عارف ڕوشدی: ناکرێ گهلهكۆمە له توركمان و مهسیحی بكرێ

ههولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، هەوڵی کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان هاوکارییە نێودهوڵهتییهكان بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.. جەختیش دەکاتەوە، تورکمان و مەسیحی پێکهاتەی ڕەسەنی هەرێمی کوردستانن و، ناکرێ و رەوا نیە لەسەر هەڵوێستێکی ئازاد و نیشتمانی و سیاسی گەلەکۆمەیان لێ بکەن.
(عارف ڕوشدی) راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەر لە دێرزەمانەوە هەرێمی کوردستانە ئایینی جیاجیای تێا بووە و، بێجگە لە کورد خۆی خەڵکی تریشی لێ ژیاوە و، کورد هەمووی گرتوونەتە خۆ و، بە جوانی پێکەوە هەڵیانکردووە؛ لە دوای ڕاپەڕینیشەوە کەشوهەوایەکی لەبارتر پەیدا بووە بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتییشدا، وڵاتانی دیموکراتیکی دنیا قیمەتی ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی هەرێم چاک دەزانن و، هەر بۆیەش کە داعشە دڕندەکان هێرشیان هێنا، پشتیوانییان کردین."
(عارف ڕوشدی) گوتیشی، چۆن دەبی هەندێک هێزی سیاسی لەپێناو حەزی نالەبار و ناڕەوا ئەم دۆخە لەبارەی هەرێم لەبار ببەنەوە و، کۆمەڵگای جیهانیمان لێ بخەنە شک و گومانەوە؟
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، تورکمان و مەسیحی پێکهاتەی ڕەسەنی هەرێمی کوردستانن و، ناکرێ و ڕەوا نییە لەسەر هەڵوێستێکی ئازاد و نیشتمانی و سیاسی گهلهکۆمەیان لێ بکرێت و، سزا بدرێن.
دەیشڵێت بە کەمکردنەوەی کورسیەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ناووناتۆری ناشیرین، زەرەرە بۆ ناوبانگی هەرێم و، پرسی نەتەوەکەمان و، پاڵپشتی وهاوکاریەکانی دەرەکی دەخاتە مەترسییەوە، نەخاسمە گەلەکەمان لە قۆناغێکی چارەنووسسازدایە و، چاوەڕوانی هەلێکی دیرۆکین کە بڕیاری دامەزراندی دەوڵەتی دیموکراتیکی سەربەخۆی کوردستان بدەین.
راشیگهیاند، پێویستە ئەو لایەنانە بەرپرسانەتر بیر بکەنەوە و، بڕیارێک وا نەدەن و، هەنگاوێکی وا هەڵنەگرن ئەزموونی دیموکراتیکە تازە پێگەیشتووەکەی هەرێمەکەمان لەکەدار ببێت.
بڵند ئیبراهیم




