٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یونادم یووسف که‌ننا: میللەتان کە بەرەوڕووی شەڕ دەبێتەوە، پرسە نێوخۆییەکان وەلا دەنێن و یەک‌دەگرن، دەبێ ئێمەیش وا بکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  هاوکات (یونادم یووسف که‌ننا) دەڵێت، لە نێو میللەتاندا کاتێک وڵاتێک میللەتێک بەرەوڕووی شەڕ دەبێتەوە، هەموو پرسە نێوخۆییەکان وەلا دەنێن و یەکدەگرن، بۆیە دەبێ ئێمەیش یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بین، نەک خۆمان بە پرسە نێوخۆییەکانەوە خەریک بکەن. هاوکات (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، بزووتنەوەی ئاشووری لە هەڵوێستەکانیدا لە چوارچێوەی بەژەوەندیی ئەم وڵاتەدا بڕیاری دروستیان داوە، ئەمڕۆیش جەختمان کردووەتەوە کە ئەوەی لە هەرێم هەیە، تابلۆیەکی جوانی نێوان پێکهاتەکانە.

دەربارەی شەڕی داعش و ئاوارەکان و ئەو پرسانەیشی پێوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە. بزووتنەوەی ئاشووری لە هەڵوێستەکانیدا لە چوارچێوەی بەژەوەندیی ئەم وڵاتەدا بڕیاری دروستیان داوە، ئەمڕۆیش جەختمان کردووەتەوە کە ئەوەی لە هەرێم هەیە، تابلۆیەکی جوانی نێوان پێکهاتەکانە و، بۆ هێشتنەوەیشی بەم شێوەیەی هەیە، دەبێ پەنا بۆ سازان و لێکتێگەییشتن ببەین.
ئەم قسانەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی پاش کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ شاندی بزووتنەوەی ئاشووری و ڕایشیگەیاند، هەوڵیش دەدەین لەەگڵ کۆی پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکاندا بە بزووتنەوەی ئاشووریشەوە پێوەندییەکانمان ڕۆژ دوای ڕۆژ باشتر ببن. چونکە ڕووی جوانی هەرێم ئەو پێکەوەژیانەیە کە تێیدا هەیە. سریان کلدان ئاشووریش مێژوویێکی کۆن و هاوبەشیان لەگەڵمداندا هەیە و، ئەمەیش وای کردووە ڕێزی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان زیاتر ببێ و تابلۆکەی جوانتر نیشان بدرێ.
(نێچیرڤان بارزانی) ڕایشیگەیاند، ئەگەر سەیری وێستگەکانی بڕیاردانی ئەو پێکهاتەیە بکەین، زۆر جار بزووتنەوەی ئاشووری لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێم بڕیاری داوە نەک پارتی، جاری وا هەبووە لەگەڵ هەڵوێستەکانی پارتیدا نەبووە، بەڵام بڕیارەکانی جێی ڕێزن، چونکە کوردستانیانە بیری کردووەتەوە.
سەرۆکی شاندی پارتی جەختیشی کردەوە کە، پرسەکان دەبێ بە سازان و گفتوگۆ چارە بکرێن. دیشبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێ کە ئێمە بەرەیەکی دورودرێژمان لەگەڵ تیرۆریستاندا هەیە، دەپرسین لەوەتەی ئەو شەڕە بەرۆکی هەرێمی گرتووە، سەرۆکی هەرێم چەند ڕۆژ لە ماڵەکەی خۆی بوو، هەڵبەت سەرۆکی هەرێم ئەرکەکانی خۆی ئەنجام داوە، ئێستایش بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆکیش بڕوامان بە مەبدەئی سازان هەیە.
دەگوترێ کە کێشە لەسەر زۆریی دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمە، باشە کەواتە با لایەنەکان بێن و موناقەشەی دەستەڵاتەکانی  سەرۆک بکەین، بەڵام لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم پرسە تەنیا پێوەندی بە (مەسعوود بارزانی) و پارتییەوە نییە و، بۆ سەردەمێکیش نییە و ئەمە پرسی میللەتێکە.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتیشی، باسی سیستمی بەغدا دەکەن، باشە دەپرسم سیستمی بەغدا کەی ڕێک و لەبارە، خۆ بینیمان کە لە سەردەمی (مالیکی)ـدا چ بڕیارێکیان بەسەر ئێمەدا سەپاند.
زیاتر ڕوونی کردەوە، دەبێ بزانین کە ئێمە لە هەموو ڕوویێکەوە لە قۆناخی ڕاگوزەرداین، بۆیە پرسە چارەنووسسازەکان دەبێ بە سازان و هێمنی یەکلا بکرێنەوە، چونکە پێوەندییان بە کۆی پێکهاتەکان و هاووڵاتیانی هەرێمەوە هەیە.
دەربارەی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و گەییشتن بە قۆناخی سەربەخۆیی ئابووری، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، کە باس لە سەربەخۆیی ئابوورری دەکرێ، بەهەڵە تێگەییشتنێک دێتە پێش، چونکە لە ڕاستیدا فرۆشتنی نەوت بە تەنیا بە واتای سەربەخۆیی ئابووری نییە، بەڵکە بەرهەمهێنانی کۆی بوارەکانی ئابوورییە لە وڵاتەکەی خۆتدا؛ ئەگەرچی ئێمە پێشتر ڕێککەوتنمان لەگەڵ بەغدادا هەبووە و پێمان وابووە بەرژەوەندیی هەرێم لەوەدا بووە لەگەڵ بەغدادا ڕێک بکەوین، دەیشمانەوێ لەگەڵیاندا بەردەوام بین، بەڵام کە بەغدا بەهێندەی ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێم پارەی نەنارد، بە واتای وابەستەنەبوون ەب ڕێککەوتنی نێوانمانەوەی، بۆیە ئێستایش دەخوازین سەرلەنوێ ڕێککەوتنی دی ساز بدەینەوە. چونکە هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە لەبەرانبەر نەوتەکەماندا مووچە و پێداویستییەکانی هەرێم دابین بکەین؛ هەڵبەت ئێمە لەگەڵ عێراق و لە حکوومەتەکەیدا بەشدارین و بە بەشداریش دەمێنینەوە.
دەربارەی سەردانەکانی شاندی پارتی و دانوستان لەگەڵ لایەنەکاندا و چۆنیەتیی وەڵام وەرگرتنەوە (نێچیرڤان بارزانی) گوتی، سەردانی هەموو لایەک دەکەین، ئەوەی کە پێوەندیشی بە وەڵامدانەوەی لایەنەکانەوە هەیە، بەو واتایە نییە وەڵامی ئێمە وەک پارتی بدەنەوە، بەڵکە هەوڵمان بۆ سازان و دانوستانە تا بگەیەنە دەریچەیەک لەپێناو بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا.

هاوکات (یونادم یووسف که‌ننا) سکرتێری بزووتەنەوەی دیموکراتی ئاشووری دەربارەی پرسی سازان لە نێوان لایەنەکان و پێکهاتەکانی هەرێمدا گوتی، حکوومەتی هەرێم کە لەسەر بنەمای تەوافوق دامەزراوە کە ئەگەرچی ئێمەی تێدا نین، لەم چوارچێوەیەوە و لە سۆنگەی شەڕ دژی داعش و قەیرانی داراییش، پێمان وایە کە دەبێ، پرسە نێوخۆییەکانیشی هەر بە تەوافوق یەکلا بکرێنەوە.


سکرتێری بزووتەنەوەی دیموکراتی ئاشووری گوتیشی، ئێمە پێشتریش ڕۆڵمان هەبووە لە برەودان بە مەبدەئی سازان لە نێوان لایەنەکاندا و ئێستای جەختی لێ دەکەینەوە.
ئەو جەختیشی کردەوە کە، لە نێو میللەتانی دنیای دەرەوەدا کاتێک وڵاتێک میللەتێک بەرەوڕووی شەڕ دەبێتەوە، هەموو شتێک وەلا دەنێن و یەک‌دەگرن، بۆیە دەبێ ئێمەیش یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بین، نەک خۆمان بە پرسە نێوخۆییەکانەوە خەریک بکەین.

هەواڵی پەیوەندیدار