٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا: ستراتیژی لەڕەگەوەهەڵكێشانی داعش لە ئەولەویاتی كارەكانمە

سەرچاوە: KDP.info

 

ئەمەریكا-KDP.info- كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە پارتیی كۆماری دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەر كەوت، ئەوا ستراتیژی لەڕەگەوەهەڵكێشانی داعش لە ئەولەویاتی كارەكانی دەبێت. گوتیشی: "پێویستە دابەزینە سەر زەوی بۆ ئەوەی خەلافەتەكەی داعش ریشەكێش بكەین".

(لیندسی گراهام) كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە پارتیی كۆماری رایگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەر بكەوێت، ئەوا ستراتیژی لەڕەگەوەهەڵكێشانی داعش لە ئەولەویاتی كارەكانی دەبێت، هەر بەو جۆرەی كە لە ساڵی 2006ـدا (پەترایۆس) بۆ لێدانی رێكخراوی قاعیدە پیادەی كرد.

گوتیشی، "پێویستە دابەزینە سەر زەوی بۆ ئەوەی خەلافەتەكەی داعش ریشەكێش بكەین".

(گراهام) ئاماژەیشی دا: "تەنیا رێگەچارە بۆ قەیرانی عێراق پیادەكردنی ستراتیژییەتی شەپۆلە، شەپۆل واتا ناردنی سەرباز بۆ عێراق بۆ ئەوەی لەسەر خاك شەڕ بكەن بە ژمارەیەكی زۆر و بە تەواوی تواناكانەوە، هەروەك پێشتر ژەنەرال (پەترایۆس) پیادەی دەكرد".

كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە پارتیی كۆماری ئەوەیشی خستە ڕوو: "پێویستە لەسەر ئەمەریكا دەستبەجێ 10 هەزار سەرباز بۆ عێراق بنێرێت بۆ ئەوەی لە دژی داعش دەستبەكار بن، چونكە سەركەوتن بەدەست نایەت ئەگەر بە كردەوە شەڕ نەكەیت، بۆیە داوا لە حكوومەتی ئێستای ئەمەریكا دەكەم ئەو ستراتیژە جێبەجێ بكات ئەگەر دەیەوێ سەر بكەوێت".

(لیندسی گراهام) لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە ئەفغانستان و عێراق ناڕەزایی خۆی دەربڕی و گوتی، ئەگەر دەسەڵات بگرێتە دەست عێراق و ئەفغانستان جێ ناهێڵێت.

گوتیشی: "ناڕۆین تاكو كارەكان راست نەكەینەوە، ناڕۆین لەبەر ئەوەی كاتەكە تێپەڕی، توندڕۆیە ئیسلامییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (دینداری نازین) پێویستە كاری خۆمان ڕاپەڕێنین بۆ ئەوەی قوربانییان پێ نەدەین".

كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا ئەوەیشی گوت: "پێویستە دابەزینە سەر زەوی بۆ ئەوەی خەلافەتەكەی داعش ریشەكێش بكەین، ئەگەر لەوە دەترسی دەنگ بە من مەدە، كاری سەرەكیی من ئەوەیە، دووبارە سەرباز بۆ عێراق بنێرم و بڵاوەیان پێ بكەم".

 

هەواڵی پەیوەندیدار