٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سلێڤانەیی: لایەنگرانی مالیكی دژایەتیی هەولێر و بەغدا دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لایەنگرانی (نووری مالیكی) دژی حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بۆ ئەوەی حكوومەت شكست بهێنێت و جارێكی دیكە (مالیكی) بێتەوە سەر حوكم، بۆ ئەو مەبەستەیش شەقامی شیعی بە تۆمەتی جیاجیا بۆ لایەنەكانی دیكە، دەجوڵێنن.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (حاكم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، خەڵكی هەرێمی كوردستان داوای مافی خۆیان لە حكوومەت دەكەن و حكوومەتیش ناچار نییە لەسەر بەغدا بوەستێت بۆ ئەوەی بودجەی بەزۆر بۆ بنێرێت و پابەندی رێككەوتن نەبێت و یاسای بودجە پێشێل بكات، بۆیە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی نەوتی خۆی بفرێشێت و نەیدات بە بەغدا.
(سلێڤانەیی) گوتیشی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێ بەو شێوەیە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت كە بەپێی رێژەی نەوت پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، چونكە رەنگە مانگێك بە هۆی كێشەی تەكنیكی یاخود هەر كێشەیەكی دیكەوە نەوت نەچێت بۆ دەرەوە، ئەو كات هەرێمی كوردستان بێ پارە دەمینێتەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك ئەوەی بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان دەیكات، ستەمە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، گرووپێك لە بەغدا هەیە دژی هەرێم و بەغدا كار دەكات كە لەناو دەوڵەتی یاسادایە و سەر بە (نووری مالیكی)ـن و شەقامی شیعی دەجووڵێنن و گوشار لەسەر حكوومەت دروست دەكەن كە هەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشێت و دەیانەوێت سەربەخۆ بن، ئەمەیش هەمووی بۆ ئەوەیە كە حكوومەتی عێراق شكست بهێنێت و جارێكی دیكە (مالیكی) بێتەوە سەر حوكم.
گوتیشی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەوان پابەندن نین، بۆیە هەرێم ناچارە رێگای دیكە بگرێتە بەر، لەبەر ئەوەی ئەركی قورسە و پێویستی بە پارە هەیە.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار