٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: تەحەدییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان زۆر لە خیلافی لایەنە سیاسییەکان گەورەترن.. دەبێ وێکڕا بەرەوڕوویان ببینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە مەسیحییەکانی کوردستاندا، (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، ئەوەی گرینگە دەبێ ئەو تەحەدییانەی بەرەوڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، پێکەوە بەرەوڕوویان ببینەوە؛ چونکە تەحەدییەکان زۆر لە خیلافی لایەنە سیاسییەکان گەورەترن.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 8/7/2015 نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و شاندێكی باڵای یاوەری سەردانی بارەگای گردبوونەوەی كلدانی سریانی ئاشووری لە شارۆچكەی عەنكاوە كرد.

 

لە كۆبوونەوەیەكدا باس لەو كێشانە كرا كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەن بە تایبەتی پرسەكانی نووسینەوەی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەشەوە جەخت لەوە كرایەوە پێویستە ئەو كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێن و پێویست ناكات كێشەی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بكرێن.

 

دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە نەهامەتییەكانی مەسیحییەكان كرا بە تایبەت دوای هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ مووسڵ كە ڕووبەڕووی دەربەردەری و ئاوارەیی و زیانی زۆر بوونەوە و باسیان لەوەش كردووە كە چۆن دەتوانن زیاتر هاوكارییان بكەن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن و ئاوارە و پەنابەرانیشی بە خاوەن ماڵ زانی و ئاشكرایكرد كە هەرێمی كوردستان دەرگای بۆ ئەوان كراوەیە و ئەوەی لە توانادا بێت بۆ هاوكارییكردنیان لە هەرێمی كوردستان دەیكەن تا ئەو كاتەی شوێنەكانیان ئازاد دەكرێن و بە ڕێزەوە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

هەروەها ئاشكرای كرد لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی نووسینەوەی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پاشەڕۆژی هەرێم كراوە و هەردوولا جەختیان لەوە كردووەتەوە كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان زیاتری هەموو شتێك پێویستیی بە ئارامیی سیاسی و كۆمەڵایەتییە بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی لەوانەش شەڕی دژی داعش و قەیرانی دارایی و ژمارەیەك كێشەی دیكە. هەروەك سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ هەڵوێستیان دەربڕی و هیوای خواست كۆبوونەوە و دیدارەكان بەردەوام بن بۆئەوەی هەموو لایەك بەیەكەوە بگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا بێت.

 

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە دەلێن حزبە مەسیحییەكان پاشكۆی پارتیین، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كە هەرچەند ئەو بە فەرمی ئەم تاوانباركردنەی لە هیچ لایەنێك نەبیستووە، بەڵام نەتەوەكانی توركمان و كلد و ئاشووری و سریان لەم وڵاتەدا ڕەسەنایەتییان هەیە و ئەوان لەسەر بنەمای ڕێژە و ژمارە مامەڵەیان لەگەڵ ناكەن، بەڵكو ڕەگ و ڕیشەیەكی قوڵیان لە هەرێمی كوردستان هەیە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و لایەنەكانی دیكەش هەر بەو شێوەیە سەیری نەتەوە جیاوازەكان دەكەن. ئەوەشی خستە ڕوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە جوانی كوردستان لەوەدایە هەموو نەتەوەكان بە یەكەوە و بە ئاشتی و تەبایی تێیدا دەژین، بۆیە هەر كارێك كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی پێگەی ئەم نەتەوانە، وەك پارتی لەگەڵی نابن و لە دژی دەوەستن و دڵنیایی خۆی پیشاندا كە هەموو لایەنەكانی دیكەش هەر بەم شێوەیە بیر دەكەنەوە.

 

پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشی بە پرسێكی سیاسی زانی و دووپاتی كردەوە دەبێت لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكوومەت پەرلەمان، ئەم پرسە یەكلایی بكەنەوە و بە هەموو لایەك بگەنە چارەسەرێك. ئاماژەی بەوەش دا ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لایەنەكان دەیكەن بۆ ئەوەیە بگەنە سازان و ئەمەش بە كۆبوونەوەیەك بەدەست نایەت و چەند كۆبوونەوەیەكی پێویستە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموو لایەك بۆ بەرژوەندیی وڵات بڕیار بدەن و ناكۆكییەكان بدەنە لایەك چونكە تەحەدیاتی بەردەم هەرێمی كوردستان زۆر لە ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكان گەورەترن و هەموو لایەنەكانیش درك بەوە دەكەن.

 

دەربارەی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر مانەوەی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستانی عێراق، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە گۆڕەپانی كاری پارتی كرێكارانی كوردستان، هەرێمی كوردستانی عێراق نییە، بەڵكو توركیایە كە دروشمەكەشیان ئەوەیە پرسەكەیان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن، بۆیە ئەوان لە هەرێمی كوردستان میوانن و چەندین ساڵە هەر لە هەرێمی كوردستانن و هاوكاریی كراون و ڕۆژێك دێت ئەوان لەگەڵ توركیا بنگەنە چارەسەرێك و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

 

لای خۆیەوە عەمانوئێل خۆشابا بە ناوی گردبوونەوەی كلدانی سریانی ئاشوورییەوە باسی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی كرد و ئاماژەی بەوە دا پێویستە كێشەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە چارەسەر بكرێن چونكە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی زۆر بووەتەوە و ناكرێت كێشەی دیكەی بۆ زیاد بكرێت. ئاشكراشی كرد هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕەوشی كلدان و ئاشوور و سریانەكان كراوە و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە سنگێكی فراوانەوە پێشنیازەكانیان وەرگرتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار