ئایدۆلۆجیاى ئەنتى پارتى

سامان ڕەشید
ئایدۆلۆجیا سیستەمێکى فیکرییە لەپێناو شیکردنەوە و ڕاڤەکرنى واقعى سیاسى، کۆمەڵایەتى، ئابوورى، وێناکردن و ئاراستەکرنى بژاردەى لۆجیکى بۆیان و کۆکردنەوەى بەرژەوەندییەکانى کۆمەڵگا یان تاکەکان لە ڕێگاى ئەو سیستەمە فیکرییە.
ماوەیەکى زۆرە چەند حزبێکى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، دژبوونى پارتى دیموکراتى کوردستانیان کردووەتە ئایدۆلۆجیا و هەمیشە کاریان لەسەر چاندنى دژایەتى و ڕق و کینە لە ناخ و عەقلى ئەندام و لایەنگرانیاندا کردووە، ئایدۆلۆجیاى دژ بە پارتىبوونیان کردووەتە ئامرازێک بۆ لە قاڵبدانى ئەقڵى دانیشتوانى سنوورى ئەو ناوچەیەى کە تێیدا دەسەڵاتدارن.
گەرچى لە ڕووکەشدا هەندێک لەو پارتانە، ئیدعاى ئایدۆلۆجیایەکى گلوباڵ دەکەن، بەڵام لە واقعدا ڕەتکردنەوە و رق و کینە و دژبوونى پارتییان کردووەتە ڕێگا لۆجیکییەکان. ئەم جۆرە کارکردنەى ئەو پارتانە واى کردووە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دابەشبوونى کۆمەڵایەتى لێ بێتە بەرهەم.
ئەم حزبانەى کە بەم ئاراستەیەدا کاریان کردووە، نزیکبوونەوەیان یان ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتى بە هۆکارى دابەزین و داکشانى دەنگەکانیان دەزانن، ئەمە سەلمێنەرى ئەو فاکتەیە کە ئەنتى پارتى لەلاى ئەندام و لایەنگرانیان پرنسیپە و هەرکات پێچەوانەى ئەو پرنسیپە کە هەمیشە کاریان لەسەر کردووە، نزیک بنەوە یان ڕێککەوتن لەگەڵ پارتى بکەن، سزادانى جەماوەرى لێ دێتە بەرهەم. بۆیە ڕێککەوتن یان نزیکبوون لەگەڵ پارتى بە دابڕان و تۆرانى لایەنگرانیان دەزانن.
کاتێک ئەنتىبوون دەبێتە ئایدیاى لایەنێک، لەوێوە دابەشبوونى کۆمەڵایەتى سەرچاوە دەگرێت. کاتێک رق و کینە لە ناخى تاکەکان دەچێنرێت، ئەوا بێگومان هیچ بوارێک بۆ یەکتر قبووڵکرن نامێنێت. ئەو کاتەى کە عەقڵى تاکەکان لە قالب دەدرێت بە ئایدیاى دژ، لەوێدا مراندنى عەقڵ سەرهەڵەدات، مردنى عەقڵ نەک بە مانا فیزیکییەکەى بەڵکو مراندنى عەقڵ بەوەى هیچ بوارێک بۆ وەزیفەکانى بیرکردنەوەى ڕیالیستى و واقعى نامێنێتەوە بۆ دۆزینەوەى ڕێگا لۆجیکییەکان. ئەمەش رێگا بۆ سۆز و ناخە کارپێکراوەکان خۆش دەکات کە بڕیاردەربن لە برى عەقڵ.
ئەم ئەنتىبوونە زۆر جار کاریگەرى زۆر خراپى لەسەر کایە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە، تەنانەت بووتە لەمپەریش بۆ بەرەوپێشچوونى ئەزموونى هەرێمەکەمان. دژایەتىکردنى پرۆژە نەتەوایەتى و نیشتمانییەکانى پارتى وەک پرۆژەى سەربەخۆکردنى ئابوورى هەرێم و پرۆژەى سەربەخۆبوونى هەرێم و پرۆژەى دەوڵەت، لە بوونى پرۆژەى باشتر سەرچاوەى نەگرتووە، بەڵکو تەنها لە چوارچێوەى ئەو پرنسیپەیە کە دەبێت هەر چۆنێک بێت دەبێت دژبن. ئەوەى جێگاى تێڕامانە تا ئێستا ئەندام و لایەنگرانى ئەم پارتانە نەیانتوانیوە خۆیان لەو ڤایرۆسە بپارێزن، بێ ئاگایانە بڕیار لەسەر کۆى مەسەلەکانمان ئەدەن بێ ئەوەى درک بەو نەخۆشییە بکەن کە بڕیارەکانیانى ئفلیج کردووە. کوێرانە بڕیار لەسەر کۆى هەموو پرۆژەکانى پارتى دەدەن بێ ئەوەى خوێندنەوەیان بۆ کردبێ.
پێویستە ئەو عەقلانەى کە قفڵى ئایدیاى دژبوونى لایەنەکانى لێدراوە، خۆیان ئازاد بکەن و بوار بۆ لۆجیک خۆش بکەن لە دۆزینەوەی ڕێگاى واقعی. پێویستە خۆیان داماڵن لەو ئەرگۆمێنتە دژبوونەى کە عەقڵ و ناخیانى داگیر کردووە. پێویستە بڕیارەکانیان زادەى بیرکردنەوەى عەقڵانى بێت و دید و جیهانبینییان لە دەرئەنجامى پرۆسەى خوێندنەوەى واقع بێت، پێویستە خۆیان داماڵن لەو بەرگە ئەنتىبوونە کە چەندین ساڵە لایەنەکان پێى لەبەرکردوون و هەمیشە بۆیان نوێ دەکەنەوە.




