نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیدا زۆر ڕاشکاوانە بوو.. گفتوگۆکان بەردەوام دەبن

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیدا زۆر ڕاشکاوانە بوو و، دەربارەی کۆی ئەو پرسانەی پێوەندییان بە دەستوور و سەرۆکایەتیی هەرێمەوە هەبوو گفتوگۆیان کردووە، ڕایشیگەیاند، پێمان وایە دەبێ کێشەکان بە سازان و گفتوگۆ چارە بکرێن، چونکە چارەی دیکە نییە.
پاش کۆبوونەوەی شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کە ئەم بەر لە نیوەڕۆیە بەڕێوە چوو، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بۆ (نێچیرڤان بارزانی) و (عەلی باپیر) ئەمیری کۆمەڵ ساز درا و تێیدا سەرۆکی شاندی پارتی جەختی کردەوە، ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا درێژەیان دەبێ.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها رایگەیاند، ئەوەی کە دەستمان پێی کردووە، قسەکردن لەسەر کۆی پرسەکان بووە، بەڵام دەبێ بزانرێ کە ئەوە تەنیا پارتی نییە کە ئەم کێشانە چارە بکات بەڵکە ئەرکی کۆی لایەنەکانە. پارتییش بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی جیددیی ناوە.
(نێچیرڤان بارزانی) جەختی کردەوە، پرسی سەرۆکی هەرێم بە تەنیا پرسی پارتی نییە، بەڵکە هیی کۆی هێزە سیاسییەکانە، ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم قەیرانگەلێکداین و دەبێ بە هەندیان بگرین. دەبێ کۆی لایەنەکانیش کۆک بن لەوەی چۆن چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە. هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای کوردستان کێشەکان چارە بکرێن.
وەک ئاماژەیەکیش بۆ هاتنە ژێرباری سازانەوە، دووپاتیشی کردەوە کە، ئێمە وای دەبینی کە لەگەڵ کۆی لایەنەکاندا بە تەوافوق کێشەکان چارە بکرێن.
هاوکات ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی(عەلی باپیر) گوتی، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا کۆک بوون لەوەی کە دەبێ کێشەکان بە سازان و لێکتێگەییشتن یەکلا بکرێنەوە.
هەروەها گوتی، دەربارەی پرسی دەستوور و سەرۆکایەتیی هەرێم، قسەمان کردووە؛ باوەڕیشمان وایە کە سازان دەبێ کەشی بۆ ساز بکرێ، ئومێد دەکەین بەم هەنگاوەی پارتی لە نزیکترین دەرفەتتدا بگەینە چارەسەر بۆ ڕەواندنەوەی کۆی دڵەڕاوکێکان.
دەربارەی هەڵوێستی کۆمەڵیش، گوتی، دواتر لە مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی قسەی لەبارەوە دەکەین و ڕاوێژی لەسەر دەکەین.




