سەرۆك بارزانی هاوکارییەکانی ئیتالیای بەرز نرخاند.. ئاستی نوێنەرایەتییان بۆ كۆنسووڵخانەی گشتی بەرز دەکەنەوە

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا، (سەرۆك بارزانی) سوپاسی حكوومەت و گەلی ئیتالیای كرد كە هاوكارییان پێشكەشی هێزی پێشمەرگە كردووە و، ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەشی هەردوولا لە بواری ئابووری و سیاسی و شوێنەواردا.
ڕۆژی دووشەممە 6ـی 7ـی 2015 لە سەڵاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ماركۆ كارنێلۆس) باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشكەوتن و بووژانەوەیەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەری لە خۆ گرتووە.
(ماركۆ كارنێلۆس) هەروەها جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئیتالیا و هەرێمی كوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری و شوێنەوار كردەوە و، (سەرۆك بارزانی)ـیشی لە بڕیاری وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە كە لە ماوەیەكی نزیكدا ئاستی نوێنەرایەتیی ئیتالیا بۆ كۆنسووڵخانەی گشتی بەرز دەكاتەوە. هەروەها پابەندبوونی وڵاتەكەیشی دووپات كردەوە لە بەردەوامبوونی هاریكارییە سەربازییەكان و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوكارییە مرۆییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ئیتالیا خواست لە ئەنجامدانی ئەرك و كارەكانی و هەروەها سوپاسی حكوومەت و گەلی ئیتالیای كرد كە هاوكارییان پێشكەشی هێزی پێشمەرگە كردووە و ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەشی هەردوولا لە بواری ئابووری و سیاسی و ئاسەواردا.
(سەرۆك بارزانی) هەروەها دەستخۆشی لە حكوومەتی ئیتالیا كرد بۆ بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵخانەی گشتی لە شاری هەولێر.
باسكردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.




