سودان کۆنسووڵی گشتیی وڵاتەكەی لە هەولێر دیاری کرد

هەولێر-KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (محەمەد عومەر) باڵیۆزی سودان لە عێراق و باڵیۆز (یاسین عەوەز) كۆنسووڵی گشتیی سودان لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی سودان لە عێراق دڵخۆشیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و سەرسامی خۆی بەرامبەر پێشوەچوونەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا خستە ڕوو، جەختی لەوەش كردەوە كە سودان گرنگییەكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات بە شێوەیەك باڵیۆزێكی وڵاتەكەی لە كۆنسووڵخانەی خۆی لە هەولێر دادەنێت. ئامادەیی وڵاتەكەیشی بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا پیشاندا.
هەروەها نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگە شەهیدانە كرد كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر شەهید بوونە و هاوكاریی هەموولایەكیشی بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییە دووپات كردەوە. ئاماژەی بەوەش دا كە سەرەڕای ئەو بارقورسییەی لەسەر هەرێمی كوردستانە، بەڵام خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیان لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران كردووە و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاری بۆ دابین كردوون كە ئەمەش جێگەی ڕێز و پێزانینە.
كۆنسووڵی گشتیی سودانیش خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە هەرێمی كوردستان دەست بە كار دەكات و دووپاتی كردەوە كە هەوڵی جیددی دەدات نزیكبوونەوە لەنێوان هەردوو گەلی كوردستان و سودان دروست بكات و، بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم بۆئەوەی باشتر ئەركەكانی جێبەجێ بكات.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەتی سودانی كرد كە بە پلەی باڵیۆز كۆنسووڵی گشتیی خۆی لە هەولێر دیاری كردووە و، ئەمەش گرینگیدانی سودان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت و هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنسووڵی گشتیی سودان لە هەرێمی كوردستان و زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان خواست و، ئامادەیی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ هەر هاوكاری و ئاسانكارییەك پیشان دا.
هەروەها كورتەیەكی لەبارەی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دیكەی جیهان پێشكەش كرد و، خواستی هەرێمی بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان لە هەموو بوارەكاندا خستە ڕوو. سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش ئاماژەی بەو دا كە حكوومەتی هەرێم خوازیارە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات، بەڵام تا ئێستا بەغدا پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبووە كە لەنێوان هەردوولادا هەیە.




