دەستیان بە خوێنی خەڵكی عێراق و پێشمەرگە سوورە.. دەگەڕێنەوە بۆ ناو پۆلیس

جەلەولا-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا دەڵێت، عەشیرەتی كروی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە و لە سەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە ٥٠ ئەفسەری ئەوان گەڕاونەتەوە، ئەمەیش لەجیاتی ئەوەی دادگەیی بكرێن كە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوورە و دەیشگەرێنەوە بۆ ناو دەستگا ئەمنییەكان.
(عامر رەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەندامانی عەشیرەتی كروی كار دەكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ جەلەولا و هەموو هەوڵێك بۆ ئەو مەبەستە دەدەن و من خۆم نووسراوێكم لایە كە ٥٤ ئەفسەر كە زۆرینەیان كروین، لە سەرەتای ئەم مانگەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناو پۆلیسی جەلەولا".
(رەفعەت) گوتیشی: "پێویستە دەستگا ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێم و بەغدا ئەو ناوانە لە فیلتەر بدەن و هەر كەسێك هیچی نەكردبێت ئاساییە بگەڕێتەوە، بەڵام كروییەكان زۆرینەیان تاوانیان ئەنجام داوە و دەستیان بە خوێنی خەڵكی عێراق و پێشمەرگە سوورە".
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی جەلەولا ڕوونیشی كردەوە، پێویستە ئەو جۆرە كەسانە دادگەیی بكرێن نەك بگەڕێنەوە بۆ سنوورەكە و لە دەستگا ئەمنییەكاندا كار بكەن.
زۆرینەی ئەندامانی عەشیرەتی كروی، لە كاتی هاتنی داعش بۆ ناوچەكەدا دەستیان لەگەڵ ئەواندا تێكەڵ كرد و شەڕی پێشمەرگەیان دەكرد و چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتیی سڤیل لەسەر دەستی ئەوان شەهید بوونە، بۆیە كورد تاوەكو ئێستا رازی نییە ئەندامانی ئەو عەشیرەتە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە.
بڵند ئیبراهیم




