٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: ئەو رێككەوتنەی ئێستا گونجاو نییە..پێشنیازی نوێی خۆمان گەیاندووە بە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە هیچ بڕیارێك نییە ئێمە بچینە بەغدا، بەڵام ئەگەر پێویست بكات ئەوا ئامادەین بچین، گوتیشی:'' پێشنیازی نوێی خۆمان گەیاندووە بە بەغدا".
(نێچیرڤان بارزانی)  لە وەڵامی پرسیاری رووداو دا رایگەیاند:  "وەكو پێشتر روونكردنەوەم داوە ئێستاش جەختی لەسەر دەكەمەوە، كە ئەو رێككەوتنەی ئێستا لە رووی ئابوورییەوە بۆ هەرێمی كوردستان گونجاو نییە و پێموایە كە بەغداش لەوە تێدەگات كە كێشەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گەورەن".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات كە "خەریكە داڕمانیێكی زۆر گەورە لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت بە هۆی ئەوەی شەڕی داعش هەیە، زیاتر لە 1 ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان 2 بۆ 3 مانگە مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2014 میزانییەی هەرێمی كوردستان بڕدراوە".
لە درێژەی گوتەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "واجبە لەسەر ئێمە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بدەین و هیوادارین بەغداش تێگەیشتنی هەبێت".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی " ئایا حكوومەتی هەرێمی كورستان پێشنیازی نوێی هەیە بۆ بەغدا؟" (بارزانی) رایگەیاند: "هەرچەندە ناتوانم باسی هەموو وردەكارییەكان بكەم، بەڵام ئێمە لە رێگەی (رۆژ نوری شاوێس)، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشنیازی نوێی خۆمان گەیاندووە بە بەغدا و خەریكی گفتوگۆكردنین لەگەڵیان".

هەواڵی پەیوەندیدار