وەزیری بەرگریی بەریتانیا: ستراتیژی بەریتانیا بۆ لەناوبردنی داعش نالۆژیکییە

بەریتانیا-KDP.info- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "گاردیان"، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا تەنیا چاویان بڕیوەتە سەر هێرشە ئاسمانییەکان بۆ شکستپێهێنانی داعش کەچی شیکاریان بۆ زۆر پرسیار نەکردوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە چەند پرسیارێک داوە و تیایدا دەڵێت، پێویستە لایەنی بەرپرس کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە و شیکاریان بکات کە داعش نەوتی ناوچەکەی ژێر دەستی چۆن دەردەهێنێ و بە کێی دەفرۆشێ؟ کێن ئەو توانایانەی کە ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدەن؟ کێ دەیکرێت؟ کێ لە ڕێگەی دەریاییەوە دەیگوازێتەوە یاخود بە بۆڕییەکاندا دەیگوازێتەوە؟ چۆن داعش ئابووری ناوچەکەی بەڕێوە دەبات؟ بانکەکان چۆن هاوکاریان دەکەن؟
هەرکات شیکاری ئەو پرسیارانە کرا ئەوا دەتوانرێت لە ڕێگەی پچڕاندنی تۆڕی ئابووری و بازرگانییەکەیەوە داعش تێکبشکێنرێت.
هەر لەبارەی شەڕی داعشەوە، (مایکڵ فاڵۆن) وەزیری بەرگریی بەریتانیا گوتی: ئەو ستراتیژەی کە ئێستا بەریتانیا هەیەتی بۆ لەناوبردنی داعش نالۆژیکییە. ئەو پێیوایە بۆمبارانکردن بەتەنیا داعش لەناو نابات، بەتایبەتی لە ناوچە قەرەباڵغەکان چەکدارەکانی داعش مۆڵگەکانیان لە ناو خەڵکیدایە و بەوەش خەڵکی مەدەنی بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانهوه دەکوژرێن.
شیاوی گوتنە، دوای ڕووداوەکەی توونس، بەریتانیا بەنیازە چالاکییەکانی لەبارەی بەشداریکردنی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ شەڕی داعش فراوانتر بکات بۆ ناو سووریاش، شارەزایانی سیاسی و ئەمنی پێیان وایە دەبێت لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکاندا هەوڵەکانی تریش بخرێنە گەڕ، لەوانە پچڕاندنی هێڵەکانی ئابووری داعش و، پڕچەککردنی هێزە زەمینیەکان بەتایبەتی کورد و سوننەکان.
و/ خالید ئەحمەد




