٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی: هەوڵەكانی بەغدا بۆ گۆشەگیركردنی هەرێم سەری نەگرت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كه‌ هەوڵەكانی بەغدا بۆ گۆشەگیركردنی هەرێمی كوردستان بە بڕینی بەشی هەرێم لە بوودجەی فیدراڵی عێراق سەری نەگرت و، خۆڕاگری خەڵكی كوردستان زۆر لە بڕیاری سیاسی تاكلایەنانەی حكوومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی بەهێزتر بوو.

هەوڵی گۆشەگیكردنی هەرێم
گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای 2014 حكوومەتی پێشووی بەغدا بە سەرۆكایەتی مالیكی بەبڕیارە تاكڕەویەكەی بەبڕینی بەشی هەرێمی كوردستان لەبوودجەی فیدراڵی دەیویست ئەو پێشكەوتن و پێشڤەچوونانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەن ڕابگرێت، ئەوەشی خستە ڕوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان ویستی لە دەستپێكی ئەم قەیرانەدا ئەم گرفتە بەشێوەی دیالۆگ چارە بكات بەڵام وەك دزەیی ئاماژەی پێدا "كەسانێك مالیكیان هێنابووە قەناعەت بەوەی ئەگەر ئەو سیاسەتە پەیڕەو بكات ئەوا هەرێمی كوردستان گۆشەگیر دەبێت وخەڵكی كوردستان لەدژی حكوومەت ڕادەپەڕن و بەغداش مەرجەكانی خۆی بەسەر حكوومەتی هەرێم دادەسەپێنێت و حكوومەتی هەرێمیش ناچار دەبێت ملكەچی ئەو مەرجانە بێت".
دزەیی هەوڵی بەغدای بە شكستخواردوو لەقەڵەم دا بە هۆی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەوەی كە خۆیان بە خاوەنی ئەو حكوومەتە دەزانن وحكوومەت سیاسەتێكی حەكیمانە پەیڕەو دەكات كە وا دەكات جەماوەری كوردستان نەچنە ژێر باری هەوڵی لەم جۆرە.

چارەسەرییە سەرەتاییەكانی حكوومەت
سەفین دزەیی ئاماژەی بەو ڕێوشوێنە سەرەتایانە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەدا پەیڕەوی كرد بە كەمكردنەوەی خەرجی وبەڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆ وبیانیەكان توانرا مووچە دابین بكرێت ئەگەرچی لەماوەی مانگێك تا 45 ڕۆژ دواكەوتنی تیادا هەبوو. هەروەها گوتی: "لە 22ی مایسی 2014 حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو نەوتی خۆی بخاتە بازاڕە نێودەوڵەتیەكان بەڵام ئەمەشیان ئاسان نەبوو چونكە نەوتی كوردستان هێشتا لە بازاڕە جیهانییەكاندا نەناسراو بوو و، ئەو داهاتەش كە دەست دەكەوت بۆ مووچە و بەشێك لە پڕۆژەكان بەكار بێت".

ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا
گوتەبێژی فەرمیی حكوومەت ئاماژەی بە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا كرد كە لە 2ی كانونی یەكەمی 2014 و دوای پێدانی متمانە بە حكوومەتی عیبادی ئیمزا كرا. بەپێی ئەم ڕێككەوتنە 550هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان و كێڵگەكانی كەركووكەوە ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت بەمەرجی پێدانی شایستەییە داراییەكانی هەرێم وئەم ڕێككەوتنەش بووە ماددەیەك لەیاسای بوودجەی ساڵی 2015 ودەبوایە لەسەرەتای ساڵی 2015ـەوە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەڵام حكوومەتی بەغدا لەسەرەتادا بەناردنی بەشێكی زۆر كەم، بە 250 ملیار دینار دەستی پێكرد تا گەیشتە نزیكەی 500 ملیار دینار لەو كاتەی كە لەمانگی نیسان وئایاری ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بەتەواوی پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەکە نیشان داوە بە هەناردەكردنی بڕی تەواوی نەوت كە ڕێككەوتنی لەسەركرابوو. ڕونیشیكردەوە ئەوەی بەغدا ناردی نزیكەی 30 تا 40 لەسەدی شایستە داراییەكانی هەرێمە.
هەروەها گوتی "ئەو نەوتەی كە ڕادەستی سۆمۆ كرا ئەگەر لە بازاڕەكانی جیهان بفرۆشرابوایە ئەوا زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبوو، كەچی بەغدا تەنها 350 تا400 ملیۆن دۆلاری مانگانە لە مانگەكانی کانونی دووەم تا نیسان ناردووە کە دەکاتە كۆی یەک ملیار وهەشت سەد ملیۆن دۆلار- لەکاتێک كە دەبوایە لایەنی كەم پێنج ملیار دۆلار بنێرێت – ووایکرد بارودۆخەكە بەرەو ئاقارێكی خراپتر ببات چونكە لەو كاتەی ئێمە هیچ ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ بەغدا نەبوو مانگێك تا 45 ڕۆژ مووچە دوا دەكەوت كەچی ئێستا ڕێككەوتن هەیە وئێستا زیاترە لە 3 مانگ مووچە نەدراوە".
دزەیی جەختی لەسەر هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بە پابەندبوون بە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا وچارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای یاسای بوودجەی فیدراڵی ساڵی 2015، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كە حكوومەتی هەرێم ناچارە ڕێگەچارەی دیكەی یاسایی بگرێتەبەر بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران وبوودجەی تەشغیلی وپارەی بەڵێندەران.

شەشهەزار پرۆژە ڕاگیراوە
دزەیی ئاشكرای كرد ئێستا نزیكەی شەشهەزار پڕۆژە بە بوودجە و گوژمە و قەبارەی جیاجیاوە لە هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەو قەیرانە داراییە ڕاگیراون وئەوە وای كردووە بازاڕی هەرێمی كوردستان كزی بە خۆیەوە ببینێت و بەڵێندەرانیش بكەونە گرفتی گەورەی دارایی. هاوكات سوپاسی بەڵێندەرانی كرد كە تا ئێستا توانیویانە بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن و دووپاتی كردەوە حكوومەت بە هەموو شێوەیەك كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دەكات. هەروەها گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان حكوومەتی هەرێم بۆی هەیە هەر ڕێگەچارەیەك بگیرێتە بەر بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی خەڵكی كوردستان ورێگەچارەی سەرەكیش لەمبارەیەوە فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتی هەرێمی كوردستانە وەكو سەرچاوەی سەرەكی بۆ دابینكردنی بوودجەی هەرێم".

جیددیەت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە هەیە
گوتەبێژی حكوومەت ئەوەشی ڕاگەیاند كە كۆمپانیاكانی نەوتی جیهانی جددیەتیان لەبارەی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان نیشانداوە بۆ پرسی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتی هەرێم وئاشكرایكرد بەم شێوەیە زیاتر لە 90 لەسەدی پێداویستیەكانی هەرێمی كوردستان بەم نەوتەوە دابین دەكرێت. هاوكات تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەوت وگاز لەگەڵ حزب ولایەنە سیاسیەكانی نێو حكوومەتی هەرێم ودووپاتیشیكردەوە حزب ولایەنە سیاسیەكان پاڵپشتی تەواویان بۆ حكوومەت نیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم ئەمە جگە لەپەرلەمانی كوردستان وكوتلەی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ملیارێك بۆ هەر مانگ
(دزەیی) خەرجیەكانی هەرێمی كوردستانی لەماوەی مانگێكدا بە مووچە وپرۆژە وهەموو خەرجییەكانی دیكە بە یەك ملیار دۆلار خەملاند، ڕونیشی كردەوە ئەگەر نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ فرۆشرایە بازاڕەكانی جیهان بەهەمان ئەو قەبارەیەی كە دەدرێتە دەستی سۆمۆ ئەوا نزیكەی 800 تا 900 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر دەكات. بەم شێوەیە تەنها بەفرۆشتنی نەوت نزیكەی 90 لەسەدی پێداویستیەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت وداهاتی ناوخۆش تا ڕادەیەك ئەم بۆشاییە پڕدەكاتەوە. بەڵام ئەمەش وەك دزەیی ڕوونی كردەوە پێویستی بەكات هەیە.

