ڕۆمیۆ هه‌كاری: لێ ناگەڕێین كۆتا کەم بکرێتەوە..بهێڵن با كوردستان ئارام بێت

هه‌ولێر-KDP.info- سكێرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی بێت نه‌هرێن له هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند، هه‌ندێك له حزب و لایه‌نه‌كان هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسی كۆتاكان ده‌ده‌ن، ئێمه‌ی كلد و ئاشووری، ئه‌و کارەمان پێ ناخۆشە و، لێ ناگەڕێین سه‌ر بگرێت، چونكه ئه‌مه شتێكی باش نیه و بۆ دیموكراسی خراپە و، پێكه‌وه‌ژیان وا نابێت و، ئه‌و کوردستانە ئارامەمان لێ تێک دەدات.
(ڕۆمیۆ هه‌كاری) سكێرتێری گشتی حزبی دیموكراتی بێت نه‌هرێن له هه‌رێمی كوردستان، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئێمه و شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان، باسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ده‌ستوور و كۆتاكان كرا، ئێمه‌ی کلد و ئاشوورییش، هەرچوار لایه‌نەکەمان تێبینی و تێڕوانین و پێشنیاره‌كانی خۆمان پێشكه‌شی شاندی پارتی كرد، داوامان كرد كه ده‌بێت مه‌بده‌ئی ته‌وافق و سازان په‌یڕه‌و بكرێت، كه ئێستا كێشه‌ی تێ کەووتووە له گۆڕه‌پانی سیاسەتدا؛ بۆچوونمان له یه‌كدییەوە نزیكە؛ له خاڵێکدا باس له كۆتاكان كرا، ئێمه دژی ئه‌وه‌ین هه‌ر هه‌وڵدان و بیربۆچوونێك بۆ نه‌هێشتنی كۆتاكان، كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵێكی له‌و شێوه‌یه هه‌یه، داوایشمان له پارتیی دیموكراتی كوردستان كرد، پشتگیری ئێمه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له كۆتاكان نه‌درێت، به پێچه‌وانه‌وه ئێمه نیازی ئه‌وه‌مان هه‌بوو كه كورسیی كۆتا زیاد بكرێت نه‌ك كه‌م بكرێته‌وه، جێگری سه‌رۆكی پارتی به هێزه‌وه هاته ناو بابه‌ته‌كه‌وه و زۆر به‌گرنگی باسی كرد و پاڵپشتی و پشتگیریی لێمان کرد."
گوتیشی: "چه‌ند مانگێكه هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی هه‌وڵ ده‌ده‌ن، ڕێژه‌ی كورسیی كۆتاكان كه‌م بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش شتێكی باش نییه و، بە زیانی دیموكراسی ده‌شکێتەوە و مه‌به‌ست لێی بۆ تێکدانی پێكه‌وه‌ژیان و ئه‌و ئارامییه‌ی هه‌رێمی كوردستانه"..رۆمیۆ داوای كرد كه بهێڵن كوردستان ئارام بێت و رووی له چوارلایه‌نه‌كه (گۆڕان و یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو) بوو كه ده‌ست له‌و كاره هه‌ڵگرن.
ڕابین شێروانی




