ئەنەکەسە: ئەگەر پەیەدە بەرژوەندیی کوردی دەوێت پێویستە رێ بدهن پارێزگاری لە خاکی خۆمان بکهین

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان دهڵێ، پێشمەرگەی ئەنەکەسە مافی خۆیانه بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن، بەڵام پێویستە بەپێی رێککەوتنی دھۆک یان لەژێر چەتری یەپەگەدا بن؛ نوێنەری ئەنەکەسەیش دەڵێ، تەڤدەم ھۆکاری ئەوەبوو کە رێککەوتنی دھۆک جێبهجێ نەکرێت و رێگەیان نەدا خاڵەکانی جێبهجێ ببێت و تاکلایەنە کارەکانیان ئەنجام دەدا، بەبێ ئەوەی پرسیان پێ بکەن.
ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد رایدەگەیەنێت، پێویستە ئەگەر ھێزی پێشمەرگە بچێتە رۆژئاوای کوردستان، بەپێی رێککەوتن بێت بە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و بە ئاگاداری وڵاتانی ھەرێم و ھاوپەیمانان بێت، ئەگەر نا کێشەی گەورەی لێ دروست دەبێت.
(فەتحوڵڵا حوسێنی) نوێنەری كانتۆنهكانى رۆژئاوای کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بۆئەوەی رێگە بدرێت بە چوونی ھێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان پێویستە رێککەوتنی دھۆک جێبهجێ بکرێت کە لە سێ خاڵ پێکدێت، یەکەم لێڤەگەری سیاسی و دووەم چۆنیەتیی بەرێوبەردنی رۆژئاوای کوردستان خاڵی سێیەمیش ھێزی ھاوبەش دەبێت جێبهجێ بکرێت، بەڵام دوو خاڵی یەکەم و دووەم جێبهجێ نهكراون، بۆیە خاڵی سێیەمیش جێبهجێ نهكراوه."
(حوسێنى) گوتیشى: "پێویستە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی بەشداری لە لێڤەگەری سیاسی و چۆنیەتیی بەرێوەبردنی رۆژئاوادا بکات، ئەوکات لەگەڵ تەڤدەم بە ھاوبەشی لەبارەی ھێز پێکبێن، بەڵام ئەوان ئامادە نین ئەو دوو خاڵە جێبهجێ بكهن."
نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان دهشڵێ، پێشمەرگەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی مافی خۆیانه بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن، کەسیش مافی نییە رێگریان لێ بکات، بەڵام پێویستە بەپێی رێککەوتنی دھۆک بێت ئەگینا لەژێر چەتری یەپەگەدا بن، چونکە ناکرێت دوو سوپا لە رۆژئاوای کوردستان ههبێت."
لای خۆشیەوە (جەدعان عەلی) نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا لە ھەرێمی کوردستان بە KDP.infoـی راگەیاند: "راستە پێویستە چوونی ھێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان بەپێی رێککەوتن بێت، بەڵام پێویستە بە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و بە ئاگاداریی وڵاتانی ھەرێمی لەوانە تورکیا و وڵاتانی ھاوپەیمانیش، چونکە ئەگەر ئەوانە رەزامەند نەبن کێشەیەکی گەورە روو دەدات، ئەگەر پێشمەرگەکانی ئێمە بچنە رۆژئاوای کوردستان."
(جەدعان) گوتیشی: "ئێمە نامانەوێت لەژێر چەتری یەپەگەدا بین لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو دەمانەوێت بچین خاکی خۆمان بپارێزین، ئەوە گرنگە لای ئێمە."
نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد دهشڵێ، تەڤدەم ھۆکاری ئەوەبوو کە رێککەوتنی دھۆک جێبهجێ نەکرێت و رێگەیان نەدا خاڵەکانی جێبهجێ ببێت و تاکلایەنە کارەکانیان ئەنجام دەدا، بەبێ ئەوەی پرس بەئێمە بکەن."
(عەلی) راشیگەیاند: "پەیەدە ئامادەبوونە رێککەوتن لەگەڵ ھەموو لایەنێک بکەن لە سووریا، ئەمەش ئاساییە ئەگەر لە بەرژوەندیی کورددا بێت، بەڵام پێویستە سەرەتا برایانی خۆیان لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی قبووڵ بکەن، لەبەر ئەوەی ھێزی خۆمان ھەیە و ھەرێمی کوردستان پەروەردەی کردوونە و رۆژئاوای کوردستانیش پێویستی پێیانە، بۆیە ناکرێت ھێزی بیانی قبووڵ بکەن و ھێزی خۆمان قبووڵ نەکەن."
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پەیەدە بەرژەوەندیی کوردی دەوێت پێویستە رێگا بدات ھەرکەسێک بیەوێت پارێزگاری لە خاکی خۆی بکات و بچێتە رۆژئاوای کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




