لە یەمەن شەڕ ەبرپا بووەوە

یەمەن-KDP.info- بە هەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕی یەمەن بۆ ماوەیەکی کورت ڕاگیراوە، سەرەڕای ئەوەی کە هەموو لایەنە بەشدارەکانی شەڕ پێشوازییان لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە کردووە، بەڵام دوو سەعات دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە گرژی و پێکدادان بەرپا بووەتەوە.
پاش ئاگربەستە سەرنەگرتووەکەیەش هاوپەیمانیەتی عەرەبی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان هێرشی ئاسمانییان بۆ شارەکانی سەننا و تایز ئەنجام داوەتەوە، بەو هۆیەیشەوە چەند تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویان داوە و، کوژراو و قوربانی لێکەوتووەتەوە.
حەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بەپەلە داوای ڕاگرتنی شەڕیکرد، وە ئاگربەست ڕاگەێندراو و لە ناوەراستی شەوی هەینیەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاژانسەکانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەڵێن، زیاتر لە (٢١) ملیۆن کەس کە نزیکەی (٨٠%) یەمەنن پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیەو بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە حاڵەتێکی مرۆیی خراپدان، وە هیوایشیان خواستوە کە شەڕ بۆ ماوەیەکی درێژتر لە حەفتەیەک ڕابگیرێت.
شیاوی گوتنە، وڵاتانی هاوپەیمانیەتی عەرەبی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە هێرشی ئاسمانییان بۆسەر حوسییەکانی یەمەن دەستپێکردووە بە ئامانجی وەرگرتنەوەی ناوچەکانی ژێردەستیان و ڕادەستکردنەوەیان بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی (عەبد ڕەبو مەنسور هادی).
وڵاتانی کەنداو، ئێران تۆمەتبار دەکەن بە هاوکاریکردنی دارایی و سەربازیی حوسییەکان، لەبەرانبەریشدا ئێران ئەوە ڕەت دەکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکانیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە (٣٠٠٠) کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە کوژراون.
یەمەن پێگەیەکی ستراتیژیی بەهێزی هەیە چونکە گەرووی بابولمەندەبی تێدایە، کە هەردوو دەریای سوور و کەنداوی عەدەن پێک دەگەیێنێت و، زۆربەی نەوتی جیهان بەوێدا تێدەپەڕێت.
و/ خالید ئەحمەد




