حکوومەت مووچەی مانگی پێنجی دابین کردووە.. دەیزانی بەغدا پارەی پێویست نانێرێ

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ھەرێمی کوردستان زانی بەغدا ئەم مانگە برێکی کەمی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، بۆیە ناچار بوو بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکدا بکات.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (بەیار دۆسکی) بە KDP.infoـی راگەیاند: ھەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بواری نەوت کردووە، بەپێی بڕیارەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی دەداتێ و کۆمپانیاکەیش بڕێکی یداریکراو پارە دەدات بە هەرێم، هەڵبەت حکوومەت مەبەستیەتی مووچەی مانگی پێنجی پێ دابەش بکات"، ئەگەرچی ئەو پەرلەمانتارە برەکەی ئەو پارەیەی کە لە کۆمپانیاکەی وەردەگرێ نەدرکاند، بەڵام گوتی، وەک زانراوە بەشی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
(بەیار دۆسکی) هاوکات زانیاری دا کە، ئەگەر پرسێکی لەناکاو نەیەتە پێش ئەوا بڕیارە ئەم ھەفتەیە ئەو بڕە پارەیە بگات و مووچەی فەرمانبەرانی لێ بدرێت.
(دۆسکی) جەختی کردەوە کە، لە ڕاستیدا حکوومەتی ھەرێم بە رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا پابەندبوونی خۆی سەلماندووە، بەڵام ھەرێمی کوردستان دەیزانی ئەم مانگەیش بەغدا برێکی کەمتر لە مانگەکانی دیکە پارەی فرۆشی نەوت بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکات، بۆیە ناچار بوو گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکدا بکات.
گوتیشی، لەئێستادا ھەرێمی کوردستان زیاتر لە٦٠٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات کە بەشی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات.
بڵند ئیبراھیم