قەرزی نێودەوڵەتی
گوتەبێژی حكوومەت ڕوونی كردەوە، پرسی قەرزی نێودەوڵەتی بریتیە لەخستنەڕووی (سەنەد) بەناوی هەرێمی كوردستان لەبازاڕەكانی جیهان، بۆ ئەم مەبەستەش وەك گوتەبێژ ڕایگەیاند جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی وژمارەیەك لەبەرپرسانی حكوومەتی هەرێم لە لەندەن چەندین گفتوگۆیان لەمبارەیەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە دامودەزگای نێودەوڵەتی ئەنجامداوە بۆ خستنەڕووی سەنەدی بانكی بەناوی هەرێم. لەم بارەیە گوتی "ئەم پرۆسەیە لەڕووی ئابوری وسیاسیەوە گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە چونكە دەبێتە هۆی پتەوبوونی پێگە وجێگەی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان و متمانە بە بازاڕی كوردستان و حكوومەتی هەرێم زیاتر دەكات ودەبێتە ڕێخۆشكەر بۆ سەربەخۆیی ئابووری".
لەبارەی ناڕەزایی هەندێك لایەنی سیاسیشەوە لەبارەی یاسای قەرزی نێودەوڵەتی، دزەیی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەرچی ئەم یاسایە چەند لایەنێكی سیاسی بەهەر بیانویێكەوە بێت دەنگیان لەسەر نەدا بەڵام دەرباز بوو وئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیەكی یاسایی هەیە بۆ ئەم مەبەستە وئاماژەی بەوەشدا لەدوایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دوای گەڕانەوەی شاندی حكوومی كە چووبوونە لەندەن، ئەم پرسە بە شێوەیەكی شەفاف خرایە بەردەم وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
روونیشیكردەوە بەپێی ماددەی پێنجەم وشەشەمی یاساكە، پێویستە لیژنەیەك دروست ببێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنی دارایی نێودەوڵەتی ودوای گفتوگۆكانی ئەم لیژنەیەش، بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی دەدرێت وهیواشی خواست بەزووترین كات بێت. هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە مەرج نیە هەموو ئەو پێنج ملیارەی یاسا ڕێگەی بەهەرێم داوە بۆ وەرگرتنی بەیەكجار وەربگیرێت بەڵكو ڕەنگە ڕێژەیەكی كەم وەكو یەكەمین هەنگاو وەربگیرێت وهەنگاو بە هەنگاو بڕەكە زیاتر بكرێت وئەو پارەیەی كە وەردەگیرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەیە كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراون.

گرفتی بەنزین
سەفین دزەیی ڕەتیكردەوە ئەمڕۆ شتێك هەبێت بەناوی قەیرانی بەنزین چونكە كێشەكە وا نەبوو كە گەورە كرا وهۆكارەكەیشی تەكنیكی بوو هەروەها گوتی "قەبارەی بەرهەمهێنانی هەردوو پاڵاوگەی بازیان وكەورگۆسك نزیكەی سێ ملیۆن و 200 لیترە و هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە نزیكەی شەش ملیۆن لیتر هەیە ڕۆژانە بۆیە پێویستی دەكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان چ ڕاستەوخۆ یانیش لەڕێی كۆمپانیاكان بۆشاییەكە پڕبكاتەوە وبەنرخی بازاڕ بیكڕێت وبەنرخی پاڵپشتی بیفرۆشێتە خەڵك، ئەمەش بارگرانیە لەسەر حكوومەت بەڵام ئەركی خۆیەتی ودەبێ بیكات".
ئاماژەی بەوەشدا جاری وا هەیە ئەم بەنزینە لەتوركیا دێت وجاری واش لە ئاسیای ناوەڕاست وبەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی بەهۆی دواكەوتنی هاتنی ئەم بەنزینە لە ئیماراتەوە بۆ توركیا وای كرد لە هەندێك شوێن سەرەگرتن بۆ بەنزین زیاتر بێت. هاوكات ڕوونیشی كردەوە کە مەترسی دروستبوونی قەیران دەبێتە هۆی داواكردنی بڕێكی زیاتر لە بەنزین وهەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە، هەروەها هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی تیادایە ولەوەرزی هاویندا بەشێكی زۆری شوفێران ئەگەر هەموویان نەبن ساردكەرەوەی ئۆتۆمبێل كار پێدەكەن ورێژەیەكی زۆری بەنزین سەرف دەكرێت.

توركیا ڕێگر نەبووە
وتەبێژی فەرمی حكوومەت هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە گوایە توركیا لە گەیشتنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان ڕێگر بووبێت بەڵكو وەك ڕایگەیاند توركیا ئاسانكاری زۆری لەبواری ئابوری وبازرگانی ووەبرهێنانی بۆ هەرێمی كوردستان كردووە، بەبەڵگەی ئەوەی ئێستا قەبارەی بازرگانی وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و توركیا نزیكەی 10 ملیار دۆلارە كە حەفت تا هەشت ملیاری بۆ هەرێمی كوردستانە. توركیا زۆر سوودی لەهەرێمی كوردستان وەرگرتووە وهیچ ڕێگریەك ناكات.
هەروەها گوتی "دوای هەڵبژاردن، سەردانی توركیام كرد ولەگەڵ چەند لایەنێكی حكوومی وسیاسیش كۆبوومەوە، هەموو لایەنەكان پاڵپشتیان لە پەیوەندی باشی سیاسی وئابورین لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئیئتیلافیش دروست ببێت ئەوا لەسەر هەمان ڕێگە دەڕۆن چونكە یاسا وپلانی حكوومەت كاری پێدەكرێت نەوەكو كەسێك یان لایەنێك".

شكاندنی بنەمای سازان
سەفین دزەیی نیگەرانی خۆی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌، هه‌روه‌ك خۆی وه‌سفیكرد، شكاندی بنەمای سازان كه‌ له‌ 23ی حوزه‌یرانی ڕابردوو لەپەرلەمانی كوردستان ڕوویدا. ڕایگه‌یاند كه‌ لەگەڵ باوەڕی بە دیموكراسی و هەڵبژاردن، سازان گرنگترین بنەمایە كە پێویستە لەبابەتە چارەنووسسازەكان كاری لەسەر بكرێت وگوتی "بۆ هەر یاسایەك كە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت پێویستە بنەمای سازان ڕەچاو بكرێت. بەڵام ئەوەی لەپەرلەمان كرا بەهیچ شێوەیەك ڕەچاوی ئەم پرسەی نەكرد. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەم پرسە كاری نەكردۆتە سەر كار وئەدای حكوومەتی هەرێم بەڵكو حكوومەت بەیەك تیم لەسەر یەك كارنامە كاردەكات وسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی زۆری بەجێگری سەرۆك وەزیران ووەزیرەكان داوە وبەڕێزیان لەدوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش نیگەرانی خۆی لەمبارەیەوە بەڕاشكاوی نیشاندابوو وئاماژەی بەوە دابوو كە ئەوەی ڕووی دا بنەمای سازانی هەژاند، بەڵام نابێ ئەم كارە كاریگەری بەسەر ئەدای حكوومەت هەبێت بەڵكو دەبێ كاری زیاتر بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەموو خەڵك بكرێت بەروحیەتی یەك تیم".
دووپاتیشیكردەوە سەرۆك وەزیران هەمیشە جەخت لەسەر ڕیفۆرم بۆ كار وكارنامەی حكوومەت دەكات بەبێ هەبوونی گیانی تۆڵە سەندنەوە لەدژی حزب ولایەنەكی دیكە. وتیشی، سەرۆك وەزیران بەوردی ئاگاداری كاری هەموو وەزارەتەكانە وهەبوونی گلەیی وگازاندەی خەڵكیشی بە شتێكی ئاسایی زانی لەم بارودۆخەدا ودووپاتیكردەوە، ئەركی حكوومەتە گرفتی خەڵك چارەسەر بكات.

حكوومەت چی لە هەگبەدایە بۆ كەركووك؟
گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕایده‌گه‌ینێت كه‌ "لەساڵی 2003ـەوە تائێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەزۆر بواری جیاجیادا خزمەتی زۆری بەكەركووك گەیاندووە بەتایبەتی لەڕووی تەندروستی وپەروەردە ووزەشەوە ئەمە جگە لەهەڵگرتنی بەرپرسارێتی ئاسایشی كەركووك. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە ئەگەر بەغدا بەدابینكردنی بوودجەی كەركووك پابەند نەبوو ئەوا نەوتی كەركووكیش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەفرۆشرێت وهەرێمی كوردستانیش بوودجەی ئەم شارە وپارەی پیترۆدۆلاریش بۆ كەركووك دابین دەكات وگفتوگۆ لەگەڵ پارێزگاری كەركووك وئەنجومەنی پارێزگا بەردەوامن وهیواخوازین حكوومەتی بەغداش بەكردەوەكانی خۆیدا بچێتەوە ومووچەی هەرێمی كوردستان وكەركووكیش دابین بكات نەوەكو لێیان ببڕێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە موچەی شارەكانی ژێر دەستی داعش دابین دەکا.

هەواڵی پەیوەندیدار