رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: ھەموو لایەنەكان له سەركەوتن و شكستهكاندا بەرپرسیارن

ههولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەندین رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ھۆڵی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، بەیاننامەیەكیان لەسەر رەوشی ئێستای ھەرێمى كوردستان بڵاو كردهوه، نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەڵێن، بە ھۆی ئەوەی كوردستان حكوومەتی بنكەفراوان بەڕێوەی دەبات، بەپێی ئاستی بەشداریكردنیان لە حكوومەتدا لە سەركەوتن و شكستدا ھەموو لایەنەكان لێی بەرپرسیارن.
لە بەیاننامەی ئەو رێکخراوانەدا ھاتووە: "ھەرێمی كوردستان لە ھەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ھاوكاری تاكەكانی كۆمەڵگا ھەیە. شەڕی دژە تیرۆر، بڕیارە تاك لایەنەكانی حكوومەتی ناوەندی و بوونی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراق و سووریا لە ھەرێمدا لە دەرئەنجامی سیاسەتی حكوومەتی ھەرێم نییە، بگرە لە ئەنجامی پارێزگاریكردنە لە دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و پاراستنی خاكی كوردستان و بڕوا بوونە بە دابەشكردنی دەسەڵات لە عێراقێكی فیدراڵ و ماڵی گەلی كورد بۆ ھەر كەسێك و میللەتێكی لێقەوماو كە رووی تێ بكات میوانخانەیە".
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: "وەك رێكخراوەكانی كومەڵگەی مەدەنی دڵگرانین بە بوونی ئەو ھەموو كێشانەی كە تووشی گەلەكەمان ھاتوون و ئێمە بەشێكین لەم گەلە و هەربۆیەش ھەست بە ئازارەكانی دەكەین لە بێ مووچەیی و كێشەی كارەبا و بەنزین، بەڵام دڵنیاین ئەم قۆناغەش دەبڕین و دواڕۆژێكی ئاسوودە و گەش چاوەڕێمان دەكات".
لە بەیاننامەكەدا نووسراوە: "ئێستا ھەست بە مەترسییەك دەكەین بۆ تێكچوونی یەكڕیزی نێوماڵی كورد، بە ھۆی ئەو كێشانە، بە تایبەت پرسی (دەستوور و سەرۆكایەتی ھەرێم)، بۆیە بە پێویستی دەزانین و راستیش ھەر وایە بە ھۆی ئەوەی كوردستان لە حكوومەتی بنكە فراوان دایە، ھەموو سەركەوتن و شكستێك ھەموو لایەنەكان لێی بەرپرسیارن بەپێی ئاستی بەشداری كردنیان لە حكوومەتدا. چارەسەریش بۆ پرسی ویلایەتی سەرۆكی ھەرێم جگە لە سازانی نیشتمانی ھیچ رێگایەكی تر نییە، چونكە كۆمیسیونی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم رایگەیاند كە ناتوانێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدات، لە ھەمان كاتدا ئەو پرۆژانەی چەند لایەنێك پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە ئەوەیش نامانگەیەنێتە چارەسەر، چونكە ھەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبەری ناحیەكان تا بەرزترین پۆست بە سازان كراوە، بۆیە نابێت كارێك بكرێت یەكڕیزی نێوماڵی كورد تێكبدات چونكە ئیتر خەڵكی كوردستان لەوە زیاتر بەرگەی نەھامەتییەكان ناگرێت".
لە بەیاننامەكەدا ئاماژەدراوە بەوەی كە: "پرسی سەرۆكایەتی ھەرێم و دەستوور یاساین بەڵام لە ھەمان كات سیاسین، بۆیە دەبێت ئەم بابەتە گرنگە لەسەر ئاستی كەسە یەكەمەكانی لایەنەكانی سیاسی یەكلایی بكرێتەوە".
لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەڵێن: "لەسەر كێشەی فرۆشتنی نەوت بە حكوومەتی ھەرێم دەڵێین چیتر خەڵك سەبری نەما، بۆیە وادەیەكی كۆتایی دیاری بكرێت بۆ چارەسەر یاخود بڕیار بدەن نەوتی ھەرێم لەلایەن هەرێمەوە بفرۆشرێت".




