٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: ٢٣ـی حوزێران ئیلتیزامنەكردن بوو بە بەڵێنەكان.. پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار بەرانبەر سەرۆكایەتیی هەرێمە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (فازڵ میرانی) رایگەیاند، "ئەوەی لە 23ـی حوزەیران ڕووی دا، ئیلتیزامنەكردن بوو بە بەڵێنەكان"، جەختیشی کردەوە کە پارتی و یەكێتی ئیتیفاقیان هەیە کە، پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار بەرانبەر سەرۆكایەتیی هەرێمە.

(فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی كۆتایی هەفتەی "كوردستان تی ڤی"ـیدا كە دوێشەو پەخش كرا، باسی لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی سیاسیی هەرێم كوردستان و پرسی سازان لە نێوان لایەنەكان و هەروەها گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەی كرد.

(میرانی) لە بەرایی گوتەكانیدا ڕایگەیاند، خودی پەرلەمان پێشتر بڕیاری دابوو كە ئەو پرسانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە دەبێ بە سازان یەكلا بكرێنەوە، نەك بە زۆرینە و كەمینە، چونكە بە گوێرەی تەوافوق كابینەی هەشت پێك هاتووە و سەرۆككۆمار بەر كورد كەوتووە. هاوكات بە هۆی ئەوەی دۆخی ئێستای كوردستان بە قۆناخێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت لەبەر زۆر هۆكار، بۆیە پێویستە كێشەكان و پرسەكان بە سازان چارە بكرێن و هەروەها ئەوەی لە 23ـی حوزەیران ڕووی دا، دەرچوون بوو لە سازان و قابیلی قبووڵ نییە.

(فازڵ میرانی) گوتیشی، "لە ڕاگەیاندنەكاندا هەندێ لە لایەنەكان بە شێوەیەك قسە دەكەن كە هەست بە بەرپرسیارەتی ناكەن، لە كاتێكدا ئێمە كۆمەڵێك تەحەدیاتمان لە پێشە، ئایا دەكرێ حزبێكی وەك پارتی خاوەن پێگەی جەماوەری و كورسی، پەراوێز بخرێت؟ ئەم كارەیان بەم شێوەیە سەر ناگرێت و دەبێ بە شێوەیەكی مەنتیقی بیر بكەنەوە، نەك عاتیفی".

لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا (میرانی) ڕایگەیاند، "دەبێ دووربینانە لە شتەكان بڕوانین و هەروەها ئێستایش نەچووە، بچێ و چارەسەر زۆرن، بەڵام ئەگەر نیەت باش بێت و هاوكات بیركردنەوەی هاوبەش، بڕیاری هاوبەشی لێ دەردەچێت و ئێمەیش پێمان باشە سەرۆك تاوەكو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی داهاتوو لە كاری خۆیی بەردەوام بێت".

گوتیشی، "هەروەك لە مونتەلەقی دیموكراسییەوە دەبێ گەل سەرۆك هەڵبژێرێت، چونكە ملیۆن و نیوێك خەڵك دەنگ بدات یان سەدویازدە پەرلەمانتار؟".
لە درێژەی قسەكانیدا (میرانی) ڕووونیشی كردەوە، "ئەوەی لە 23ـی حوزەیران ڕووی دا، ئیلتیزامنەكردن بوو بە بەڵێنەكان و هاوكات ئێمە لەگەڵ یەكێتی ئیتیفاقمان هەیە، سەرۆكایەتیی كۆمار بەرانبەر سەرۆكایەتیی هەرێمە".

لە بارەی نیگەرانیی هاووڵاتیانیشەوە بە هۆی ئەم دۆخەوە، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتی، "هاووڵاتیان حەقی خۆیانە لەم دۆخە نیگەران بن، چونكە قۆناخەكە بە هۆی زۆر شتەوە هەستیارە و كوردستان لە ساڵی 1998ـەوە بە سازان بەڕێوە دەچێت و ئێمە تەحەدییاتی زۆرمان لە پێشە و دوورگەیەكین لەناو دەریادا".
(میرانی) پرسیاری ئەوەیشی كرد كە، سەرۆكبوون پڕۆتۆكۆڵی بۆ چییە و سەرۆكی هەرێم كاری كێی تێك داوە؟ هاوكات هەموو كەس نابێت بە (كاك مەسعوود) هەروەك چۆن دكتۆر (فوئاد مەعسووم) نابێـت بە (مام جەلال).

لە تەوەرێكی دیكەی بەرنامەكەدا سكرتێری مەكتەبی سیاسی باسی لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و شەڕی داعش كرد و ڕایگەیاند، "لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەبێ دۆخی پێشمەرگە چاك بكەین".
هەروەها باسی لە پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە كرد و سوپاسی تەواوی ئەو وڵاتانەیشی كرد كە یارمەتییان داوین لە ڕووبەڕووبونەوەی داعش و گوتی، "هەر زوو (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، ئێمە ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی تیرۆریستی بووینەتەوە و ڕوونیشی كردەوە كە ئێمە شەڕ بۆ ئەمەریكا ناكەین، بەڵكو شەڕ بۆ گەلەكەمان دەكەین".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێریش، (میرانی) دووپاتی كردەوە، "تا ئەقڵییەتی حكومڕانی وەها بێت لە بەغدا، كێشەكان بەردەوام دەبن و هەروەك ئێمەیش قوربانی جوگرافیای سیاسین و هەر گۆڕانكارییەك لە وڵاتانی دراوسێ كاریگەری لەسەر ئێمەیش دەبێت".
لەبارەی توركیا و دۆخی ڕۆژئاوایشەوە گوتی، "ئێمە پیرۆزباییمان لە هەدەپە كرد لە هەڵبژاردنەكان و پارتییش یارمەتی زۆری پەكەكەی داوە و (ئەردۆغان)ـیش هەڵەی كرد كاتێ لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن پشتی لە كێشەی كورد كرد، ڕۆژئاوایش دژی توركیا نییە و توركیایش بە بێ بوونی بڕیاری نێودەوڵەتی ناتوانێ ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوا دروست بكات و ئێمەیش لەگەڵ میللەتی خۆمانین لە پارچەكانی دیكە".
 

هەواڵی پەیوەندیدار