیار بدەین و لەسەر ئەو بنەمایەیش ئەم پۆستانە دابەش كران. ئێستا ناكرێ بێیت و بڵێی چونكە من ئەم پۆستەم هەیە پرەنسیپی زۆرینە و كەمینە جێبەجێ دەكەم، كەواتە ئەگەر بوو بە زۆرینە و كەمینە دەبێ جارێكی دیكە لەسەر ئەم بنەمایە پۆستەكان دابەش بكرێتەوە، بۆیە ناكرێ ئەو كاتەی كە سازان خزمەتی لایەنێك بكات قبووڵی بكات، ئەو كاتەی دەرفەتی بینی بە زۆرینە و كەمینە شتێك تێپەڕێنێ و بڵێ من زۆرینە و كەمینە بە پرۆسەیەكی دیموكراتی دەزانم. راستە،‌ بەڵام ئەگەر وابێت فەرموون با لە سەرەتاوە دەست پێ بكەین و ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای زۆرینە و كەمینە دابەش بكەینەوە. لە ئێستادا ئێمە ئەوە ناكەین، بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئەوە قبووڵ ناكات، كە ئێمە ئەم یارییە سیاسییە لەگەڵ یەكتری بكەین، چونكە شتی زۆر گرینگتر هەیە، تەحەددای گەورەتر هەیە و دەبێ ئەو لایەنانە هەموویان پێكەوە ئیش بكەن و هیچیش نییە لایەنێك بۆ لایەنێكی دیكە لەسەر حسابی دەسكەوتی خۆی نەرمی بنوێنێ. بڕوا ناكەم كێشەیەك دروست بێت، بە تایبەتی ئێستا لەم بارودۆخەدا كوردستان پێویستی بە تەنگژەی سیاسی یا تێكچوونی دۆخی ناوخۆ نییە و بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێ.
* لەگەل ئەوەی چەمكی سازان وەكو باسم كرد لە میدیاكان زۆر باس دەكرێ، ئێستا لەناو بەشێك لە حزبە سیاسییەكان دەنگێك هەیە، ئەویش هەڵوەشانەوەی كۆتای پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانە لە پەرلەمانی كوردستان و كاریشی بۆ كراوە. باسكردنی سازان و هەڵوەشانەوەی كۆتای توركمان و ئەرمەن و مەسیحییەكان چۆن لەگەڵ بنەمای سازان و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان دێتەوە؟
(مەسروور بارزانی): شـتێك كە ئێمە دەبێ شانازیی پێوە بكەین، ئەم پێكەوەژیانەیە، لە دەرەوەیش ئەو رێزەی لە كوردستان دەگیرێ باوەڕ بكە زۆری بۆ ئەوەیە، خەڵكی كوردستان بە تێكڕا بڕوای بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان هەموو پێكهاتە و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە ‌ هەبووە، ئەمە شتێكە مەحاڵە وەكو پارتی بتوانین پشتی تێ بكەین و بەرگریی لێ نەكەین. من زۆر پێم سەیرە ئێستا باسی هەڵوەشانەوەی ئەم كۆتایانە دەكرێ، چونكە ئەم كۆتایانە بەپێی رێژەی دەنگدان بێت زۆربەی ئەو نەتەوانەی لەگەڵ ئێمە دەژین من ناڵێم كەمەنەتەوە، بەڵكە دەڵێم نەتەوە، ئێمە هەموومان خەڵكی كوردستانین، دەبێ ئەوانیش مافی خۆیان هەبێ و لە وەرگرتنی بڕیاری سیاسیدا بەشدار بن، چونكە پێكهاتەی سەرەكیی ئەم وڵاتەن. ئەوان وەكو ئێمە خەڵكی ئەم وڵاتەن و دەبێ بڕیاری خۆیان هەبێ، ناكرێ مەسەلەی زۆرینە و كەمینە بەسەر ئەوانیشدا بسەپێندرێ و بگوترێ نابێ كۆتای خۆتان هەبێ. پێویستە ئێمە رێز لە مافی ئەو نەتەوانە بگرین و هەموویشیان مافی ئەوەیان هەیە كە نوێنەری خۆیان لە پەرلەمانی كوردستاندا هەبێ. ئەمە بۆ هەموو لایەك گەورەییە كە پشتگیریی ئەم پرەنسیپە بكات. بە پێچەوانەوە پێم وایە مەبەستی سیاسیی لە پشتە و نایشكرێ ئێمە بێین لە لایەكەوە باسی پێكەوەژیان بكەین، بەڵام لە لایەكی دیكەوە بە روانگەیەكی تەسكی سیاسی لە گرینگیی ئەم نەتەوانە كەم بكەینەوە. وەكو پارتی ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردن لەوەی ئەم كۆتایانە دەبێ بمێنێن‌.

 

"دەبێ بەدیلی چارەسەرییەكە زۆر باشتر بێ لەوەی باسی لێ دەكرێ"
* بەڕێزتان وەكو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی چۆن دەڕواننە دانوستانی لایەنە سیاسییەكان و چۆن خەڵكی دڵنیا دەكەنەوە كە ئەنجامێكی باشی دەبێت بۆ ئەو كێشانەی ئێستا هەن؟
(مەسروور بارزانی): وەك پارتی بڕوامان بەوەیە كە دەبێ ئەو لایەنە سیاسیانە گفتوگۆ لەگەڵ یەكتری بكەن، بەڵام پێش هەموو شتێك دەبێ مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەكانیان لە بەرچاو بێت، ئێمە ئامادەین لە گفتوگۆكاندا بەردەوام بین، بەڵام لێرە هەندێ شت هەیە، كە پێویستە وەكو هەرێمی كوردستان كامە بابەت گرینگە ئەوانە بخەینە ئەولەوییەتی خۆمان و نایشكرێ بۆ خاتری دەسكەوتی حزبی یا ململانێی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، مەترسی بخەینە سەر هەموو ئەزموونی هەرێمی كوردستان. دەبێ ئەوەی هەیە، بیپارێزین لە هەمان كاتدا بیر لە چارەكردنی ئەو كێشە و گرفتانەیش بكەینەوە كە ئێستا هەن‌ و لایەنەكان قسەی لەسەر دەكەن. ئێمە لیژنەیەكمان هەیە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە خەریكی گفتوگۆن، كە چارەی ئەم گرفتانە بكەن، بەڵام پێش هەموو شتێك با ئەوەیش بڵێم، ئێمە خۆمان بە پارێزەری ماف و ئەم دەسكەوتانەی هەرێمی كوردستان دەزانین، نەك ئێمە بەڵكە هەموو خەڵكی كوردستان قبووڵی ئەوە ناكەن بۆ خاتری دەستكەوتی حزبی هەموو ئەزموونەكە بخرێتە مەترسییەوە، دەبێ بەدیلی چارەسەرییەكە زۆر باشتر بێ لەوەی باسی لێ دەكرێ. بێگومان ئەمەیش پێویستی بە لێكتێگەییشتن و گەییشتن بە تەوافوقێكی سیاسیی نێوان حزبە سیاسییەكان هەیە. ئێمە وەكو پارتی سەرقاڵی گفتوگۆین و هیوادارین ئەنجامێكی باشی هەبێ.
* لەو ماوەیەدا لێدوانێكی بەڕێزتان لەسەر شەڕڤانانی پەكەكە لە قەندیل لێكدانەوەی جیاجیای بۆ كراوە، بۆچوون و لێكدانەوەی بەڕێزتان بۆ ئەم بابەتە چییە؟
(مەسروور بارزانی): ئێمە وەكو نەتەوە مافی خۆمانە پشتگیری لە یەكتری بكەین لە هەر كوێیەكدا بێت. بەڵام لێرەدا هەندێ راستی هەیە دەبێ ددانی پێدا بنێین، ئەویش تایبەتمەندیی ئەم دۆخەیە كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە. كوردستان دابەش كراوە و هەر بەشێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەبێ ئێمە زۆر بە وردی بیر لە چۆنیەتیی چارەكردنی كێشە و گرفتەكان بكەینەوە لە هەر ناوچەیەكدا كە هەبێ. سوپاسی هەموو ئەو لایەن و هێزە سیاسیانە دەكەین چ لە رووی سەربازی و چ لە رووی سیاسیەوە پشتگیریی هەرێمی كوردستانیان كردووە، هەرێمی كوردستانیش بە هەمان شێوە بەردەوام پشتگیری لە مافی میللەتی كورد كردووە لە هەر پارچەیەكی دیكەی كوردستاندا، بەڵام ئێمە دەستێوەردان لە ئیشوكاری ئیداری یا دەسەڵاتی فەرمیی هەرێمی كوردستان بە بەرژەوەندی نازانین. پەكەكە كێشەی خۆی لە شوێنێكی دیكەیە، واتە پێویست ناكات لە هەرێمی كوردستان كە دەستگای فەرمی هەیە و دەسگای یاسایی هەیە، تەدەخول بكات، دەبێ پابەندی ئەم یاسا و رێنماییانە بێت كە هەرێمی كوردستان لەسەری دەڕوات. ئەگەر پێویستی بە هاوكاری هەبوو، بێگومان داوای هاوكاری لە هەر لایەنێك دەكات، ئەوكات‌ پێمان خۆش دەبێ یارمەتیمان بدرێ. ئێستا پێویستە لە هەموو لایەنێكەوە‌ رەچاوی ئەم تایبەتمەندییە بكرێ كە لە هەر پارچەیەكدا هەیە. ئێستا ئەوان كە وەكو میوان لێرەن‌، سوپاسمان كردوون و پەنا بە خوا كێشەی كورد لە توركیا و لە هەموو شوێنەكانی دیكەیش چارە دەبێت، ئەو وەختە ئێمەیش ئەگەر پێمان بكرێ یارمەتیدەر دەبین لە چارەكردنی كێشەكانیان و ئامادەیشین. من نازانم لێكدانەوەی چۆنی بۆ كراوە، بەڵام گوتوومانە ئەوانە ئەگەر مەبەستیان یارمەتیدانە دەبێ پابەندی ئەم رێنماییانە بن كە هەرێمی كوردستان داوای دەكات، ئەگەرنا تەحەدداكردنی ئەم دەسەڵاتە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە.
زۆر جاریش باسی ئەوە دەكرێ، كە كوردستان بۆ هەموو لایەك گۆڕەپانێكی كراوەیە. كەواتە دەبێ ئەم پرەنسیپە لەسەر هەموو لایەك جێبەجێ بكرێ، بۆ نموونە لە رۆژئاوای كوردستان ئێستا لایەنێكی سیاسی خۆی بە تاكە نوێنەری كورد دەزانێ. ئەمەیش وا نییە، چونكە خەڵكی دیكە و لایەنی سیاسی و سەربازی و چەكداری دیكە هەن و ئامادەن بگەڕێنەوە. ئەگەر وایە گۆڕەپانی سیاسی لە كوردستان بۆ هەموو لایەك كراوەیە، بۆ لە رۆژئاوای كوردستان كراوە نییە؟ بۆیە من دەڵێم پێویستە ئەو شتانە بە لێكتێگەییشتن چارە بكرێن، دەبێ ئێمە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەكەمان لە بەرچاو بێت، نەك دەستكەوتی سیاسی یا بۆ من چی بەرانبەر بە لایەنەكەی دیكە تێدایە و دەتوانم چەند دەستكەوت بە دەست بێنم، ئەمە پێچەوانەی ئەم پرەنسیپەیە. هیوادارین ئەو شتانە بە گفتوگۆ چارە بكرێن.

"پرسی سەربەخۆیی موزایەدەی سیاسی نییە"

* بەڕێز (مەسروور بارزانی) زۆر جار باس لە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكرێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان راشكاوانە ئەم بابەتەی باس كردووە. بە بۆچوونی بەڕێزتان ئەم پرسە لە چ ئاستێكدایە، هەروەها هەندێ جاریش هەندێ لایەن ئەم بابەتە بە موزایەدەی سیاسی دەزانن، ئەم بابەتە چۆنچۆنییە؟
(مەسروور بارزانی): ئەم پرسە موزایەدە نییە، ئەمە ‌مافی ئێمەیە. زۆر جاریش زۆر بە راشكاوانە باسمان كردووە كە ئەمە ئامانجی ئێمەیە و مافێكی سرووشتیی خەڵكی كوردستانە، كە دەبێ رۆژێك لە رۆژان كوردستان سەربەخۆیی خۆی وەربگرێ، بەڵام چۆنیەتیی وەرگرتنی سەربەخۆیی پرۆسەیەكە كە پێموا بێت لە قۆناخی جیاجیادا دەتوانین كاری بۆ بكەین بەو شێوازەی كە گونجاوە. ئێستا ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین بە زۆر سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنین، دەكرێ ئێمە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە تەفاهوم بكەین و زۆر بە خۆشی و بە گفتوگۆ هەتا لەگەڵ عێراق لەگەڵ لایەنەكانی دیكە باسی بكەین. ئەم دۆخەی ئێستای ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی و هەرێمی كوردستان، دەخوازێ ئێمە بیر لە چارەیەكی‌ دیكە بكەینەوە. ئێمە هۆكاری دابەشبوونی عێراق نین، ئەوەتا خۆتان دەبینن عێراق دابەش بووە، هەرێمی عەرەبی سوننە داعش حكومڕانی دەكات، هەرێمی شیعەی عێراق شیعە حوكمی دەكات، هەرێمی كوردستان كورد حوكمی لێ دەكات، جگە لەوەی وەكو نەتەوە كورد مافی خۆیەتی، ئەمە مافێك نییە كەس بە كوردی دابێت، زۆر جار جەنابی سەرۆك لەبارەی ئەو مافەوە دەفەرمووێ ئەم مافە لە كورد وەرگیراوە و دەبێ كورد جارێكی دیكە بتوانێ مومارەسەی ئەم مافە بكات. ئەم پرسە ئیشی بۆ كراوە و لە قۆناخێكی زۆر پێشكەوتوویشدایە. بەڵام لێرەدا یەك خاڵ هەیە كە زۆر گرینگە، ئەویش ئەوەیە‌ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەبێ ئەمە بخەنە سەرووی هەموو ئامانج و دەستكەوتە سیاسییەكانی خۆیانەوە. ئەگەر هەموو پێكەوە لەسەر ئەمە جەخت بكەینەوە و یەكڕیز بین، من دڵنیام كە زوو كوردستان وەكو وڵاتێكی سەربەخۆ دەبینین. ئەگەر لایەنەكانی دیكەیش ئەمە بە موزایەدە بزانن یا بە بیانووی بزانن بۆ ئەوەی لەسەر دەستی كەسێكەوە نەكرێ،‌ ئەو وەختە ئەم خەڵكە دەبێ ئەم لایەنانە بە بەرپرسیار بزانن كە بۆ ئێوە هاودەنگ نەبوون، بۆ یەكڕیز نەبوون، بۆ ئامادە نەبوون پێكەوە بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزە كار بكەن؟  هیوام وایە خەڵكی كوردستان پێش هەموو كەسێك پشتگیریی سیاسیی ئەم بیرۆكەیە بكات و گوشاریش بێنێتە سەر هەموو لایەنەكان كە ئەمە لە سەرووی هەموو ئامانجەكانی دیكەوە بێت و پەنا بە خوا ئەم پڕۆژەیەیش دەبینین و كوردستانیش بە سەربەخۆیی و ئازادی شاد دەبێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار