لە خورماتوودا هاووڵاتییهك ڕەشكوژ کرا و پێنجیش ڕفێندران

خورماتوو-KDP.info-ئەمرۆ لە شارۆچكەی خورماتوو لە لایەن ژمارەیەكی چەكداری تیرۆریستەوە، هاووڵاتییەك كوژراو پێنج هاووڵاتی دیكەش ڕفێندران و تاوەكو ئێستایش چارەنووسیان نادیارە.
بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، (محەمەد فایەق) بە ماڵپەڕی فهرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە نزیك فەرمانگەی كشتوكاڵی خورماتوودا، چەند چەكدارێک عەرەبە سوننەکەیان دایە بەر گوللە و كوشتیان؛ عهرهبهكه دانیشتووی شاری كەركووكە."
محەمەد فایەق ئاماژەشی دا، هەر ئەمڕۆ لەسەر جادەی سەرەكی خورماتوو، لە نزیك بارەگای حزبی شیوعیی كوردستاندا، چەند چەكدارێک بە دوو توێتادەبڵەوە پێنج عەرەبی سوننەیان ڕفاند؛ هەرپێنج ڕفێندراوەكە خەڵكی شارەدێی جەبارەی پارێزگای دیالەن."
كاروان جاف




