ئومێد خۆشناو: وه‌كو پارتى له ئاستى باڵادا ده‌ستمان پێكرد

هه‌ولێر-KDP.info-سه‌رۆكى فراكسیۆنى زه‌رد له پەرلەمانى كوردستان ڕایده‌گه‌ینێت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمانە بگەینە ئه‌نجام، ده‌بێت له نێوان حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان له ئاستى باڵادا گفتوگۆ ده‌ست پێ بكه‌ن بۆ چاره‌كردنى پرسى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و ده‌ستوور؛ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پارتیى دیمو‌كراتى كوردستان به شاندێكى باڵا له ئاستى باڵادا ده‌ستى به‌گفتوگۆ كردووه و، له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌كاندا به‌رده‌وام ده‌بێت.
سه‌رۆكى فراكسیۆنى زه‌ردله پەرلەمانى كوردستان (ئومێد خۆشناو) به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگه‌یاند: "هه‌میشه وه‌كو فراكسیۆنى پارتى، جه‌ختمان له‌وه كردووەته‌وه بۆ پرسى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان و بابه‌تى ده‌ستوور؛ ئه‌و دوو پرسه، هەردووکیان گرنگن و، پێویستى به سازانى نێوان حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كاندا هه‌یه كه دواجار ئه‌و سازان و ته‌وافوقه‌ى نێوانمان ئه‌نجامه‌كه‌ى وا ده‌بێت ده‌گه‌ینه ڕێگاچاره‌یه‌كى گونجاو كه جێى سه‌ره‌نج و تێبینیى هه‌موو لایه‌كمان تێدا ده‌بێته‌وه؛ و، هه‌موویشمان ڕازی ده‌بین؛ بۆیه ئێمه پێمان وا بوو ئه‌و جووڵه‌ى، هەندێک فراکسیۆن لە پەرلەمانى كوردستاندا کردیان به‌ره‌نجامى ئه‌وه‌تۆى نابێت.
( ئومێد خۆشناو ) گوتیشی: "ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشمان ئه‌نجامە، ده‌بێت حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان له ئاستى باڵادا ده‌ست بکەنە گفتوگۆ و، دانوستان؛ ئینجا کە گه‌یشتنه ئه‌نجام، لە په‌رله‌مانى كوردستانیشدا دەکرێتە یاسا."
سه‌رۆكى فراكسیۆنى زه‌رد له پەرلەمانى كوردستان گوتیشی: "بابه‌تى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ڕاسته بابه‌تێكى یاساییه، بەڵام هێنده‌یش بابه‌تێكى سیاسییه، بۆیه پێویستى به ڕێككه‌وتنى سیاسى نێوان حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان هه‌یه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پارتیى دیمو‌كراتى كوردستان به شاندێكى باڵا له ئاستى باڵادا ده‌ستى به‌گفتوگۆكانى كردووه و، له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌كاندا به‌رده‌وام ده‌بێت، بەو هیوایەی بتوانین له‌و دانیشتن و گفتوگۆ و دانوستانانه بگه‌ینه ئه‌نجامێک، وه‌ك هه‌موو لایه‌كیش پێشتر باسیان له‌وه ده‌كرد پارتیى دیمو‌كراتى كوردستان بوو له په‌رله‌مانى كوردستان له ڕێگه‌ى فراكسیۆنه‌كه‌ى پڕۆژه‌ى پێشكه‌ش نه‌كردبوو، چونكه ئێمه پێمان وا بوو ئه‌و بابه‌ته به پێشكه‌شكردنى پڕۆژه ناكرێت، هێنده‌ى به گفتوگۆیه‌كى جیددى به ئاراسته‌ى چاره‌بوونى و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ى له ناوچه‌كه‌ى ئێمه هه‌یه، كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا و خواست و داخوازى و گرفته‌كانى هاووڵاتیان و خزمه‌تگوزارییه‌كانى هاووڵاتیان و، شه‌ڕى داسه‌پاوى تیرۆریستانى داعش هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ى له ئێمه ده‌خوازێ به ڕۆح و گیانێكى نشتمانیانه و هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تى، له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كەدا بجووڵێینەوە و،هەر بابه‌ت و گرفتێک له نێوانماندا هه‌یه، چارەی بکەین."
نه‌شوان به‌رزنجى




