باوكی كوڕه ڕفێندراوێك: نوێنه‌ری په‌یه‌ده پێی‌گوتم لێره بچۆ ده‌ره‌وه، خۆیشت بسوتێنی بۆ ئێمه گرینگ نییه

سلێمانی-KDP.info- هاونیشتمانییەكی رۆژئاوای كوردستان لە بەردەم بارەگای پارتیی یەكێتیی دیموكرات PYD لە شاری سلێمانی، ئاگری لە جەستەی بەردا.
(وه‌لید عه‌بدولره‌حمان) تەمەن 43 ساڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 1-7-2015 ناڕەزایەتی دەربڕیوە و سه‌عات 6:45 خوله‌ك لە بەردەم بارەگای پارتیی یەكێتیی دیموكراتی PYD لە شاری سلێمانی ئاگری لە جەستەی بەرداوە.
(وه‌لید) لە بەردەم بارەگای PYD لە نیوەڕۆوە مانی گرتبوو.
(وه‌لید عه‌بدولره‌حمان) پاش ئه‌وه‌ی ئاگر له خۆی به‌رده‌دا، له لایه‌ن برایه‌كییه‌وه ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و دوای وه‌رگرتنی ده‌وا و ده‌رمانی پێویست باری ته‌ندروستی جێگیر بووه و به ته‌له‌ڤزیۆنی رووداوی گوت "هۆكاری خۆسووتاندنه‌كه‌م ئه‌وه بوو كه كوڕێكی بچووكم كه تەمەنی 15 ساڵانه به ناوی (برین)، له‌لایه‌ن PYDوه ماوه‌ی سێ رۆژه براوه‌ته نێو پارتیی كرێكارانی كوردستان PKK، بێ‌ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگامان لێی بێت، منیش بۆ گێڕانه‌وه‌ی چوومه باره‌گای PYD له سلێمانی و داوای كوڕه‌كه‌مم كرده‌وه، به‌رپرسی نووسینگه‌ی په‌یه‌دەش(غه‌ریب حه‌سۆ) پێی راگه‌یاندین كە كوڕه‌كه‌م له قه‌ندیله و ئه‌وان ده‌سته‌ڵاتیان نییه".
(وه‌لید عه‌بدولره‌حمان) كه 23% ی جەستەی سووتاوە، گوتیشی، "من وەك ناڕەزایەتی چوومە بەردەم بارەگای PYD، چونكە كوڕەكەم تاوەكو سه‌عات 09:00ی شەوی رابردوو لە رانیە بوو، بۆیە داوام لێ‌كردن بۆم بگەڕێننەوە؛ كوڕه‌كه‌م كاری ده‌كرد و كارتی مۆبایل و جگه‌ره‌ی ده‌فرۆشت، ئاخر نابێ مێرمندالێك كه ته‌نیا ١٥ سال ته‌مه‌نیه‌تی بڵێن خۆی بڕیاری داوه، له كوێی هه‌یه ١٥ ساڵیێك ئه‌گه‌ر بڕیاریشی دابێ، بۆ رای خانه‌واده‌كه‌ی نه‌گه‌ڕێنه‌وه.''
(وه‌لید عه‌بدولره‌حمان) ئەوەشی بە نوێنەرایەتیی PYD لە سلێمانی گوتووە "ئەگەر كوڕەكەشم بۆ ناگەڕێننەوە، رێگەم بدەن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بكەم، چونكە كوڕەكەم منداڵە و تەنها تەمەنی 15 ساڵە، بەڵام رێگەیان پێنەدام و گوتیان كوڕەكەت لە قەندیلە و ناتوانین هیچ شتێكت بۆ بكەین، بۆیه گوتم خۆم ده‌سوتێنم، به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌وان ئه‌وه بوو كه گوتیان، له ئۆفیسه‌كه بچۆ ده‌ره‌وه و خۆت ده‌سوتێنێ یان نا پێوه‌ندی به ئێمه‌وه و نییه به لامانه‌وه گرینگ نییه چ ده‌كه‌ی.''




