پۆستی سوپاسالاری عێراق مافی كوردە.. بەغدا پابەند نەبێت، كورد لە سلكی سەربازی دەكشێتەوە

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، كورد ناوی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سوپاسالاری عێراق رەوانە كردووە بۆ حكوومەتی عێراق و لە ئێستادا تەنیا ماوە فەرمانی پێ دەربكرێت و ئەو پۆستە بۆ كورد یەكلا بووەتەوە.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، جێگری سەرۆكوەزیران (د. رۆژ نووری شاوەیس) ناوی شوێنگەرەوەی ئەو كە (ئەنوەر حەمەئەمین)ـە، نووسراوەكەی بردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لە ئێستادا تەنیا فەرمانی دەستبەكاربوونی ماوە دەربچێت".
(شاخەوان) گوتیشی: "پێویستە حكوومەتی عێراق پابەند بێت بەو كەسەی ئێمە دامانناوە، ئەگەر نا ئێمە لە سلكی سەربازی دەكشێینەوە".
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری زیاتر گوتی: "سەرۆكوەزیران لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نیشتیمانیدا باسی لەوە كردووە كاندیدی پۆستی سوپاسالاری عێراق كوردە و لە ئێستادا تەنیا ماوە فەرمانی بۆ دەربكەن، چونكە ئەوە مافی كوردە و ئەوان بۆیان نییە كەس لە شوێنی ئەو دابنێن".
ئەمەیش جەختکردنەوەیە لە كاتێكدایە، نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق راگەیاندراوێكی سەبارەت بە خانەنشینكردنی (بابەكر زێباری) دەركردووە و تێیدا باسی لەوە كردووە كە تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك لە شوێنی ئەودا نەكراوەتە سوپاسالاری عێراق.
بڵند ئیبراهیم




