د.كەمال كەركووكی: هیچ گوندێكی كوردنشین نهماوه لهژێردهستی داعش بێ

كەركووك -KDP.info-(د. كەمال كەركووكی) دەڵێ، داعش خۆ هەر هێزێكی تیرۆریستی نییە، دەوڵەتێكی تیرۆریستییە و، چەك و جبەخانەیەكی یەكجار زۆری هەیە و، نابێت بە بچووك سەیریان بكەین؛ پێویستە هەمیشە ئامادە بین و، لێیان خافڵ نەبین..دهیشڵێت لهمیحوهركهی ئێمهدا هیچ گوندێكی كوردنشین نهماوه لهژێر دهستی داعشدا بێت.
(د. كەمال كەركووكی) بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك و قەزای دووبز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داعش لە هێزە تیرۆریستێک زیاترە و، دەوڵەتێكی تیرۆریستیە و، دەبێ هەمیشە ئامادەكاریی بۆ بكرێت لە هەموو دۆخێكدا, لە سای سوپا ڕاکردەکەی عێراقەوە چەك و جبەخانەیەكی یەكجار زۆری کەوتە دەست؛ لە سووریایشەوە زۆریان پێ دەگات؛ جاروباریش فڕۆكە بە هەڵە دەیخاتە خوارەوە بۆیان؛ جا بۆیە نابێت ئەم هێزە بە بچووك سەیر بكەین و، بە هەموو هێزەوە تێکیان بدەین و، لە كوردستان ڕاویان بنێین."
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك و قەزای دووبز ڕایشیگەیاند: "لە میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك و شارۆچکەی دووبزدا داعش ئەوەی لە دەستی هاتبێت، تەخسیری نەكردووە و لە هەموو هێرشەكانیشدا تێک شكاون و، ڕاو نراونەتەوە و كوژراویان لێ بەجێ ماوە و دیلیشیان لێ گیراوە؛ پێشمەرگەیش چ هێرشی کردبێت، چاک سەری گرتووە و ناوچەكەمان لێ پاك كردوونەتەوە و هەڵمانتەكاندوونە, ئیستاش تیرۆریستان زۆر هەوڵ دەدەن هەرچۆنێک بووبێت دەستیان بگات بە سەروچاوەی گازو نەوت و كارەبا لە ناوچەكە, بۆیە ئەگەر كزولاوازیش بن و هەردۆخێكیان بەسەر بێت ئێمە هەمیشە تەواو ئامادەینە."
حەفتەی ڕابردوو چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی ( غەرەو گوبێبە و مەنسووریە و سەیدخەلەف( بە چەكی قورس بۆ سەر لیوای (10) دە و هێزی پێشەوا و ناوچەی خانووەكانی ئەبووسەیف و بویتەر و، فلكەی دۆڵەنەوت و تەلوەرد هێرشیان هێنا، بەڵام زۆر بە باشی كوتران و كوشتە و برینداریشیان هەبوو, چەك و پێداویستییەكی زۆریان لەناو برا و, تۆپخانەی پیشمەرگە قارەمانەكان و فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیش مۆڵگە و بارەگاكانی تیرۆریستانیان زۆر بە چڕی بۆردومان كردووە."
(كەركووكی) ڕونیشی كردەوە كە: " تیرۆریستە داعشەکانی ناوچەی ڕەشاد، وەختی خۆی ئاژاوەیان تێ کەوت و، یەکتریان ڕەشکوژ دەکرد، وا ئێستا لە حەویجە، ئاژاوەیان تێ کەوتووە؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەش داعش خۆیان ئامادە دەكەن بۆ هێرشهێنان؛ شەوڕۆژیش پێشمەرگەكانمان لەسەرهەستن و، تەواو ئامادەنە بۆ هەرجۆرە هێرشێك و، زۆر بەتوندی وەڵامیان دەدەینەوە. ئەم خۆڕاگرییەی پێشمەرگە كە زۆر میحوەرەكەمان پێی سەربەرزە وای كرد كە یەكەم میحوەر بیین لە كوردستان هیچ گوندێكی كوردنشین لە میحوەرەكەمان لە ژێر دەستی داعش نەمێنێت و هیچ گوندێكی تێكەڵاویش لە دەستیان نەهێڵین و، لە حەڤدە گوندی عارەبنشینی كوردستانیش دەریانمان پەڕاند و، ئازادمان کردن. خەڵكی كوردستان و شاری كەركووك دڵنیا دەكەینەوە تیرۆریستان لە دەڤەری خاكی كوردستان نابێ بمێنن و هەڵدەتەكێندرێن و كوردستانیش ئارامتر دەبێت."
سەرباز واحید




