٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنه‌ى ده‌ستوور كۆ ده‌بێته‌وه‌.. لەبارەی ماف و ئازادییەکان کۆدەنگیێکی باش ھەبوو

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  (ڤالا فه‌رید) ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور دەڵێت، گفتوگۆکانیان لەبارەی ماف و ئازادییەکان دەست پێکردووە و، ھەندێک کۆت و بەندیان لە سەره‌تاوە داناوە کە ھەر سێ دەسته‌ڵات لە ھەرێمی کوردستان پابەند بن بە فەراھەمکردنی ئەو ماف و ئازادیانەوه‌.


(ڤالا فەرید) ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوێنێ گفتوگۆکانمان لەبارەی ماف و ئازادییەکان دەست پێکرد کە باس لە گه‌ره‌نتیى ماف و ئازادییەکان دەکات، لەوانە پێویستە ھەر سێ دەسته‌ڵاته‌كه‌ لە ھەرێمی کوردستان پابەند بن بە فەراھەمکردنی ئەو ماف و ئازادیانەوه‌. دووەمیان دابینکردنی ماف و ئازادییەکان و دەستەبەرکردنی بۆ خەڵک. واتا دیموکراتیەت و مەده‌نییەتی حوکمرانی دەچەسپێنێ و پێویستە ئەو ماف و ئازادیانە بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و، بەپێی ئەو رێککەوتنەی عێراق  كه‌ لە ساڵی 1966پەسەندی کردووە، نابێت ھیچ کەس و لایەنێک کارێک بکات ببێتە ھۆی لەناوچوونی ئەو ماف و ئازادیانە كه‌ کۆت و بەند ناکرێت، تەنیا بەیاسا نەبێت.''

(فەرید) گوتیشی: "پێش ئه‌وه‌ى بچینە سەر ماف و ئازادییەکان کۆمەڵێک کۆت و بەندمان دانا کە وابکات دەسته‌ڵات و ھەموولایەنەکان ناچار بكات پابه‌ندى ئەو ماف و ئازادیانە بەو شێوەیە بێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور ڕوونیشی کردەوە، ھەمووان لەسەر ئەو برگانە کۆک بوون و کۆدەنگیێکی زۆر باش ھەبوو.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لیژنەکەیان کۆ دەبێتەوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار