داعش ڕادیۆی قەدەخە كرد

مووسڵ-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕەوشی شاری مووسڵ دەڵێ، لە بەیانیی ئەمڕۆوە تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ بە چڕی بڵاو بوونەتەوە و دەست بەسەر رادیۆ لەنێو بازاڕ و دوكانەكاندا دەگرن.
(سەعید مەموزینی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ لەنێو شاری مووسڵ تیرۆریستانی داعش بە چڕی بڵاو بوونەتەوە و خەڵك دەستگیر دەكەن، هەروەها ناسنامە لە خەڵكی وەردەگرن و دەستیش بەسەر ئامێری رادیۆدا دەگرن، بۆ ئەوەی خەڵكی نەیكڕن و ئەوەی بیشیكرێت سزای دەدەن تاوەكو لەو هێزە داببڕێن كە دەیەوێ شاری مووسڵ ئازاد بكات".
ئەو بەرپرسەی ڕاگەیاندی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ئەو منداڵانەی مەشقیان پێ كردبوون، بەنێو گەڕەك و كۆڵانەكاندا بڵاوەیان پێ كردوون تا زانیاری لەسەر خەڵكی كۆ بكەنەوە.
(مەموزینی) زیاتر گوتی، لە ناوچەی بێجییەوە ئەمڕۆ 61 لاشەی تیرۆریستانی داعش گەڕاونەتەوە بۆ شاری مووسڵ.
جێی ئاماژەیە، دوێنێ هەینی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لە ئاسمانی شاری مووسڵ بەیاننامەیان بۆ خەڵكی موووسڵ فڕێ دایە خوارەوە و تێیدا باسی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ كراوە و سەعاتی سفر دانراوە، هەروەها دڵنیایی دراوە بە هاووڵاتیانی ئەو شارە لە پاراستنیان و هەروا داوایان لێ كراوە ئامێری رادیۆ بكڕن بۆ ئەوەی ئاگاداری رێنماییەكان بن لە كاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەدا.
نەشوان بەرزنجی




