٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ژمارەی ئاوارەكانی سووریا لە وڵاتانی دەوروبەر، چوار ملیۆنی تێپەڕاندووە

سەرچاوە: KDP.info

سووریا-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بی‌بی‌سی" بە هۆی سەرهەڵدانەكانی سووریا و گرژییەكانی گرووپە توندڕۆكان و داعشەوە، ژمارەی ئاوارەكانی سووریا لە زیادبووندایە، ئەوانەی كە دەربەدەرن و ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون، چوار ملیۆن كەس زیاترن. هەروەها لەوەتی سەرهەڵدانەكانیش دەستیان پێكردووە، زیاتر لە حەوت ملیۆن كەسی دیكەیش لە ناوخۆی وڵات دەربەدەر بوون.

(ئەنتۆنیۆ گیوتێرس) بەرپرسی ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران گوتی، "ئەوە خراپترین قەیرانی مرۆیی سەردەمی ئێمەیە".
هەروەها كۆمسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران ئاماژەی دا، زۆرترین ئاوارەی سووریایی ڕوویان لە توركیا كردووە كە ڕێژەكەیان زیاتر لە (١،٨) ملیۆن كەسە و، (١،٢) ملیۆن كەسیش لە لوبنانن و، (٦٢٩) هەزار كەسیش لە ئوردنن. هەروەها (٢٧٠) هەزار كەسیش كەیسی پەنابەرییان لە ئەورووپا بۆ كراوەتەوە.  هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە، لە چوار ساڵی ڕابردووی گرژییەكانی سووریادا، زیاتر لە (٢٣٠) هەزار كەس كوژراون.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای هاوكاریی زیاتری كردووە بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپا و لەو بارەیەوە گوتی، "ئێمە نائومێد بووین، كە نازانین چی لەو هەموو پەنابەرە بكەین، خەڵكێكی زۆر مەترسیی لەدەستدانی گیانیان لەسەرە، ئەوە كارەساتێكی خراپی مرۆییە، بارودۆخێكی خراپە كە ناوچەكە تێی كەوتووە و، داوا لە ئەورووپا دەكەین كە هەست بە بەرپرسیارەتیی زیاتر بكەن".
ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بە كەمیی پارەی خەمڵێنراو بۆ پەنابەرە سووریاییەكان كردوە و دەڵێت، كەمتر لە چارەگی ئەو (٥،٥) ملیار دۆلارەیان وەرگرتووە كە وەكو هاوكاری بۆ ئاوارە سووریاییەكان دیاری كرابوو.
شیاوی باسە، لە ڕاپۆرتەكەی "بی‌بی‌سی"ـدا باسی ئەو ڕێژە زۆرە ئاوارە سووریاییانە نەكراوە كە لە كوردستاندا نیشتەجێن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە كوردستان بۆخۆیشی لە جەنگی دژی داعشدایە.
و: خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار