٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود عوسمان: پەیامی سەرۆك بارزانی لە كاتی خۆیدا بوو.. پێویستمان بە یەكڕیزی و سازانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (د. مەحموود عوسمان) دەڵێت: "پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كات و ساتی خۆیدا بوو، كە داوا لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكات بسازێن و بگەنە ڕێگەچارەیەكی گونجاو، ئەمڕۆیش زیاتر لە هەموو كات پێویستمان بە یەكڕیزی و ڕێككەوتن و سازانە".

چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. مەحموود عوسمان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە ڕای من پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی زۆر باش و لە كات و ساتی خۆیدا بوو، كە داوا لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكات بسازێن و بگەنە ڕێگەچارەیەكی گونجاو، هەروەها زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەكانیش داوای سازان دەكەن، بۆیە پێویستە پێكەوە بكەونە گفتوگۆ و هەوڵ بدەن كێشەكان بە سازان و ڕێككەوتن چارە بكەن، سەرۆكی هەرێمیش هەمان داوای لە لایەنەكان كردووە".
(د. مەحموود) هەروەها دەڵێ: "ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو كات پێویستمان بە یەكڕیزی و ڕێككەوتن و سازانە، چونكە ئێمە وەك شەڕی داعش بەرۆكی گرتووین، كێشەی ئاوارەكان و داراییمان هەیە، هەروەها تا ئێستایش لەگەڵ بەغدا نەگەییشتووینەتە ڕێككەوتن، بۆیە ئەمانە هەموو كێشەن، بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ ناكۆكی لە نێوان لایەنەكان كێشە دروست دەكات، چونكە پێویستە بۆ چارەكردنی ئەو كێشانە یەكگرتوو و یەكدەنگ بین، بۆ ئەوەی بتوانین هەموومان پێكەوە بەرەنگاری ئەو كێشانە ببینەوە".
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی، سەرۆكی هەڕێم ڕای وایە ئەو ڕەوشەی ئێستا تێیداین خراپە و دەیەوێت بگەنە ڕێگەچارەیەك، هەموو لایەنەكانیش داوای رێگەچارە دەكەن، ئەوەیش بە ڕێككەوتن و سازان چارە دەبێت، دەبێت لە كۆتاییدا هەر بگەنە ڕێگەچارەیەك، بۆ ئەوەی كوردستان لەو هەموو قەیرانانە رزگاری ببێت".
ئاماژەیشی دا: "بە ڕای من ڕێگەچارە ئەوەیە، هەموو لایەنەكان هەوڵ بدەن پێكەوە لەسەر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ڕێك بكەون، تا دەستوور دەردەچێت، هەروەها ئەو لیژنەیەی بۆ دەستوور دانراوە، كارەكانی خۆیان تەواو بكەن، كاتێك كە دەستوور دەرچوو، ئیدی دەستوور چۆنی نووسیوە بەو شێوەیە هەڵبژاردن بكەن، تا ئەو كاتەیش بە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم كار بكەن و هەمواری بكەن، كە هەر ئەو ڕێگەچارەیە هەیە".

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار