بەغدا هیچ هاوکاریێکی ئەو 16 هەزار ئاوارەیەی سۆرانی نەکردووە

سۆران-KDP.info- تا ئێستا زیاتر لە 16 هەزار و 200 ئاوارە روویان لە دەڤەری سۆران كردووە و، رۆژانەیش ئەو ژمارەیە روو لە بەرزبوونەوەیە.
(عەباس ئەمیر) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، هاتنی ئاوارەكان بۆ دەڤەری سۆران بەردەوامە و زۆربەی ئەو ئاوارانەیش كە دێن، خەڵكی ئەنبار و ڕەمادین.
گوتیشی، "ئێستا لە هەر چوار شارۆچكەكەی سۆران "مێرگەسوور، چۆمان و رواندز" 3 هەزار و 300 خێزانی ئاوارە نیشتەجێن، كە ژمارەیان 16 هەزار و 200 كەسە، هەندێك خێزانی ئاوارەیش تا ئێستا تۆمار نەكراون، رۆژانە تیمەكانی ئێمە بە هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان ناوی خێزانە ئاوارەبووەكان تۆمار دەكەن.
(عەباس) زیاتر ڕوونی كردەوە، "ئێمە وەك لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوام هاوكاری بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش دەكەین، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دریخیی نەكردووە لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق هیچی بۆ ئاوارەكانی سۆران نەكردووە".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران ئاماژەیشی دا، "ئەو ئاوارانە زۆربەیان لە سنووری شارۆچكەی سۆران نیشتەجێ بوونە، ئەوانی دیكەیش بەسەر شارۆچكە و شارەدێكانی دیكەدا بڵاو بوونەتەوە، هەندێك لەو ئاوارانە كەمپیان بۆ دروست كراوە و لەناو كەمپەكاندان، ئەوانی دیكەیش لە لای خزم و كەسانی خۆیان و قوتابخانە و شوێنەكانی دیكە شوێنیان بۆ كراوەتەوە، ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كەمپێكی گەورە بۆ ئاوارەكانی دەڤەری سۆران دروست بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاوارانە لەو كەمپەدا نیشتەجێ بكرێن، تا بتوانین زیاتر خزمەتیان بكەین".
رابین شێروانی




