عەلی عەونی: بڕیار نییە ئەم وڵاتە بەپێی خەون و خەیاڵی هەندێك كەس بەڕێوە بچێت

هەولێر-KDP.info- (عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، پێوەست بە دانوستانی حەفتەی داهاتووی لایەنەكان دەڵێت، ئەگەر 4 حزب و 40 حزبیش رایەكی هەڵە بڵێن، زرۆیی ژمارەكە نیشانەی دروستیی هەڵەكە نییە، هەڵە هەر هەڵەیە، رایەكی راستیش ئەگەر كەسێكیش بیڵێ، رایەكی دروستە. دەشڵێت، پارتی سوورە كە بەرگری لە ماف و ئیرادەی ئەو خەڵكە و خۆیشی بكات، دەیشبێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو خەڵك هەڵبژێردرێ.
(عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رووی مەبدەئییەوە پارتیی دیموكراتی كوردستان هێشتا دەرگاكانی بۆ دانوستان ئاوەڵان لەپێناو سازانی نیشتمانی و پێكەوەسازان لەو وڵاتەدا، لەگەڵ ئەوەیشدا پارتی پڕۆژەی خۆی هەیە، ئەمەیش مافی ئەو میللەتەیە سەرۆكی هەرێم خەڵك هەڵیبژێرێت، هەتا ئەگەر سیستەمەكەیش بگۆڕین، دیسان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ناو خەڵك كە ئەوان رازین ریفراندۆمێك بكرێت كە پێیان خۆشە سەرۆكی هەرێم پەرلەمان هەڵیبژێرێ یان خەڵك خۆی هەڵیبژێرێ، پارتی پێی وایە میللەت هەڵیبژێرێ یاساییترە، دەنگی خەڵك دیموكراتیترە، ئەگەریش لەناو پەرلەمان بێت، ئەوا وەكو ئەوەی لوبنانی لێدێت كە ئەوە زیاتر لە 20 كۆبوونەوەیان كرد هێشتا نیسابیان بۆ دروست نەبووە لەبەر ململانێی حزبی و نەیانتوانیوە سەرۆكی خۆیان دابنێن، ئەگەر بۆ سەرۆك خەڵك دەنگی بدایە، لە یەك رۆژدا یەكلا دەبووەوە".
پێوەست بە سازانی نیشتمانیی لایەنەكانیش (عەونی) گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ پارتی هەنگاوی بۆ دەنێ، ئاشتی و تەبایی گشتییە و سازان و پێكەوەگونجانی سیاسییە لەم وڵاتەدا، بڕاریش نییە پێوەری سازان و پێكەوەگونجان ئەوە بێ كە گۆڕان دەیڵێ، چونكە ئەم سەرۆكە كە لە پەرلەمان هەڵبژێردرابوو، هەر ئەو گۆڕانە بوو فەرتەنە و فەوزایەكی نایەوە كە نابێ (سەرۆك) لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئێستا (سەرۆك) خەڵك هەڵی بژاردووە دیسان ئەو فەرتەنەیان دروست كردووە و دەڵێن، نابێ (سەرۆك) خەڵك هەڵیبژێرێ، بە راستی بڕیار نییە ئەم وڵاتە بەپێی خەون و خەیاڵی هەندێك كەس بەڕێوە بچێت".
سەبارەت بە داوای ئەو یەك دوو لایەنەی كە دەڵێن، دەبێ سەرۆك لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، (عەلی عەونی) دەڵێ، ئەگەر 4 حزب و 40 حزبیش رایەكی هەڵە بڵێن، زۆریی ژمارەكە نیشانەی دروستیی هەڵەكە نییە، غەڵەت هەر غەڵەتە، ڕایەكی راستیش ئەگەر 1 كەسیش بیڵێ، رایەكی دروستە. پارتیی دیموكراتی كوردستان سوورە كە بەرگری لە ماف و ئیرادەی ئەو خەڵكە و خۆی و رەئی خۆیشی بكات".
لهبارهی بە هەنگاوی ئەو لایەنانەیشهوه كە چاودێران وا خوێندنەوەی بۆ دەكەن دەخوازن پارتی لە نیقاشەكە بكەنە دەرەوە، ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "پارتیی دیموكراتی كوردستان پێی وایە كە دەبێت هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی هەبێت دەستەڵاتی هەبێت و (سەرۆك بارزانی)ـیش كاندیدی ئێمەیە، بەڵێ ئەوان بەدوای رێگایەكدا دەگەڕێن كە چۆن پارتیی دیموكراتی كوردستان لە نیقاشەكە بكەنە دەرەوە و نیقاشەكەیشیان لە مێشكیاندا ئەوەیە و بەدوای رێگایەكەوەن، كە چۆن پارتیی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی نیقاشەكە بێت. بەپێچەوانەی ئەوانەوە پارتیی دیموكراتی كوردستان بەدوای ئەوەوەیە كە وڵات چۆن بە ئارامی بەڕێوە بچێت، دەبا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێ و ئەوان لێنەگەرێن (سەرۆك بارزانی) دەربچێ".
گوتیشی: "ئێمە جارێ لە كوردستان یاسایەكمان هەیە كە سەرۆكی هەرێم بە هەڵبژاردن بێت، ئەم یاسایە هەیە ئەگەریش هەتا 19/8 حزبەكان نەیانتوانی رێكك بكەون، ئەم یاسایە كاری پێ دەكرێت و سەرۆكیش داوای هەڵبژاردنی كردووە، راستە كۆمیسیۆنی هەرێم گوتوویەتی ئیمكانیاتمان نییە، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەیە و ئیمكانیاتیشی هەیە و داوایش لە ئەوان دەكەین بێن هەڵبژاردن بكەن".




