٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕووداو: بە فەرمانی وەزیری دارایی، 3760 كادیری یەكێتی و گۆڕان دەكرێنە فەرمانبەری حكوومەت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بە فەرمانی (رێباز محەممەد حەملان) وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 3760 كەس كە پێشتر  لە رێكخراوەكانی سەر یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان كاریان كردووە، راژەكانیان دەگوازرێتەوە سەر میلاكی حكوومەت و بەسەر فەرمانگە و وەزارەتەكاندا دابەش دەكرێن.

بەگوێرەی فەرمانەكانی وەزیری دارایی، ئەو هەموو كەسە تەنیا بە دوو فەرمان گواستراونەتەوە سەر فەرمانگەكانی گەنجینەكانی وەزارەتی دارایی بەبێ ئەوەی هیچ دۆسیەی دامەزراندنیان هەبێ.

فەرمانەكەی یەكەم لە 12/4/2015 دەرچووە و بڕیاری گواستنەوەی راژەی 1882 كەسی تێدا دراوە، فەرمانی دووەمیش لە 21/6/2015 دەرچووە و ناوی  1878 كەسی تێدایە.

لە فەرمانەكانی وەزیردا هاتووە كە "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارمان دا بە گواستنەوەی راژەی ئەو فەرمانبەرانە لە لیستی هاوپێچدا ناو و ناونیشان و شوێنی نیشتەجێبوونیان دیاری كراوە، لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری رێكخراوەكانی سلێمانی بۆ سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەكان".

وەزیری دارایی 14 فەرمانی وەزاری بۆ گواستنەوەی ئەو كەسانە دەركردووە كە بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكانی (دهۆك، هەولێر، سلێمانی، چەمچەماڵ، راپەڕین و گەرمیان)دا دابەش كراون، زۆرترینیان لەسەر گەنجینەی یەك و دووی سلێمانی (1574) كەس، دواتر گەنجینەی هەولێر یەك و دوو (799) كەس، گەنجینەی چەمچەماڵیش (680) كەس دابەش كراون.

بەرپرسێكی ئاگادار و نزیك لە وەزیری دارایی بە هەفتەنامەی(رووداو)ی راگەیاندووە "دوای نزیكبوونەوەی گۆڕان و یەكێتی، ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگیی نێوان جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی نراوە". گوتیشی "هەندێ بەرپرسی باڵای یەكێتیش لە رێگەی ئەو رێكخراوە مووچەیان وەردەگرت، بەڵام ناوی ئەوان لەو لیستانەدا نییە و جیایانكردووەتەوە بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبن".

ئەو بەرپرسە كە بۆ ئەوەی لە وەزارەتەكەی كێشەی بۆ دروست نەبێت، ئامادە نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە "ئەم (3760) كەسە ئەندامی رێكخراوەكانی یەكێتی بوون، یان لە مەڵبەندەكان دەوامیان دەكرد، هەندێكیان مووچەیان هەبوو دەوامیان نەدەكرد، وەزیری دارایی لەگەڵ كاك قوباد (قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران) رێككەوتوون كە بەو شێوەیە كێشەكەیان چارەسەر بكەن، چونكە بڕیار دراوە بەڕێوەبەرایەتی رێكخراوەكانی سلێمانی نەمێنێ".

دەرچوونی ئەم فەرمانەی وەزیری دارایی و ئابووری لەكاتێكدایە كە لەبەر قەیرانی دارایی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراندنی فەرمانبەری راگرتووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری وەكو مینحە مانگانە بڕی دوو ملیار و 400 ملیۆن دیناری بۆ بەڕێوەبەرایەتی رێكخراوەكانی سلێمانی خەرج دەكرد. فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بەبێ‌ رەچاوكردنی بڕوانامە، پلەی وەزیفییان دراوەتێ‌، بەڵام تەنیا مووچەی بنەڕەتییان بۆ خەرج دەكرا و دەرماڵَەی بڕوانامە، خێزان و منداڵ، هاتوچۆ و مەترسییان بۆ هەژمار نەدەكرا. هەروەها پلەیان بەرز نەدەكرایەوە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی دەڵێ "ئێستا دەبێ عەلاوە و بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەرایەتی و سەرجەم ئەو دەرماڵانەی شمولیان دەكات بۆیان خەرج بكرێ‌".
گوتیشی "لەكاتێكدا حكوومەت سەرقاڵی تەقەشوفە، كەچی مووچەی ئەو 3760 كادیرەی یەكێتی و بەشێكی كەمی گۆڕان كە پێشتر دوو ملیار و 400 ملیۆن دینار بوو، بەهۆی گواستنەوەی راژەیان دەبێتە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار".

وەزیری دارایی لەو كابینەیەی حكوومەت بەوە ناسراوە كە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتەوە زۆر پاڵپشتی دەكرێ و تەواوی دەسەڵاتەكانی پێدراوە.

لە رێكەوتی 2/4/2015 وەزیری دارایی و ئابووری فەرمانێكی وەزاری بە ژمارە (2891) دەركردووە و تێیدا وەزیر بۆ خۆی دەسەڵاتی زیاتر دەداتە خۆی.

بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی وەزیر بە خۆی داوە، رێژەی خەرجیی دیوانی وەزارەتی دارایی لە 10% ەوە كراوەتەوە بە 20%، بەوجۆرە ئێستا نزیكەی 500 ملیۆن دینار دەبێ و تەنیا وەزیر دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەو پارەیەی هەیە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت "پێشتر بۆ خەرجكردنی ئەو پارەیە دەبووایە ئیمزای بریكار و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری دارایی وەزارەتیشی لەگەڵ بووایە، كەچی وەزیر ئێستا ئەو دەسەڵاتەی تەنیا بەخۆی داوە".

هەواڵی پەیوەندیدار