٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئۆباما: تێکشکاندنی داعش پرۆسەیەکی درێژخایەن دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

واشنتن-KDP.info-  بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی 'دەنگی ئەمەریکا'، (باراک ئۆباما) سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دوێنێ بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ ڕاوێژدەرانی ئاسایشی نیشتمانی سەردانی پنتاگۆنی کرد و، تیایدا دواتێبینی و لێدوانی لەسەر پرۆسەی تێکشکاندنی داعش دا.

(ئۆباما) گوتوویەتی داعش هەلپەرست و بزۆزە و تێکشکاندنیشی پرۆسەیەکی درێژخایەن دەبێت، هەروەها لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا (ئۆباما) دەڵێت، شەڕی ئایدۆلۆژی بە تفەنگ ناکرێت، بەڵکو ڕێگای باشتر هەیە بۆ ئەو شەڕە.  هەروەها دوپاتیشکردۆتەوە کە تێکشکاندنی داعش لەسەر هێزە ناوچەییەکانی عێراق پێویستە و ئێمەش پشتگیری ئاسمانی و مەشق پێکردنی هێزەکانیان دەکەین.
لە کۆبونەوەکەدا (ئاشتن کارتەر) وەزیری بەرگری ئەمەریکایش ئامادە بوو، شارەزایانی سەربازی ئەمەریکا هۆکاری درێژەکێشانی شەڕی داعشی بۆ نائامادەیی و لاوازیی سوپای عێراقی دەگێڕنەوە و دەڵێن، سوپای عێراقی هێشتا ناتوانێ سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنێ و یارمەتی لە هێزەکانی کورد و میلیشیا شیعەکان وەردەگرن.
شیاوی باسکردنە، هەر لە پنتاگۆن وەزیری بەرگری ئەمەریکا و (جێن یوڤێس لیدریان) وەزیری بەرگری فەرەنسا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ساز دا و، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لە جیاتی ناوهێنانی گرووپی تیرۆریستی داعش بە سوپای تیرۆریست بانگی کردن و بەڵێنیشی دوپات کردەوە، کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزەکانی ناوچەکە لە شەڕی دژی داعشدا.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار