٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەدەر لە بوودجە و داهاتی نەوت، 19 ملیار دۆلار گەییشتووەتە عێراق

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامی ‌لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناوی ئەو وڵاتانە ئاشكرا دەكات كە مینحەیان بە عێراق داوە وەكو یارمەتیی گەشەپێدان، لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەی گەیشتووەتە عێراق بە دۆلار لەلایەن ئەو وڵاتانەوە كە لە چەند پڕۆژەدا خەرج كراون.

(نەجیبە نەجیب) ئەندامی ‌لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە  ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ‌ساڵی 2003 تا 31ـی مانگی ئاداری ئەمساڵ بڕی ( 19,272,180,086 ) دۆلار وەكو مینحە لەلایەن بیست دەوڵەت و لایەنی نێودەوڵەتییەوە گەییشتووەتە عێراق بۆ یارمەتیی گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی عێراق، بەمەیش عێراق (6259 ) پڕۆژەی پێ ئەنجام داون بەپێی ئەو وەڵامەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە پێمان گەییشتووە بە نووسراوی فەرمیی دوای داواكردنمان"‌.
(نەجیب) ئاماژەی بە ناوی وڵاتەكان و بڕی پارە بە ‌دۆلار و ژمارەی پڕۆژەكان دا و گوتی: "ئەو وڵاتانەی ئەو مینحەیەیان بە عێراق داوە لەگەڵ ئەو بڕەی گەییشتووە، بەم شێوەیە بووە: ئەڵمانیا بە 2 پڕۆژە و ئیسپانیا بە 14 پڕۆژە، یەكیەتیی ئەورووپا بە 11 پرۆژە و دانیمارك بە 4 پرۆژە، سوید بە 64 پڕۆژە و كوێت بە 3 پڕۆژە، بەریتانیا بە 38 پڕۆژە و نەرویژ بە 15 پڕۆژە، ژاپۆن بە 159 پڕۆژە و ئیتاڵَیا بە 103 پڕۆژە، هەروەها بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بە 11 پڕۆژە و بەلجیكا بە 1 پرۆژە، سندقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاوكاریی منداڵان بە 64 پڕۆژە، كەنەدا بە 20 پڕۆژە و كۆریا بە 78  پڕۆژە، رێكخراوی گەشەپێدانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پیشەسازی بە 2 پرۆژە و هۆڵەندا بە 1 پڕۆژە، ئەمەریكایش بە 5424 پڕۆژە بووە، ئەو پارەی ئەو وڵاتانەیش بڕیاری ناردنیان داوە كۆی گشتی دەكاتە (17,748,592,714) دۆلار، بەڵام (17,384,625,997) دۆلار گەییشتووەتە عێراق و خەرج كراوە، لە بەرانبەریشدا 6014 پڕۆژە دیاری كراون".
ئەو ئەندامەی ‌لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان ئاماژەی بە و دوو سندوقە كرد كە لە دوای ساڵی 2003 بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق دروست كران و گوتی: "‌پاش ساڵی 2003 سندوقی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە لایەن نەتەوەیەكگرتووەكان دروست كرا بە 220 پڕۆژە بە گوژمەی (1,404,893,756 ) دۆلار، بەڵام ( 1,371,054,089 ) دۆلار خەرج كراوە لەگەڵ سندقی دووەم بۆ گەشەپێدانی عێراق لە لایەن بانكی نێودەوڵەتی بەڕێوە برا بە 25 پڕۆژە بە گوژمەی ( 518,800,000 ) دۆلار، بەڵام ( 516,500,000 ) دۆلار خەرج كراوە دواتر دەردەكەوێت كۆی گشتی دەكاتە 245 پڕۆژە كە گوژمەی (1,923,693,758 ) دۆلار، بەڵام (1,887,554,089 ) دۆلار خەرج كراوە بەمەش گشت پڕۆژەكان لەو ماوەیەدا دەكاتە (6259 ) پڕۆژە كە گوژمەی ( 19,672,286,470 ) دۆلاری بۆ تەرخان كرابوو، بەڵام ئەو بڕەپارەیەی گەییشتووەتە عێراق‌ بۆ خەرجكردن لەو پرۆژانە لەلایەن ئەو دەوڵەت و لایەنە نێودەوڵەتیانە دەكاتە (19,272,180,086 ) دۆلار.
پێوەست بەو بڕەی گەیـیشتـووەتە هـەرێمی كـوردسـتان، (نەجیبە نەجیب) ئاماژەی دا: "پێداچوونەوەیەك دەكەم و وێنەیەكم داوە بە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا بزانم بەشی خۆی وەرگرتووە یاخود نا، بەڵام تا ئێستا وەڵامم وەرنەگرتووە و دوای ئەو وەڵامەیش دەگەمە ئەنجام".
نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار